جيهان, شیکردنەوە

شیکاریی - ئایا قۆناغێکی نوێ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دەست پێدەکات؟

لە ماوەی رابردوودا هاوکات لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکە و جیهاندا روودەدەن نەرمبوونی گوتاری نێوان تورکیا- میسر، دیدار و کۆبوونەوەی سەرۆکەکانیان دەکرێت وەک نیشانەی قۆناغێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ببیندرێت.

Prof. Dr. Cengiz Tomar   | 05.05.2021
شیکاریی - ئایا قۆناغێکی نوێ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دەست پێدەکات؟

Istanbul

ئیستانبوڵ- AA جه‌نگیز تۆمار

لە چەند هەفتەی رابردوودا کۆمەڵێک لێدوانی ئومێدبەخش دەربارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتوونەتە ئاراوە کە لە چەند ساڵی رابردوودا هاوشێوەیان نەبووە.

سەرۆکی پێشووی میسر، محەمەد مورسی کە ساڵی ٢٠١٢ لەڕێی هەڵبژاردنێکی دیموکراسییەوە دەسەڵاتی گرتەدەست، ساڵێک دواتر بە هاوکاری وڵاتانی کەنداو و ئەمریکا لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و زیندانی کرا. وەک کاردانەوەیەک دژ بەم کارە هاووڵاتییانی میسر رژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان کرد، بەڵام دەسەڵاتی سەربازیی ئەو وڵاتە هێرشی کردە سەر خۆپیشاندەران و دوای کوژرانی کەسانێکی زۆر بە زەبر و زەنگ کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان هێندرا.

تورکیا وەک وڵاتێک کە بەهۆی کودەتاوە زەبرێکی زۆری بەرکەوتووە، لە بەرامبەر کودەتا سەربازییەکەی میسر کاردانەوەی توندی نیشاندا. بەڵام لە ماوەی رابردوودا هاوکات لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکە و جیهاندا روودەدەن نەرمبوونی گوتاری نێوان هەردوو وڵات، دیدار و کۆبوونەوەی سەرۆکەکانیان دەکرێت وەک نیشانەی قۆناغێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ببیندرێت. بێگومان لێدوانەکانی شازادەی جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان دەربارەی ئێران و پێشوازی کردنی ئەرێنی بەرپرسانی تاران لە لێدوانەکانی بن سەلمان دەکرێت وەک بەشێکی دیکەی ئەو گۆڕانکارییانە تەماشا بکرێن. دەشێت ئەم بەرەوپێشچوونانەش ببن بە دامرکێنەرەوەی ئەو ئاگرەی چەندین ساڵە ناوچەکەی گرتوەتەوە.

وەک دەزاندرێت لە ئێستادا چوار دەوڵەتی بەهێز لە رۆژهەڵاتی ناوڕاستدان کە بریتین لە تورکیا، میسر، سعوودیە و ئێران. هەرچەندە تورکیا هاوشێوەی سعوودیە و ئێران نەوت و غازی سروشتی نییە بەڵام لە ئاستێکی پێشکەوتوودایە و لەڕووی ئابووری، تەکنەلۆجی، دیموکراسی و سوپاوە بەهێزترینی ناو ئەم وڵاتانەیە. بە مانایەکی گشتی دەکرێت تورکیا لە نێوان ئەم چوار وڵاتەدا وەک وڵاتێکی سوننەی میانڕەو بناسێندرێت. بەهەمان شێوە میسر یەکێکە لە وڵاتە سونییە میانڕەوەکانی ناو نیشتمانی عەرەب کە بەهۆی دانیشتووان، سوپا و کولتوورە دەوڵەمەندەکەیەوە نوێنەرایەتی ژیری و هێزی سەربازی جیهانی عەرەبی دەکات.

هەربۆیە دەگوترێت "لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبی میسر جەنگ و بەبێ سووریا ئاشتی نایەتە ئارا".

هەرچی وڵاتی سعوودیەیە لە پاڵ وڵاتانی دیکەی کەنداو، هێزێکی دارایی بەهێزی ناو جیهانی عەرەبییە و لە نێو پەیڕەوانی مەزهەبی سوننەدا نوێنەرایەتی بیروباوەڕی سەلەفی- وەهابی دەکات. لە بەرامبەریشدا وڵاتی ئێران نوێنەرایەتی نەتەوەی فارس و مەزهەبی شیعە دەکات لە ناوچەکەدا.

کۆبوونەوەکانی تورکیا-میسر کە سەرەتا لەنێوان دەزگاکانی هەواڵگریی دەستیپێکرد، لە چوارچێوەی دیپلۆماسیی رەمەزاندا هەردوو وەزیری دەرەوە پەیوەندیی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و، ئەوەیش کەشوهەوایەکی ئەرێنیی دروست کرد. سەردانەکەی ٥-٦ی ئایاری شاندی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بۆ میسر و کۆبوونەوەکانی داهاتوو لەسەر ئاستی وەزیران هەنگاوگەلێکن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات. ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکان هەم بۆ هەردوو وڵات هەمیش بۆ ناوچەکە گرنگیی خۆی هەیە. بەهۆی ساردی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا، میسر بە رێککەوتنی ناوچەی ئابووریی تایبەت (MEB) کە لەگەڵ یۆنان ئەنجامیدا لە دەریای ناوەڕاست ناوچەیەکی بە رووبەری پێنج هەزار کیلۆمەترچوارگۆشە لەدەستدا. هاوکات چالاکییەکانی تورکیا لە لیبیا کە دراوسێی میسر کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئەو وڵاتە هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا بابەتی گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆنی میسری و دەزگاکانی راگەیاندنی کە لە تورکیادان نەلای میسرەوە بابەتێکی جێ بایەخە. بەلای تورکیاشەوە میسر جێی بایەخێکی زۆرە.

هەردوو وڵاتی گەورە کە بە درێژایی مێژوو پەیوەندی باشیان هەبووە، لە قۆناغی بەهاری عەرەبیدا پێچەوانە بووەوە. لەو سەردەمەشدا حکوومەتەکەی دۆناڵد ترەمپ بەرەیەکی باشووری پێکهێنا هەم دژ بە ئێران هەمیش دژ بە تورکیا. ئەو تیمە کە بە بەشداری هەندێک وڵاتی کەندا و میسر پێکهات، ئیسرائیل پایەکی پێکدەهێنێت کە دژی ئێران و تورکیایە. لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست یۆنان و قوبرسی باشوور بەشدارییان کرد لەو بەرەیەدا دژ بە تورکیا. ئەگەر پەیوەندییەکانی تورکیا و میسر ئاسایی ببێتەوە، میسر کە پایەکی گرنگیی ئەو بەرەیەیە دەردەچێت و، بەرەی باشوور دژبە تورکیا کە دوای ترەمپ لاواز بووە بە تەواوی پەرتەوازە دەبێت.

سەرەڕای ئەوەی پەیوەندی نێوان تورکیا و سعوودیە بە تایبەتی بەھۆی کوشتنی رۆژنامەنووس جەمال خاشقچی گرژی زۆری بەخۆوە بينيبوو، لە ئێستادا نیشانەکانی نەرمبوونەوەی بەخۆوە بینیوە، بەڵام بڕیای سعوودیە بە داخستنی خوێندنگە تورکییەکان کە کەوتە بەرباسەوە، ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە ئەم ئاساییبوونەوە زۆر بە ئاسانی تێناپەڕێت. بەڵام، لێدوانەکانی ئەم دواییانەی شازادەی جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان سەبارەت بە سیاسەتەکانی وڵاتەکەی لە داھاتوودا ئەوە گۆڕانکاری لە گوتار بەدیدەکرا. بە تایبەتی لە دوای شۆرشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩وە وەڵامی سعوودیە بۆ سیاسەتەکانی دەرەوەی بنیاتنراو لەسەر مەزھەبگەرایی وەکو ھەناردەکردنی شۆرشی ئیسلامی و بڵاوبوونەوەی ھەژموونی شیعە تەنھا ناسەقامگیریی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست زیادنەکرد بەڵکو فۆبیای ئیسلامی لە ھەموو جیھان قوڵترکردەوە. رێکخراوەکانی وەکو قاعیدە، داعش، حەشدی شەعبی لەگەڵ ئوسامە بن لادن، ئەیمەن زەواھیری، ئەبوبەکر بەغدادی و قاسم سولەیمانی ناوگەلێکن کە لە ماوەکانی رابردوودا زۆر دەمانبیستن، لە راستییدا بە رێژەیەکی گەورە بەشێکن لە ئاڵۆزییەکانی پێکدادانی نێوان سعوودیە و ئێران. شەڕی یەمەنیش، نموومەیەکی بەرجەستەی کێشمەکێشی سەپاندنی دەسەڵاتی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە.

لەم رووەوە، لێدوانەکانی شازادەی جێنشینی سعوودیە جێگەی سەرنجە. محەمەد بن سەلمان کە جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت رووبەڕووی توندڕەوی ببنەوە گوتی "تەنھا دەگەڕێینەوە بۆ ئەو شوێنەی کە ساڵی ١٩٧٩ لێیبووین. ئیسلامێکی میانڕەو و کراوە بەرووی جیھان و سەرجەم ئایین و گەل دابونەریتییەكان پێشکەش دەکەین". ئەو گوتیشی، "ھەر ئەمرۆ توندڕەوی لەناودەبەین". ئەگەر ئەم لێدوانانە تەنھا گوتار نەبێت و بە کردار جێبەجێی بکات ئەوە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە سیاسەت ئەنجامدەدرێت. بەڵام ئەگەر مەبەست لە توندڕەوەکان ئۆپوزیسیۆن بێت، ئەوە خاڵێکە و دەبێت لەسەری بوەستین. ئەمەش کات نیشانماندەدات.

گوته‌كانی محەمەد بن سەلمان كه‌ رایگه‌یاندبوو، "نامانه‌وێت ئێران له‌ دۆخێكی سه‌ختدا بێت؛ به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ده‌مانه‌وێت ئێران گه‌شه‌بكات و خوازیارین به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شمان هه‌بێت. خوازیارین له‌پێناو هاندانی گه‌شه‌سه‌ندن و به‌ره‌وپێشچوون له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ و جیهان، ئێمه‌ له‌ ئێران و ئێرانیش له‌سه‌ر خاكی ئێمه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی دوولایه‌نه‌مان هه‌بێت" مایه‌ی سه‌رنجن. له‌پشت ئه‌م گوتانه‌وه‌ رۆیشتنی تره‌مپ و هاتنی بایدن كه‌ زیاتر خواستیه‌تی تواناكانی له‌سه‌ر رووسیا و چین چڕبكاته‌وه‌، رۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی هه‌یه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی شازاده‌ی جێنشین له‌ هه‌مان چاوپێكه‌وتندا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردبوو كه‌ هاوڕایی له‌نێوان وڵاته‌كه‌ی و ئه‌مریكادا به‌ رێژه‌ی له‌سه‌دا ٩٠ هه‌یه‌، ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ به‌ مانای ئه‌وه‌ بێت كه‌ چیتر به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئێران به‌ رابه‌رایه‌تی ئه‌مریكا به‌شێوازێكی جیاواز ئه‌نجامده‌درێت یان واتای ئه‌وه‌ بگه‌یه‌نێت كه‌ چیتر سعوودیه‌ له‌رێگه‌ی پشتیوانییكردن له‌ ره‌وته‌ سوننییه‌ په‌ڕگیره‌كان به‌ره‌نگاری ئێران نابێته‌وه‌.

ئه‌و گرفتانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی ئیسرائیلدا سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ و ده‌یان ساڵه‌ ده‌ره‌نجامی نه‌سازانی چوار وڵاتی میحوه‌ریی ناوچه‌كه‌ن، به‌ به‌شداریی هێزه‌ ده‌ره‌كییه‌كان، به‌ ته‌واوی مانا تێکوپێك ئاڵۆزكاون. تاكه‌ رێگه‌چاره‌ بریتییه‌ له‌وه‌ی سه‌ره‌تا ئه‌م چوار وڵاته‌ میحوه‌رییه‌، واته‌ توركیا، میسر، سعوودیه‌ و ئێران لانیكه‌م له‌نێوان خۆیاندا له‌سه‌ر كه‌مترینی هاوبه‌شه‌كان رێكبكه‌ون. تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌مه‌ روونه‌دات، هیچ گومانێك نییه‌ له‌وه‌ی هێزه‌ ده‌ره‌كییه‌كان (هه‌روه‌ك پێشتر) به‌رده‌وام ده‌بن له‌ به‌كارهێنانی گرفته‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌ ئاڕاسته‌ی ویستی خۆیان.

پرۆفیسۆر دكتۆر جه‌نگیز تۆمار، یاریدەدەری سه‌رۆكی زانكۆی نێوده‌وڵه‌تیی توركی-كازاخستانی ئه‌حمه‌د یه‌سه‌ڤی-یه‌.





ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın