عەلی باپیر: "ئەگەر دەوڵەتانی عەرەبی شەهامەتیان هەیە ئەوا پەیوەندییەکانییان لەگەڵ قەوارەی زایۆنی رادەگرن"
- سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، مامۆستا عەلی باپیر: "ئەو رۆژە دوورنابێت کە ئەم قەوارە زایۆنییە لە نیشتمانی ئیسلامییدا کۆتایی پێ بێت کە دەستی گرتووە بەسەر یەکەمین قیبلەی موسڵمانان و سێیەم حەڕەمی موسڵمانان کە مزگەوتی ئەقسایە".

Arbil
هەولێر - AA هێمن حوسێن
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەبارەی هێرشەکانی ئەم دواییەی سەربازانی ئیسرائیل بۆ سەر نوێژخوێنان لە مزگەوتی ئەقسا، رەخنەی توند لە وڵاتانی موسڵمان دەگرێت و راشیدەگەیەنێت کە دەبێت موسڵمانان زیاتر بگەڕێنەوە بۆ ئیسلامییەتی خۆیان، ئەگەر بیانەوێت زیاتر نیشانەی پرسیاریان نەکەوێتەسەر و زیاتر کەڕامەتیان نەوڕوشێت، پێویستە هەڵوێست وەربگرن، ئەوەشدەخاتەڕوو کە هەڵوێست وەرگرتن هەر ئەوەنیە کە ئیدانەی کردارەکە بکرێت، بەڵکو ئەگەر دەوڵەتانی عەرەبی شەهامەتیان هەیە ئەوا پەیوەندییەکانییان لەگەڵ قەوارەی زایۆنی هەڵپەسێرن و یارمەتی مەزڵوومە فەڵەستیانییەکان بدەن.
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، مامۆستا عەلی باپیر لە چاوپێکەوتنێکی ئاژانسی ئانادۆڵو دا گوتی: "قەوارەی زایۆنی کە لە ساڵی ١٩٤٨ دامەزراوە و یەکەمین دەوڵەت کە دانی پێدانا وڵاتی ئەمریکا بوو، دواتر وڵاتانی فەڕەنسا، بەریتانیا و یەکێتی سۆڤیەتی ئەوکات، ئەو قەوارەیە بە ئازایەتی جوولەکە دروست نەبووە، بەڵکو بە دەست لەپشتدانی وڵاتانی زلهێز بەتایبەت ئەمریکا دروست بووە، خودی قەوارەکە گوزارشت لە گەلی جوولەکە ناکات، بەڵکو جووڵانەوەی زایۆنیزم و سەهیۆنیەت لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٩ بونیادنرا، کە بزووتنەوەی سەهیۆنی تەبەنی ئەوەیان کرد کە وڵاتێک دروست بکەن بۆ گەلی جوولەکە، هەڵبەتە پێشتر بیریان لەوە کردەوە کە یەکێک لە وڵاتە ئەورووپییەکان بکەنە گەلی جوولەکە، دواتر هاتنە سەر ئەوەی کە لە فەڵەستین دروستی بکەن و لەوێ ئاسانتریان دەست نەکەوت، واتا ئەو قەوارەیە هەر ریشە و بونیادنانەکەی زوڵم و ستەمێک بووە لە گەلی فەڵەستین کرا".
مامۆستا عەلی باپیر دەشڵێت: "ئەو قەوارەیە ناتوانێت بەردەوام بێت، مەگەر بە زەبر و زەنگ، چونکە لە بنەڕەتدا بەشەر دروست بووە، وا پێدەچێت کە ئەمریکا و ئەورووپا کاریان پێی هەبێت و هەندێک ئامانجی پێ دەپێکن و فشار لەسەر هەندێک دەوڵەت دروست دەکەن".
سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەربازانی ئیسرائیل بۆسەر مزگەوتی ئەقسا لە فەڵەستین، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان مامۆستا عەلی باپیر گوتی: "ئەوەی لەم مانگە روویدا، شتێکی نا لۆژیک بوو، خۆ کات قاتی نەبوو کە دەبێت هەر لەو کاتەدا کە منداڵەکان خەریکی تاعەت و عیبادەت بوون و بۆردوومانکرا، تا ئێستا شەهیدەکانی فەڵەستین بوونەتە ٢٨ کەس کە بەڕاستی شتێکی ناخۆشە و بەداخەوە پێم وایە ئۆمەتی پێغەمبەر (د.خ) لە رووی سیاسییەوە لێکهەڵوەشاوەتەوە، ئەگەرنا جوولەکە جورئەتی ئەوەیان نەدەکرد کە قەوارەی زایۆنی لەوێ بونیاد بنێن و بەم شێوەیە خەڵكی فەڵەستین ئازار بدەن، بەڵام پشتبەردانی ئەو دەوڵەتانەی کە لە وڵاتانی موسڵمانن و هەندێکیان پێشبڕکێیان کرد تا لە قەوارەی زایۆنی نزیک بن و بارودۆخۆیان لەگەڵ ئاسایی کردەوە بەتایبەت ئیماڕات، بەحرێن، سودان، سعوودیە و میسڕ کە وایانکرد جوولەکە بە تەماح بکەوێت، ئێستاش بابەتەکە وا گەورە بووە، ئینجا ئەوانە بەدەنگ هاتوون و رەخنە دەگرن".
لەبارەی هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبیشەوە، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان گوتی: "هەڵوێستەکان هیچ نین و هەمووی بریتییە لە رەخنەگرتن و ئیدانەکردن بەڵام هێشتا لەم بێدەنگییەی هەرێمی کوردستان باشترە، هەرچەندە لە ئاستی پێویستیشدا نین و ئەگەر بیانەوێت هەڵوێست وەرگرن، پێش هەموو شت ئەو دەوڵەتانەی کە بارودۆخیان لەگەڵ قەوارەی زایۆنی ئاساییکردووەتەوە ئەوا دەبێت بگەڕێنەوە بۆ خاڵی سفڕ، هەروەها با بێنن ئەو هەموو هاوکارییەی جوولەکە کە دەیکەن وەک بازرگانی و مامەڵەکردن و نەوت پێفرۆشتن ئەوا بێن ئەم جۆرە پەیوەندییانە رابگرن، نەک هەر لەگەڵ جوولەکە بەڵکو لەگەڵ ئەمریکا هەڵوێست وەربگرن، جا لە هەمووی سەیرتر وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پرسیاری لێ دەکرێت لەبارەی ئەو هێرشەی کە قەوارەی زایۆنی دەیکاتە سەر غەززە و موسڵمانان، ئەو دەڵیت رەخنە دەگرم لە حەماس و غەززە کە مووشەک دەگرێتە جوولەکە، دەڵێت نەدەبوو حەماس وا بکات. لە کاتێکدا ئەوەی حەماس کاردانەوەیە، جا ئەوە بەراستی مرۆڤ نازانێت چی ناوبنێت کە ئەمریکا و وڵاتانی دیکە گوێچکەی جیهانییان کەڕ کردووە لەسەر مافی مرۆڤ و ئازادی گەلان کەچی رەخنە دەگرێت لە حەماس کە دوو مووشەک دەگرێتە جوولەک بەڵام رەخنە ناگرێت کە ئەوان ئەو هەموو باڵەخانە دەڕووخێنن".
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا لەبارەی هەڵوێستی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەربازانی ئیسرائیل، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە پەندێکی کوردی وەڵام دەداتەوە کە دەڵێت 'گۆزە هەرچی تێدابێت، هەر ئەوەی لێ دەڕژێت' و، راشیدەگەیەنێت کە ئەوانەی ئەم وڵاتە بەڕێوەدەبەن، نێوانییان لەگەڵ خودا بێهێزە و لەمبارەیەوە دەڵێت: "سەبارەت بە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان، بەداخەوە، گۆزە چی تێدابێت هەر ئەوەی لێ دەڕژێت، ئەوانەی ئەم وڵاتە بەڕێوەدەبەن نێوانیان لەگەڵ خوای پەروەردگار زۆر بێهێزە یان هەر نیانە، پێیان وایە کە ئەگەر وا بکەن جوولەکە لێیان رازی دەبێت، ئەگەر جوولەکە لێیان رازی بێت ئەوا ئەمریکا خۆشیانی دەوێت، بەڵام دەرکەوت کە ئەوانە هەنگاوێکیان نا ئەمریکا لێیان رازی نەبوو، وەکو یاری مار و پەیژەکە، رەوانەی خاڵی سفری کردنەوە، دوایی بۆیان دەرکەوت کە نەخێر ئەمریکا هەرگیز کچی خۆی بەقوربانی کوڕی ئێمە ناکات، ئەوانە بەس دڵسۆزن بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان، ئەمریکا و ڵاتانی زلهێز لە راستیدا ئەو هەموو هێزەیان بۆ بە دونیادا بڵاوکردووەتەوە لە کاتێکدا بانگەشەی مافی مرۆڤ و ئازادی گەلان دەکەن".
لەبارەی چارەسەری ئەو بارودۆخەش، مامۆستا عەلی باپیر دەڵێت: "پێویستە موسڵمانان زیاتر بگەڕێنەوە بۆ ئیسلامییەتی خۆیان، ئەگەر بیانەوێت زیاتر نیشانەی پرسیاریان نەکەوێتە سەر و زیاتر کەڕامەتیان نەوڕوشێت، پێویستە هەڵوێست وەربگرن، هەڵوێست وەرگرتن هەر ئەوە نیيە کە ئیدانەی بکەن، بەڵکو ئەگەر دەوڵەتانی عەرەبی شەهامەتیان هەیە ئەوا پەیوەندییەکانییان لەگەڵ قەوارەی زایۆنی هەڵپەسێرن و یارمەتی مەزڵوومە فەڵەستیانییەکان بدەن".
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەی سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەبارەی پێشبینییەکانی بۆ داهاتووی بارودۆخەکە، دەڵێت: "تا ئێستا سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان قسەی کردووە، ئێرانیش قسەی کردووە، بەڵام پێموایە وڵاتانی عەرەبی بۆ ئەوەی زیاتر نیشانەی پرسیاریان نەکەوێتە سەر ئەوا بەناچاری دەبێت زیاتر خۆیان توند بکەن، چونکە پێموایە ئەم دۆخە زیاتر دەتەنێتەوە، رەنگە خەڵکی دیکە بێتە ناو هاوكێشەکەوە و، سەرەنجام ئەو رۆژە دوورنابێت کە ئەم قەوارە زایۆنییە لە نیشتمانی ئیسلامییدا کۆتایی پێ بێت کە دەستی گرتووە بەسەر یەکەمین قیبلەی موسڵمانان و سێیەم حەڕەمی موسڵمانان کە مزگەوتی ئەقسایە".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن