جيهان

شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی تاڵیبان و تیرۆریستانی داعش لە کابول

Sayed Khodaiberdi Sadat   | 04.10.2021
شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی تاڵیبان و تیرۆریستانی داعش لە کابول

Afghanistan

کابول - AA

لە کابول پایتەختی ئەفغانستان، شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی تاڵیبان و چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش رووی دا.

گوتەبێژی تاڵیبان و "بریکاری جێگری وەزیری رۆشنبیری"ی حکوومەتەکەی تاڵیبان، زەبیحوڵڵا موجاهید ئاماژەی بەوە کرد کە لە حەڤدەهەمین ناوچەی پۆلیسی کابول، ئۆپەراسیۆن بۆسەر رێکخراوی تیرۆریستیی داعش ئەنجامدراوە.

موجاهید باسی لەوە کرد کە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، حەشارگەی داعش خاپوور کراوە و ئەندامانی رێکخراوەکەش کە لە حەشارگەکەدا بوون، کوژراون.

گەواهیدەران باس لەوە دەکەن کە درەنگانی شەوی رابردوو لە ناوچەی خیرخانە لە کابول لە میانی پێکدادانی نێوان تیرۆریستانی داعش و هێزەکانی تاڵیباندا دەنگی تەقینەوە بیستراوە.

لە لایەکی دیکەوە، درەنگانی شەوی رابردوو لە دەروازەی مزگەوتی عیدگاه لە کابولی پایتەخت، بۆمبێک تەقییەوە و لە ئاکامدا، پێنج هاووڵاتی کوژران.

دوای ئەوەی تاڵیبان دەستی بەسەر ئەفغانستاندا گرت، رێکخراوی تیرۆریستیی داعش هێرشەکانی لەو وڵاتەدا زیادی کردووە.

هەروەها دوای ئەوەی تاڵیبان ئەفغانستانی کۆنترۆڵ کرد، داعش خوێناویترین کردەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حامد کارزای لە کابول ئەنجام دا.

لەو هێرشە تیرۆریستیەدا کە ٢٧ی ئاب کرایە سەر فڕۆکەخانەکە، لانیکەم ١٧٠ کەس کوژران کە ١٣یان سەربازی ئەمریکی بوون.

لە رۆژانی ١٨ و ١٩ی ئەیلوولی رابردوودا لە شاری جەلال ئاباد، چوار کەس بەهۆی تەقینەوەیەک کوژران.

بەرپرسانی تاڵیبان ئاماژە بەوە دەکەن کە داعش هەڕەشەی گەورەی لەسەر ئەفغانستان دروست نەکردووە و رێگە نادەن رێکخراوە تیرۆریستییەکان لەو وڵاتەدا کار بکەن.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın