سەرکۆمار ئەردۆغان: "پیلانی ناکۆکی خستن لە نێوان تورک، کورد، عەرەب و فارس، پووچەڵ دەکەینەوە"
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: "ئاواتی ئێمە بۆ ناوچەیەکی بێ تیرۆر، پووچەڵکردنی پیلانی ئەوانەیە کە دیواری ناکۆکی لە نێوان تورکەکان، کوردەکان، عەرەبەکان و فارسەکان هەڵدەچنن
Ankara
ئەنقەرە - AA
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند، "ئاواتی ئێمە بۆ ناوچەیەکی بێ تیرۆر، پووچەڵکردنی پیلانی ئەوانەیە کە دیواری ناکۆکی لە نێوان تورکەکان، کوردەکان، عەرەبەکان و فارسەکان هەڵدەچنن.
گوتیشی، "خۆمان ڕادەستی زمانی توندوتیژی، کینە و دوژمنایەتی ناکەین. بەردەوام دەبین لەسەر پشتیوانیکردن لە زمانی، خۆشەویستی، ئاشتی و برایەتی لە ناوچەکەدا".
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دوای کۆبوونەوەی کابینەی سەرکۆماریی ڕوونکردنەوەی بۆ ڕای گشتی دا.
لە سەرەتای گوتەکانیدا سەرکۆمار ئەردۆغان لەبارەی قۆناغی تورکیای بێ تیرۆردا دوا و گوتی: "سەرەڕای گرفتەکان، ئەو ڕەوتەی کە ١٧ مانگە لەسەری بەردەوامین، بە هەستیارییەکی زۆرەوە تا گەیاندن بە مەبەست لەسەری بەردەوام دەبین. نە فیتنەگێڕان و نە ئەوانەی ئاغاکانیان ناتوانن تورکیا لەسەر ئەو ڕێڕەوە پیرۆزەی کە گرتوویەتە بەر، بگێڕنەوە".
سەرکۆمار ئەردۆغان گوتیشی: "ئاواتی ئێمە بۆ ناوچەیەکی بێ تیرۆر، پووچەڵکردنی پیلانی ئەوانەیە کە دیواری ناکۆکی لە نێوان تورکەکان، کوردەکان، عەرەبەکان و فارسەکان هەڵدەچنن. خۆمان ڕادەستی زمانی توندوتیژی، کینە و دوژمنایەتی ناکەین. بەردەوام دەبین لەسەر پشتیوانیکردن لە زمانی، خۆشەویستی، ئاشتی و برایەتی لە ناوچەکەدا. ساڵانی پێشوو هەندێک ڕووداو ڕوویدا کە لەگەڵ ڕووحی نەورۆزدا ناکۆک بوو، ماوەی دوو ساڵە کە بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیەوە کە بەهۆی تورکیای بێ تیرۆرە. هاوشێوەی ئیستانبوڵ و دیاربەکر، ڕێکاری پێویست دژ بەوانە دەگیرنە بەر لە بە بیانووی نەورۆزەوە، لەگەڵ مێشکی خەڵک یاری دەکەن".
لە درێژەی قسەکانیدا سەرکۆمار ئەردۆغان گوتی: "هاوشێوەی سەدەی پێشوو، ناوچەکەمان جارێکی دیکە بووەتە گۆڕەپانی خەبات بۆ دارشتنەوەی ڕێکخستنی نوێی جیهانی. سوپاس بۆ خوا، وەک تورکیا و وەک حکوومەت، لەم قۆناغە نوێیەدا بۆ هەرچەشنە کەشێکی پێکدادان و یان جەنگێک لە جیهاندا ئامادەین. هەندێک هەنگاومان بۆ بەهێزکردنی بواری وزە لە تورکیا ناوە، هەم سەرچاوکانی وزەمان زیاد کردووە و هەم کەڵکمان لە سەرچاوەکانی ژێر زەوی وەرگرتووە".
لەبارەی ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێرانەوە سەرکۆمار ئەردۆغان گوتی: "سوورین لەسەر دوورڕاگرتنی وڵاتەکەمان لەو ئاگرە. بە هیچ شێوەیەک نامانەوێ ئەو جەنگە ببێتە جەنگێکی درێژخایەن لە ناوچەکەدا. تورکیا یەکێکە لە وڵاتانی ناوچەکە کە بە باشی بۆنی باڕووت و خوێن لە ناوچەکەدا شی دەکاتەوە و بە هۆی ئەو سیاسەتانەوە ستایش دەکرێت. ناکەوینە داوەی ئەوانەی دەیانەوێت ڕاکێشی جەنگەکەمان بکەن. ئەو ڕەوتە بە هەستاری، دووربینی، ئارامی و ڕێزگرتن لە بنەماکانی برایەتی و دراوسێتی پێش دەبەین. تۆڕی کۆمەڵکوژی بە سەردەستەیی ناتانیاهو، پێویستە دەستبەجێ بە ناوی ئاشتی و مرۆڤایەتی ڕابگیرێت. وڵاتان پێویستە هەڵوێستێکی بوێرانەیان هەببێت".
سەرکۆمار ئەردۆغان گوتیشی: "داخستنی گەرووی ستراتیژی هورموز کە لەسەدا ٢٠ی وزەی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، ئابووری جیهانی تووشی ئاڵۆزی کردووە. تورکیا بە هەموو توانا و ئامرازەکانی بەردەستییەوە هەوڵ دەدات بۆ بەرقەراری ئاشتی و دادپەروەری و سەقامگیری. ٢٥ ڕۆژی ڕابردوو نیشانیدا سەرەڕای ئەوەی جەنگەکە، جەنگی ئیسرائیلە، بەڵام جیهانی باجەکەی دەدات. ئەوە جەنگی ناتانیاهویە بۆ دەسەڵات بەڵام ٨ ملیار کەس باجەکەی دەدات. بەر لەوەی زیانێک بە ئابووری جیهان بکەوێت کە قەرەبووکردنەوەی ساڵانێکی پێویستە، جەنگەکانی نایاسایی پێویستە کۆتاییان پێبێت. دەرگای دیپلۆماسی بکرێتەوە و دانوستان دەست پێبکات.
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕاشیگەیاند: "نابێ ڕێگە بدرێت کە هەڵوێستی تێکدەرانە، زێدەخوازی و توندڕەوانەی ئیسرائیل، ڕێگە چارەکانی دیپلۆماتیک تێک بدەن".
سەرکۆمار ئەردۆغان لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیشەوە، گوتی: "سەرقاڵی گرتنەبەری ڕێکارێکین بۆ دیاریکردنی نرخ بۆئەوەی هاووڵاتیانمان بەرامبەر ئەو ڕەوتەی کە کاریگەری نەرێنی لەسەر جیهان هەیە، بپارێزین. توانای ئابووری تورکیا بەرامبەر ئەو ڕەوتە چاوەڕواننەکراوە، لە بەرزترین ئاستی مێژووی خۆی دایە. کەس لەم بارەیەوە گومانی نەبێت".
