جيهان

ئەمریکا داوای ''ئارامگریی و کۆتاییهێنان بە توندوتیژیی'' لە ئیسرائیل و فەڵەستین دەکات

- گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس: ''ئەمریکا زۆر نیگەرانیە لەو رووداوانەی بەهۆیانەوە لە قودس بە حەرەمی پیرۆز و ناوچەی شێخ جەراحیشەوە لایەنەکان رووبەڕووی یەک بوونەتەوە و ژمارەیەکی زۆر کەس برینداربوون".

Hakan Çopur  | 08.05.2021 - نوێکردنەوە : 08.05.2021
ئەمریکا داوای ''ئارامگریی و کۆتاییهێنان بە توندوتیژیی'' لە ئیسرائیل و فەڵەستین دەکات

Washington DC

واشنتۆن - AA

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کە خۆی بەدوورگرت لە راستەوخۆ ئیدانەکردنی هێرشی پۆلیسی ئیسرائیل بۆ سەر فەڵەستینیەکان لە مزگەوتی ئەقسا، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: ''ئەمریکا زۆر نیگەرانیە لەو رووداوانەی بەهۆیانەوە لە قودس بە حەرەمی پیرۆز و ناوچەی شێخ جەراحیشەوە لایەنەکان رووبەڕووی یەک بوونەتەوە و ژمارەیەکی زۆر کەس برینداربوون. توندوتیژی هیچ هۆکارێکی نییە، بەڵام خوێنڕشتنی بەو شێوەیە بەتایبەتی لە رۆژانی کۆتایی مانگی رەمەزاندا مایەی نیگەرانییە''.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس، بەیاننامەیەکی سەبارەت بە بەکارهێنانی توندوتیژی پۆلیسی ئیسرائیل بەرامبەر فەڵەستینیەکان لە مزگەوتی ئەقسا و ناوچەکانی دیکەی قودس بڵاوکردەوە.

لە بەیاننامەکەدا راستەوخۆ ئیدانەی پۆلیسی ئیسرائیل نەکراوە لەبارەی بەکارهێنانی توندوتیژی لە قودسدا، بەڵام بۆ کۆتایی هێنان بەو توندوتیژیەی رووی لە زیادبوون کردووە داوای ''ئارامگریی'' لە هەردوو لایەنی ئیسرائیل و فەڵەستین کراوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە؛ ''ئەمریکا زۆر نیگەرانیە لەو رووداوانەی بەهۆیانەوە لە قودس بە حەرەمی پیرۆز و ناوچەی شێخ جەراحیشەوە لایەنەکان رووبەڕووی یەک بوونەتەوە و ژمارەیەکی زۆر کەس برینداربوون. توندوتیژی هیچ هۆکارێکی نییە، بەڵام خوێنڕشتنی بەو شێوەیە بەتایبەتی لە رۆژانی کۆتایی مانگی رەمەزاندا مایەی نیگەرانییە. ئەوەش ئەو هێرشەی رۆژی هەیینی کرایە سەر سەربازانی ئیسرائیل و وەک بەرپەرچدانەوەیەکیش ئەو هێرشانەی لە کەرتی خۆرئاوا کرانە سەر فەڵەستینیەکان دەگرێتەوە و بەدڵنیایی ئیدانەی دەکەین''.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا بانگەواز ئاڕاستەی بەرپرسانی ئیسرائیلی و فەڵەستینی کراوە بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی و، بە پێویست زانراوە هەموو لایەنەکان خۆیان بە دووربگرن لە کردە و لێدوانی ئیستفزازی.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا باس لە گرنگیی پاراستنی پێگەی مێژوویی حەرەمی پیرۆز کراوە هەم بە گوتە و هەمیش بە کردار و، هاتووە؛ ''پێویستە سەرکردە پەیوەندیدارەکان هەموو کردەیەکی توندوتیژی رەت بکەنەوە، دەبێت ئاسایش بۆ هەموو دانیشتوانی قودس فەراهەم بێت و هەموو بکەران بەرپرسیار بکرێن''.

هاوکات لە بەیاننامەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە ئەمریکا پشتیوانی لە هەنگاوی تاک لایەنە ناکات لە ناوچەکەدا کە گرژیی زیاد بکات و، هاتووە؛ ''زۆر نیگەرانین لە دەرکردنی خێزانە فەڵەستینیەکان لە ماڵەکانیان لە ناوچەکانی شێخ جەراح و سیلڤان لە قودس کە زۆربەیان چەند پشتێکە لەوێ دەژین. داوا لە بەرپرسان دەکەین بەرێز و میهرەبانیەوە هەڵسوکەوت بکەن لەگەڵ دانیشتوانی شێخ جەراح، داوادەکەین ئەو دۆزە مێژووییە ئاڵۆزانە هەمووی وەک خۆی تاوتوێ بکرێت و بەشێوەیەک هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت کە چۆن کاریگەریی لەسەر ژیانی مرۆڤەکان دروست کردووە''.

لە بەیاننامەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە چۆڵکردنی خانوو، بنیاتنانی یەکەی نیشتەجێبوونی نوێ یان روخاندن و کردە تیرۆریستییەکان ئاشتیی لە ناوچەکەدا سەخت کردووە و، ئەمریکاش لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیلی و فەڵەستینیشدا لە پەیوەندی نزیکدایە.

لە لایەکی دیکەوە، مانگی سووری فەڵەستین لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی هێرشی ئیسرائیلەوە بۆ سەر فەڵەستینییەکان لە مزگەوتی ئەقسا لە خۆرهەڵاتی قودس و، دەروازەی شام و شێخ ئەلجەراح لە ناوچەی شاری دێرین، ٢٠٥ فەڵەستینی برینداربوون و، ٨٨ کەس لەو بریندارانەش گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەکانی قودس.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın