ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم: "ھاریکاریی ئێران لەگەڵ ئاژانسەکەمان پابەندبوونێکی یاساییە"
سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ڕافائیل ماریانۆ گرۆسی ڕایگەیاند کە پێویستە ئێران بەردەوام بێت لە ھاریکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، چونکە ئەوە پابەندبوونێکی یاساییە.

Ile-de-France
پاریس ــ AA
سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ڕافائیل ماریانۆ گرۆسی ڕایگەیاند کە پێویستە ئێران بەردەوام بێت لە ھاریکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، چونکە ئەوە پابەندبوونێکی یاساییە.
ڕافائیل ماریانۆ گرۆسی لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵێکی فەڕەنسی ئاماژەی بەوەداوە کە باوەڕی بەوەیە، ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێران بە دیپلۆماسی چارەسەر بکرێت.
جەختی لەوەش کردووە کە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، ھێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان قەدەغەکراوە و گوتی: " پێویستە بەردەوام بێت لە ھاریکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، چونکە ئەوە پابەندبوونێکی یاساییە، جگە لەوەش ئێران ئەندامە لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی".
ھەرلەوبارەیەوە سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن لە کۆشکی ئیلیزێ پێشوازیی کرد لە سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ڕافائیل ماریانۆ گرۆسی.
ئیمانوێل ماکرۆن لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیوویەتی: "فەڕەنسا پاڵپشتی لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەکات، چونکە ئاژانسەکە ئەرکێکی گرنگ بۆ ئاسایشی ئەتۆمی جێبەجێ دەکات".
ڕاشیگەیاندووە: "پێویستە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بەپەلە ئەرکەکانی خۆی لە ئێران، دەست پێ بکاتەوە".
لەبەرامبەردا ڕافائیل ماریانۆ گرۆسی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە سەرجەم لایەنەکان بە شێوەیەکی بنیاتنەرانە و یەکلاکەرەوە گفتوگۆ بکەن، چونکە ئێستا دەرفەتی دیپلۆماسی و گفتوگۆ سەبارەت بە ئێران ھەیە.
دوێنێ چوارشەممە، ئەنجوومەنی شورای ئێران "پەرلەمان"، پرۆژەیاسای ھەڵپەساردنی ھاریکاریی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پەسەند کرد.