غەززە ''لە برسێتییدا'' دەمرێت
بەھۆی ئەو برسێتیی و بەدخۆراکيیەیەی ئیسرائیل بەسەر ناوچەکەدا سەپاندوویەتی، ژمارەی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان کە لە نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە تۆمارکراون، گەیشتە ١١٥ حاڵەت.

Istanbul
ئیستانبوڵ - AA
بۆ ڕێگریی کردن لە ڕووخانی بەکۆمەڵی دانیشتووانی کەرتی غەززە کە لەژێر هێرش و گەمارۆی توندی ئیسرائیلدایە و چەندین مانگە ڕێگریی لە چوونەژوورەوەی هاوکاريیە مرۆییەکان دەکرێت بۆ ناوی، ھەفتانە پێویست بە ٥٠٠ ھەزار فەردە ئارد هەیە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومەتی غەزز، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد ئەو بانگەشانەی لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاودەکرێنەوە کە گوایە گەمارۆی ئیسرائیل لەسەر ناوچەکە شکێندراوە و هاوکاريیە مرۆییەکان گەیشتوونەتە کەرتی غەززە، ڕاست نین.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوە کراوە قەیرانی برسێتیی لە کەرتی غەززە بەھۆی ئەوەی سوپای ئیسرائیل ماوەی ١٤٥ڕۆژە ھەموو دەروازە سنوورییەکانی بەڕوودا داخستووە، بەردەوام لە تەشەنەسەندندایە.
هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە ئیسرائیل بەردەوامە لە ڕێگریی کردن لە چوونەژوورەوەی هاوکاریيە مرۆییەکان و شیری منداڵان بۆ ناوچەکە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە بەھۆی ئەو برسێتیی و بەدخۆراکيیەی ئیسرائیل بەسەر ناوچەکەیدا سەپاندووە، ژمارەی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان کە لە نەخۆشخانەکان تۆمارکراون گەیشتووەتە ١١٥ حاڵەت و، هاتووە: "لە غەززە خۆراک و ئاو و دەرمان ئەوەندە کەمە حسابی نەبووی بۆ دەکرێت. بۆ ڕێگریی کردن لە ڕووخانی بەکۆمەڵی دانیشتووانی کەرتی غەززە، ھەفتانە پێویست بە ٥٠٠ ھەزار فەردە ئارد هەیە.
هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا تیشک خراوەتەسەر ئەوەی کە نیگەرانن لە بڵاوکردنەوەی بانگەشەی ناڕاست لەلایەن ژمارەیەک چالاکوان لە دەرەوەی کەرتی غەززە کە گوایە گەمارۆی سەر ناوچەکە شکێندراوە و سەدان بارهەڵگر کە هاوکاری مرۆییان هەڵگرتووە چوونەتە غەززە و، هاتووە: "تەواوی ئەو بانگەشە ناڕاستانە ڕەت دەکەینەوە".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن