سوپای ئیسرائیل بۆ هەڵگرتنی زانیارییەکانی سەر غەززە و فەڵەستینیەکان سێرڤەری ئەمازۆن کلۆود بەکاردەهێنێت
لە دوای هێرشەکانی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە بۆ سەر غەززە، کڕینی خزمەتگوزاری لە گووگڵ کلاود، ئەمازۆن وێب سێرڤیس و مایکرۆسۆفت ئەزۆر لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
Ankara
ئەنقەرە - AA
بەهۆی زیادبوونی داتای هەڵگیراو سەبارەت بە فەڵەستینییەکان و غەززە، دەرکەوت کە سوپای ئیسرائیل سێرڤەری ئەمازۆن کلۆود و سیستمی ژیری دەستکردی مایکرۆسۆفت و گووگڵی بۆ پۆڵێنکردن و فلتەرکردنی زانیارییەکان بەکارهێناوە.
دەزگاکانی ڕاگەیاندنی "+972 Magazine" و "Local Call" دەستیان بە تۆماری دەنگی کۆبوونەوەی فەرماندەی ناوەندی سیستمی زانیاری سوپای ئیسرائیل، عەقیدی ڕاچێلی دێمبینسکی ڕاگەیشتووە کە لە ١٠ی تەمووزدا لە تەل ئەبیب لەگەڵ نزیکەی ١٠٠ سەرباز و کارمەندی پیشەسازی سەربازی ئەنجامیداوە.
ناوەندی سیستمی زانیاریی، چاودێری و ڕێکخستنی هەموو پرۆسەکانی کارپێکردنی زانیارییەکان بۆ سوپای ئیسرائیل دەکات.
ئەو تۆمارە دەنگییەی دێمبینسکی بۆ یەکەمجار بۆ ڕای گشتیی پشتڕاست کردەوە کە سوپای ئیسرائیل لە هێرشە بەردەوامەکانیدا بۆ سەر کەرتی غەززە کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە دەستیپێکردووە، خزمەتگوزارییەکانی هەڵگرتنی زانیاری ناو کلۆود و ژیری دەستکرد کە لەلایەن کۆمپانیا گەورەکانی بواری تەکنەلۆجیای مەدەنییەوە پێشکەش دەکرێن، بەکاردەهێنێت.
لە تۆمارە دەنگییەکەدا کە لۆگۆکانی "Amazon Web Services (AWS)" و "Google Cloud" و "Microsoft Azure" یەکی دووجار ئاماژەیان پێکراوە و خراونەتەڕوو، تیایدا دێمبینسکی ئاماژە بەوە دەکات کە لە چالاکییەکانی سوپادا "کلۆودی کارپێکردن"یان بەکارهێناوە کە بە شێوەیەکی ئاسایی لەسەر سێرڤەرە سەربازییە ناوخۆییەکان کاریان پێدەکرێت.
ئەم کلۆودی ناوخۆییە ئەپڵیکەیشنەکانی دیاریکردنی ئەو ئامانجانەی بۆردومان دەکرێن، پۆرتاڵێک بۆ بینینی وێنەی ڕاستەوخۆ لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە لە ئاسمانی غەززە و سیستمی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردن لەخۆدەگرێت.
لەو تۆمارە دەنگییەدا دێمبینسکی باس لەوە دەکات کە سوپا لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمدا قورساییەکی زۆری لەسەر سیستمەکانی سەربازی ناوخۆیی دروست کردووە، ئەوەیش کێشەی تەکنیکی لێدەکەوێتەوە کە مەترسین بۆ سەر هێواشبوونەوەی توانا سەربازییەکان.
لە دوای هێرشەکانی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە بۆ سەر غەززە، کڕینی خزمەتگوزاری لە گووگڵ کلاود، ئەمازۆن وێب سێرڤیس و مایکرۆسۆفت ئەزۆر لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
هەروەها دێمبینسکی باس لەوە دەکات کە کارکردن لەگەڵ ئەم کۆمپانیا تەکنەلۆجیانەدا "کاریگەری ئۆپەراسیۆنی زۆر گرنگ"ی بە سوپا بەخشیوە لە کەرتی غەززە.
لە مانگی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا، کۆمپانیا گەورەکانی هەڵگرتنی زانیاری کلۆود، خزمەتگوزارییەکانی هەڵگرتنی زانیاری و ژیری دەستکردیان پێشکەش بە یەکەکانی هەواڵگری سوپا کردووە.
بەپێی سەرچاوەکان، سیستمەکانی هەڵگرتنی کلۆودی ئەمازۆن دەستەبەری ئەوە دەکەن سوپا زانیاری هەواڵگری لەسەر نزیکەی هەموو کەسێک لە غەززە بەشێوەیەکی بێسنوور هەڵبگرێت.
