
Arbil
هەولێر - AA
میدیای فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەواڵێکدا بڵاویکردووەتەوە کە بەیانی ئەمڕۆ سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی لە ھەولێر لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان نۆئێل بارۆت کۆبووەتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە کە لە کۆبوونەوەیەکدا کە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی حزبەکە، قوباد تاڵەبانی و دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ ئامادەیبوون، بافڵ تاڵەبانی جەختی لەبەرەوپێشبردنی پەیوەندی دۆستانەی نێوان ھەرێم و فەرەنسا کردووەتەوە.
ئەوەشخراوتەڕوو کە بافڵ تاڵەبانی وێڕای سوپاس و ستایشکردنی فەڕەنسا کە لە قۆناغە جیاجیاکاندا پشتیوانی ھەرێم بوونە، ڕاشیگەیاندووە کە ئێمە قەت ئەو دۆستانە بەجێناھێڵین کە لەگەڵمانن.
ئاماژە بەوەشکراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر پەلەکردن لە پێکھێنانی حکوومەتێکی بەھێز و خزمەتگوزار پێش بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تا کورد بە یەکگرتوویی ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببێتەوە و بە پێگەیەکی بەھێزترەوە لە بەغدا خزمەتی خەڵک و بەرژەوەندییەکان بکات.
ئەوەش ھاتووە کە دۆخی سووریا تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بووە کە تێیدا جەخت لە پاراستنی مافی تەواوی پێکھاتەکان کرایەوە لە چوارچێوەی سووریایەکی نوێ.
لە بەشێکی دیکەی ھەواڵەکەدا تیشکخراوەتە سەر ئەوەی کە بافڵ تاڵەبانی جەختی لە ئاشتی و پێکەوەژیان کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ھانی ھەموولایەکمان داوە بە ئاشتییانە و دیالۆگ ھەموو ئەو بابەتانەی ناکۆکییان لەسەرە چارەسەربکرێن ئەمەش ڕێگا دروستەکەیە بۆ گەیشتن بە ئارامی و مسۆگەرکردنی ئاسایش لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.