جيهان

سەرکۆمار ئەردۆغان: "دژی ئەو دەستپێشخەریانە دەوەستینەوە کە هەوڵی تێکدانی ئارامیی ناوچەکەمان دەدەن"

سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: "ئەو پێشهاتانەی لە ناوچەکەماندا ڕوو دەدەن، ڕۆژ دوای ڕۆژ ئەوە دەسەلمێنن کە هاودەنگیی نێوان وڵاتەکانمان چەندە گرنگ".

Alper Şaşmaz, Merve Yıldızalp  | 28.05.2025 - نوێکردنەوە : 29.05.2025
سەرکۆمار ئەردۆغان: "دژی ئەو دەستپێشخەریانە دەوەستینەوە کە هەوڵی تێکدانی ئارامیی ناوچەکەمان دەدەن"

Ankara

لاچین - AA

سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ئاماژەی بەوە کرد ئەو پێشهاتانەی لە ناوچەکەماندا ڕوو دەدەن، ڕۆژ دوای ڕۆژ ئەوە دەسەلمێنن کە هاودەنگیی نێوان تورکیا-ئازەربایجان-پاکستان چەندە گرنگە.

سەرکۆمار ئەردۆغان کە بەبۆنەی ڕۆژی سەربەخۆیی ئازەربایجان سەردانی ئەو وڵاتەی کردووە، لەگەڵ سەرکۆماری وڵاتەکە، ئیلهام عەلیێڤ و سەرۆکوەزیرانی پاکستان، شاهباز شەریف کۆبوونەوەی سێ قۆڵیان ئەنجام دا.

لە گوتارێکیدا کە لە کۆبوونەوەکە پێشکەشی کرد، سەرکۆمار ئەردۆغان خۆشحاڵی خۆی نیشاندا کە لە میانی دووهەمین کۆبوونەوەی سێ قۆڵی تورکیا-ئازەربایجان-پاکستان کۆبوونەتەوە، کە یەکەمیان ساڵی ڕابردوو لە ئەستانا بەڕێوەچوو.

سەرکۆمار ئەردۆغان سوپاسی سەرکۆماری ئازەربایجان عەلیێڤی کرد بۆ میواندارییەکەی و پیرۆزبایی ڕۆژی سەربەخۆیی وڵاتەکەی لێکرد.

سەبارەت بە بواری گواستنەوە، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "(تورکیا-ئازەربایجان-پاکستان) بەیەکەوە هاوکاری دەبین بۆ پڕۆژەکانی ڕێگای گەشەپێدان، ڕێڕەوی ناوەڕاست و ڕێڕەوی گواستنەوەی باکوور-باشوور کە ڕەهەندێکی ستراتیجی زۆر گرنگی هاریکارییمان لە بواری گواستنەوەدا پێکدەهێنن".

هەروەها لە بارەی گرژیی پاکستان-هیندستان، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "هیوادارین ئەو ئاگربەستەی ڕاگەیەندراوە ببێتە مایەی ئاشتییەکی هەمیشەیی. تورکیا ئامادەی هەر هاوکارییەکە لە دەستی بێت لەم ڕێگایەدا پێشکەشی بکات".

سەرکۆمار ئەردۆغان هیوای خواست دوای ڕزگاربوونی ئەو ناوچانەی ئازەربایجان کە ٣٠ ساڵ لەژێر داگیرکارییدا بوون، ئیدی ناوچەکە ببێتە چەقی سەقامگیریی، خۆشگوزەرانیی و گەشەپێدان.

گوتیشی: "(تورکیا-ئازەربایجان-پاکستان) لە پێناو برەودان بە تواناکانمان، هاودەنگیی و کاری هاوبەش بەرامبەر سەختییەکان بژاردەیەک نییە، بەڵکو کارێکی پێویستە".

سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بە دۆخی غەززە کرد و، رایگەیاند: "جارێکی دیکە دەمەوێت جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە کە پێداگرین لە بەردەوامیدان بە بەرگرییکردن لە مافی منداڵان و خەڵکی بێتاوان کە لە غەززە بە ئاشکرا کۆمەڵکوژ دەکرێن و، دژی ئەو دەستپێشخەرییانە دەوەستینەوە کە هەوڵی تێکدانی ئارامیی ناوچەکە دەدەن".

ڕاشیگەیاند: "لێرەوە داوا لە هەموو جیهان دەکەین گوشارەکانیان لەسەر حکوومەتی ئیسرائیل زیاد بکەن بۆ بنیاتنانی ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە غەززە و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییە بەپەلەکان".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın