دیوانی دادی نێودەوڵەتی: "ئیسرائیل بە ڕێگریکردن لە یارمەتییە مرۆییەکان، برسێتی وەک چەکێک لە غەززە بەکار دەهێنێت"
- دیوانی دادی نێودەوڵەتی: "ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەھاناوەچوون و کارپێکردنی پەنابەرانی فەڵەستین (UNRWA) دامەزراوەیەکی گرنگی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکانە بۆ ناوچەکە و بانگەشەکانی ئیسرائیل لەبارەی بێلایەن نەبوونی ئاژانسەکە بێ بنەمایە".
Ankara
لاهای / قودس - AA
دیوانی دادی نێودەوڵەتی (ICJ) تێبینی ڕاوێژکاریی خۆی لەبارەی بەرتەسککردنەوەی کاریی ڕێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها ڕێگریکردن لە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە دەربڕی و ڕایگەیاند، ئیسرائیل ئەوە وەک چەکێک بەکار دەهێنێت و ئەو کردەوانە بە پێچەوانەی یاساکانی نێودەوڵەتییە.
سەرۆکی دیوانی دادی نێودەوڵەتی، ئیواسا یوجی، ڕاپۆرتی ڕاوێژکاریی خۆیان لە دانیشتنێکدا کە لە کۆشکی لاهای بەڕێوەچوو، بۆ ڕای گشتی خوێندەوە. لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەرانی تورکیا، نەتەوە یەکگرتووەکان، فەڵەستین و دیپلۆماتکارانی چەندین وڵات بەشدار بوون.
دیوان دادی نێودەوڵەتی وێڕای ڕەتکردنەوەی سکاڵای وڵاتانی لایەنگری ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە ئەوە تەنیا هەڵسەنگاندنێکی یاسایی و مافناسانەیە و ڕەهەندی سیاسی نییە.
لە دەقی تێبینی ڕاوێژکارانی دیوانی دادی نێودەوڵەتیدا هاتبوو کە، ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەھاناوەچوون و کارپێکردنی پەنابەرانی فەڵەستین (UNRWA) دامەزراوەیەکی گرنگی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکانە بۆ ناوچەکە و بانگەشەکانی ئیسرائیل لەبارەی بێلایەن نەبوونی ئاژانسەکە بێ بنەمایە و هیچ بەڵگەیەک لەم بارەیەوە بوونی نییە.
دیوانەکە وەبیریشی هێناوەتەوە کە بە پێی یاساکانی نێودەوڵەتی، کەڵک وەرگرتن لە برسێتی وەک چەکێک قەدەغەکراوە و ئیسرائیل پێویستە یارمەتیدەری گەیشتنی یارمەتیە مرۆییەکان بێت. لەگەڵ ئەوەشدا تەلەبیب نەک ئەوە ئەنجام نادات بەڵکو کار و چالاکییەکانی ئونروا'ی بەرتەسکیش کردووە و ڕێگریی دەکات لە ئەرکی ڕێکخراوەکانی دیکەش.
لە ڕاپۆرتەکەی دیوانی دادی نێودەوڵەتیدا هەروەها باس لەوەش کراوە کە هێرشەکانی ئیسرائیل لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣وە تا ئێستا، بووەتە هۆی کوژرانی ٣٦٠ کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەشێکیان کارمەندانی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەھاناوەچوون و کارپێکردنی پەنابەرانی فەڵەستین بوون.
جەخت لەوەش کراوەتەوە کە ئیسرائیل مافی ئەوەی نییە کە هاوکارییەکانی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و یان ئونروا بپچڕێنێت و یان چالاکییەکانیان بەرتەسک بکاتەوە و پێویستە پارێزبەندی ئەو ڕێکخراوانە لەبەرچاو بگرێت.
بەرامبەر ئەو ڕاپۆرتەی دیوانی دادی نێودەوڵەتی، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل وێڕای ڕەتکردنەوەی ناوەڕۆکەکەی، ڕایگەیاندووە کە، "ئەوە هەوڵێکی سیاسییە بۆ زیانگەیاندن بە ئیسرائیل".
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕاشیگەیاندووە کە ئیسرائیل پابەندی هەموو پرنسیپ و پابەندییە نێودەوڵەتییەکانە و ئەو بڕیارەی دیوانی دادی نێودەوڵەتی مەبەستی گوشارهێنانی سیاسی بۆ سەر ئیسرائیل دەرکراوە.
