سەرکۆماری سووریا شەرع: "ناتوانرێت پاراستنی کوردەکان پەیوەست بکرێت بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکەوە"
سەرکۆماری سووریا، ئەحمەد شەرع: "پاراستنی کوردەکان بە تێکەڵبوون لەگەڵ ڕاستیی نوێی سووریا بەدی دێت".
Damascus
دیمەشق - AA
سەرکۆماری سووریا، ئەحمەد شەرع ئاماژەی بەوە کرد کە پاراستنی کوردەکان لە وڵاتەکەیدا ناتوانرێت پەیوەست بکرێت بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکەوە و، پاراستنی کوردەکان تەنیا لە ڕێگەی تێکەڵبوون لەگەڵ سووریای نوێ دەبێت.
تەلەڤیزیۆنی فەڕمی سووریا ئەلئیخبارییە، هەندێک بڕگەی چاوپێکەوتنێکی شەرعی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە، کە پێشتر کەناڵی شەمس تیڤی کە لە عێراق پەخش دەکات، بڵاوی نەکردەوە.
وەزارەتی ڕاگەیاندنی سووریا، ئاماژەی بەوە کرد ئەو کەناڵە بەهۆکاری سیاسیی چاوپێکەوتنەکەی پەخش نەکردووە و، وەزارەت مافی بڵاوکردنەوەی هەیە.
شەرع لە چاوپێکەوتنەکەدا باسی لەوە کرد کە هەموو گەلی سووریا قوربانیی ڕژێمی پێشوو بوون و، ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد یەکەم وەڵامی ڕاستەقینەیە بۆ ئەو ستەمەی کوردەکانی سووریا ڕووبەڕووی ببوونەوە.
"سەرسامم بە ئازایەتی کوردەکان و هیوادارم بەشێک لە سوپای سووریا لە کوردە ئازاکان پێکبێت" شەرع وای گوت و، ئاماژەی بەوە کرد لە ماوەی شۆڕشدا ئەوەی لە توانایدا بووە بۆ پاراستنی کوردەکان ئەنجامی داوە، تەنانەت ئەگەر لەو ناوچانەش بووبێتن کە لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندا نەبووە.
شەرع ئەوەیشی خستەڕوو کە زۆرینەی ئەندامانی یەپەگە/سەدەگە سەر بە قەندیل و ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکەن و فەرمان لە قەندیلەوە وەردەگرن.
هەروەها شەرع تیشکی خستە سەر پێکهاتە فرە-سەرکردایەتییەکەی یەپەگە/سەدەگە و، گوتی: "چی دەڵێن با بیڵێن، پەیوەندییەکی ڕوونیان لەگەڵ قەندیل هەیە. هێزی ڕاستەقینەی بڕیاردان لای هێزێکی سەربازی و ئەمنییە لە ناو ڕێکخراوەکەدا. هەموو بیرکردنەوەکانیان لە دەوری بابەتە سەربازی و ئەمنییەکان دەسوڕێتەوە. ئایا پاراستنی کوردەکانی سووریا لە ڕێگەی قەوارەیەکی سەربازییەوە دەبێت؟ یان لە ڕێگەی ڕێکخراوێکی دەرەکی کە ٤٠-٥٠ ساڵە کێشەی لەگەڵ تورکیا هەیە و لە دەرەوە هاتووە؟ سووریا ناتوانێت تێچووی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لەسەر خاکی خۆی لەئەستۆ بگرێت".
سەرکۆماری سووریا شەرع، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پاراستنی کوردەکان بە تێکەڵبوون لەگەڵ سووریای نوێ دەبێت و، گوتی: "ئایا پاراستنی کوردەکانی سووریا بە پەیوەستکردنیان بە کێشەیەکی دەرەوەی سنوورەکان واتە پەکەکە کە هێرش دەکاتە سەر هەندێک لە وڵاتانی دراوسێمان، یان بە پڕچەککردنی منداڵان و سەربازیی زۆرەملێی ژنان و پیاوان و دواتر ئاڵۆزکردنی دۆخەکە لەگەڵ دەوڵەتی سووریا بەدی دێت؟ پاراستنی کوردەکان بە تێکەڵبوون لەگەڵ ڕاستیی نوێی سووریا بەدی دێت".
شەرع خواستی خۆی نیشاندا کە کورد لە پەرلەمان، وەزارەتەکان و هەموو ئاستەکانی دەوڵەت وەک کەرتی ئەمنیی ببینێت و، گوتی: "ئەگەر دەوڵەتی سووریا دەرگا لە کورد دابخات و بڵێت کوردمان لە سووریا ناوێت، نامانەوێت کورد بەشداری لە دەسەڵاتدا بکات، ئەو کاتە مافی ئەوەیان دەبێت بەدوای بژاردەی دیکەدا بگەڕێن. ئایا دروست کردنی تونێل و چاڵ لە ناوەڕاستی ئەو گەڕەکانەی حەلەب کە زۆرینەی کوردن لەلایەن ڕێکخراوێکی چەکدارەوە دەبێتە چارەسەر؟ ئێمە هەوڵ بۆ ئاوەدانی و گەشەپێدانی حەلەب دەدەین".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
