جۆرج عەبدوڵڵا: "ھەرگیز لە مێژوودا وەک غەززە بەرگریی ڕووی نەداوە و فەڵەستین نزیکبووەتە لە سەرکەوتن"
- چالاکوانی سیاسیی لوبنانی، جۆرج عەبدوڵڵا کە لە گرتووخانەیەکی فەڕەنسا ئازاد کراوە ڕایگەیاند: "ئێمە شانازی بەو پاڵپشتییە دەکەین کە لە تورکیا بۆ غەززە ئەنجام دەدرێت و ئەمەش شەرەفێکە بۆ تورکیا".

Lebanon
بەیروت ــ AA
چالاکوانی سیاسیی لوبنانی، جۆرج عەبدوڵڵا (٧٤ ساڵ) ڕایگەیاند کە ھەرگیز لە مێژوودا وەک غەززە، بەرگریی ڕووی نەداوە و ئاماژەی بەوەشدا، شانازی بەو پاڵپشتییە دەکەن کە لە تورکیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆمەڵکوژی ئیسرائیل لە غەززە ئەنجام دەدرێت.
جۆرج عەبدوڵڵا دوای ئەوەی لە گرتووخانەیەکی فەڕەنسا ئازادکرا لە ٢٥ی تەمووزی ڕابردوودا گەیشتووە بەیروت کە ماوەی ٤١ ساڵ بەتۆمەتی کوشتنی دوو دیپلۆماتکاری ئیسرائیل و ئەمریکا و ھەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت لەو وڵاتە زیندانی کرابوو.
ناوبراو کە بە کەسێکی پاڵپشتیکار لە گەلی فەڵەستین دەناسرێت لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "گەلی فەڵەستین لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە بۆ ساتێکیش نەوەستاوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی زایۆنی".
جۆرج عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەشدا کە فەڵەستین سەرچاوەی مێژوویی و شۆڕشگێڕانەیە بۆ ڕێبازی شۆڕشی عەرەبی و لەم ڕوانگەیەوە یەکێکە لە ئەرک و بنەماکانی شۆڕش لە لوبنان، سووریا، عێراق و چەندیم وڵاتی دیکەی عەرەبی.
باسی لەوەش کرد فەڵەستین لە یەک کاتدا ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکار (ئیسرائیل) و سیستەمی ئیمپریالی ڕۆژئاواش بووەتەوە.
ــ "فەڵەستین ئەمڕۆ بەھێزترە"
لەوبارەیەوە جۆرج عەبدوڵڵا ڕایگەیاند فەڵەستین لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ سیستەمی سەرمایەداری جیھانی لەسەر ئەم خاکە، ھەروەھا بەھاوبەشی لەگەل وڵاتانی عەرەبی و تورکیا ڕووبەڕووبووی ھێزی داگیرکار بووەتەوە.
جەختی لەوەش کردەوە: "فەڵەستین ئەمڕۆ لە ھەموو کاتێک بەھێزترە و ئیسرائیل لە دوایین ساتەکانی بوونی خۆیدا دەژیت، بە پێچەوانەی ئەوەی کە ئیمپریالییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەمڕۆ ھیچ وڵاتێک لە جیھاندا نییە کە ئاڵای فەڵەستین کە سیمبولی ئازادییە، بەرز نەکردبێتەوە".
گوتیشی: "لە ئەنقەرە و ئیستانبوڵ تا ئوسترالیا و ژاپۆن و لە سەرجەم شارەکانی ئەورووپا تا ئەمریکا و ئەمریکای باشوور، فەڵەستین سیمبولی ئازادی و کەرامەتە دەگوترێتەوە".
ئەو چالاکوانە سیاسییەی لوبنان جەختی لەوە کردەوە کە شۆڕشی فەڵەستین بە باشی بەڕێوە دەچێت.
جۆرج عەبدوڵڵا گوتیشی: "ھەرگیز لە مێژوودا وەک غەززە، بەرگریی ڕووی نەداوە و فەڵەستین نزیکبووەتە لە سەرکەوتن".
ــ شانازی بە پاڵپشتییەکانی تورکیا بۆ غەززە دەکەین"
لەوبارەیەوە جۆرج عەبدوڵڵا ڕایگەیاند: "ئێمە شانازی بەو پاڵپشتییە دەکەین کە لە تورکیا بۆ غەززە ئەنجام دەدرێت و ئەمەش شەرەفێکە بۆ تورکیا و جیھانی عەرەبی، چونکە عەرەب و تورکیا دەتوانن بە ھاوبەشی ڕووبەڕووبووی جەوسانەوەی گەلان لە جیھاندا ببنەوە".
گوتیشی: "لە ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکاریدا تەنھا یەک زمان ھەیە کە جێگای نابێتەوە، ئەوەش تەنھا بەرگرییە".
ــ ئەزموونی زیندانی درێژخایەن
جۆرج عەبدوڵڵا ڕایگەیاند کە لە ساڵی ١٩٨٤دا لە فەڕەنسا دەستگیرکرا و گوتی: " ھیچ تاوانێک نەبوو بەناوی تیرۆر و تۆمەتی تیرۆرم ئاراستەنەکرابوو، بەڵام منیان ڕەوانەی دادگای دژە تیرۆر کرد کە ئەوەش نایاسایی بوو".
گوتیشی: "ئەو کاتە داواکاری گشتیی فەڕەنسا سزاکەی و بەسەرمادا خوێندەوە ، پێی گوتن، با سزاکە لە نۆ ساڵ کەمتر بێت کە زۆرترین سزایە بەپێی ئەو تۆمەتانەی کە لە دژی من ھەیە، بەڵام من ٤١ ساڵ خرامە زیندانەوە".
باسی لەوەش کرد: "ھەست بە شانازی دەکەم، بەوەی کە توانیومە ڕووبەڕووی چەندین ساڵ زیندانی ببمەوە، ھەرچەندە زیندانیکردن زۆر سەختە".
ڕاشیگەیاند: "بزووتنەوەی پاڵپشتی (لەگەڵ من) چی لە خەڵکی فەڕەنسا و سەرکردەکانیان و چی لە خەڵکی تورکیا و سەرکردەکانیان، وایان لێکردم ببم بە جەنگاوەرێکی زیندانی".
گوتیشی: "من ڕووبەڕووی ئەو فشارانە بوومەوە کە ھەر زیندانییەک لە چوارچێوەی فشاری دەروونیدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە، بەڵام بە ھیچ شێوەیەک ئەشکەنجە نەدرام".
ــ " لایەنگریی دەسەڵاتی دادوەریی فەڕەنسا"
جۆرج عەبدوڵڵا سەبارەت بە ھەڵوێستی خۆی لە ھەمبەر دەسەڵاتی دادوەریی فەڕەنسا، ڕایگەیاند دەسەڵاتی دادوەریی فەڕەنسا، وەک ھەموو دەسەڵاتە دادوەرییەکان لە جیھانی سەرمایەداریدا، کاتێک کارەکە پەیوەستدار دەبێت بە لە چالاکوانانی سیاسیی، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت، ھەموو یاساکان پێشێل دەکات.
باسی لەوەش کرد کە دەتواندرا لە ساڵی ١٩٩٩ ئازاد بکرێت، بەڵام دەسەڵاتی دادوەریی ڕەتی کردەوە و دواتر حکوومەتی فەڕەنسا بڕیارێکی دادوەریی بۆ ئازادکردنی لە ساڵی ٢٠٠٣ ھەڵوەشاندەوە.
گوتیشی: "لە ساڵی ٢٠١٣دا، دادوەر بڕیاری ئازادکردنی منی دەرکرد، بۆیە وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکا، ھیلاری کلینتۆن پەیوەندی بە وەزیری دەرەوەی فەڕەنساوە رۆلاند فابیۆس کرد و پێی گوت کە دەبێت من ئازاد بکەن و دەستبەجێ ڕازی بوو".
جەختی لەوەش کردەوە کە ھەڵوێستی فەڕەنسا بەرامبەر بە دۆزی فەڵەستین، بە دوژمنکارانە و دووڕوویی ناسراوە، چونکە لە جەوھەردا جیاوازی نییە لەگەڵ ھەڵوێستی ئیسرائیل و ئەمریکا
گوتیشی: " لەماوەکانی ڕابردوودا زیاتر لە ١٢ نوێنەری ڕێکخراوی ئازادخوازی فەڵەستین لە پاریس کوژران، بەبێ ئەوەی ھیچ کام لەو کارمەندانەی دەزگای ھەواڵگریی ئیسرائیل کە بە ئەنجامدانی تاوانە تێوەگلاون دەستگیر بکرێن و دادگایی بکرێن".