سەرکۆمار ئەردۆغان: "بۆ دەستبەرکردنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستە هەموو کەسێک شان بداتە بەر بەرپرسیارێتی"
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: "هەموو ئەو ڕووداوانەی کە ڕوویانداوە لە سەر ئاستی جیهانیدا، لە نزیک تورکیا ڕوویان داوە، ئێمە هەوڵ دەدەین تورکیا لەم قەیرانانە بەدوور بگرین".

Ankara
لاهای - AA
سەرکۆمار ئەردۆغان هیوای خواست ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران هەمیشەیی بێت و ڕایگەیاند، "بۆ دەستبەرکردنی ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستە هەموو کەسێک هەوڵی خۆی بدات و شان بداتە بەر بەرپرسیارێتی".
دوای بەشداریکردن لە لووتکەی ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (NATO) کە بە بەشداری سەرۆکی دەوڵەت و حکوومەتەکانی ئەندام لە پەیمانەکە، لە شاری لاهای هۆڵەندا بەڕێوەچوو، سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان لەبەردم ڕۆژنامەنووسان وەستا و لەبارەی پرسەکانی ڕۆژەڤەوە دوا.
لەسەرەتای گوتارەکەیدا، باس لە ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و گوتی، "هەموو ئەو ڕووداوانەی کە ڕوویانداوە لە سەر ئاستی جیهانیدا، لە نزیک تورکیا ڕوویان داوە، ئێمە هەوڵ دەدەین تورکیا لەم قەیرانانە بەدوور بگرین. جەنگ لە ناوچەکەدا کاریگەری لەسەر ناوچەکە و جیهان هەبووە. ئێمە وەک تورکیا درێژە بە هەوڵەکانمان دەدەین بۆ دەستبەرکردنی ئاشتییەکی هەمیشەیی".
سەرکۆمار ئەردۆغان هەروەها باسی لە پلانی بەرگریی هاوپەیمانان کرد و لەم بارەیەوە گوتی: "لە دانیشتنی لووتکەکەدا (ناتۆ) بڕیارمان دا کە خەرجییەکانی بواری بەرگریمان لە ماوەی ١٠ ساڵدا بگەیەنینە ئاستی سەدا ٥ی بەرهەمی گشتی ناوخۆییمان. ئێمە پێشەنگ بووین لەو تێگەیشتنەی کە مەبەست لێی لادانی کۆسپەکان بوو لەبەردەم بەرهەمەکانی پیشەسازیی بەرگریی لە ناو هاوپەیماناندا. لە لاهە جەختمان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم کردەوە کە تەنیا بە یەکگرتوویی دڵسۆزی هاوپەیمانان جێبەجێ دەبێت. دڵنیاش بووین لە ڕەنگدانەوەی هەرەشەکان لە لووتکەکەدا".
سەرکۆمار ئەردۆغان گوتیشی: "جەختم لەسەر ئەوە کردەوە کە تەواو بەشداریکردنی هاوپەیمانانی نائەندام لە دەستپێشخەرییەکانی پیشەسازی بەرگریی یەکێتیی ئەورووپادا لە بەرژەوەندی هەموو ئەورووپادایە".
لەبارەی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرایناش، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "لەو باوەڕەدام دەرگای دەرفەتێک بۆ ئاگربەست و ئاشتی هەمیشەیی کراوەتەوە".
سەرکۆمار ئەردۆغان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕەخنەی لە ئیسرائیل گرت و گوتی: "بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە تراژیدیای مرۆیی لە غەززە گۆڕاوە بۆ کارەساتی مرۆیی. هیچ کەسێکی خاوەن ویژدان ناتوانێت بێدەنگ بێت بەرامبەر دڕندەییەکی لەم شێوەیە. وەک هەموو وڵاتانی ناوچەکە، ئاسایشی ئیسرائیلیش بە سەقامگیریی و ئارامیی و خۆشگوزەرانیی دراوسێکانیدا تێدەپەڕێت. دوایین هەڵکشانی سەربازیی (لە نێوان ئیسرائیل-ئێران)، ناوچەکەمانی ڕووبەڕووی مەترسی زۆر گەورە کردەوە. لە ساتی یەکەمی قەیرانەکەوە هەوڵێکی چڕی دیپلۆماسییمان خستەگەڕ. هیوادارین ئەو ئاگربەستە هەمیشەیی بێت. بۆ دەستبەرکردنی ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستە هەموو کەسێک هەوڵی خۆی بدات و شان بداتە بەر بەرپرسیارێتی. چارەسەری هەمیشەیی کێشەکان لەگەڵ ئێران بە دیپلۆماسی و گفتوگۆ دەکرێت. ناوچەکەمان پڕیەتی لە نموونەگەلێک کە بە جەنگ و وێرانکاری ناتوانرێت بە هیچ بگەیت".
سەرکۆماری تورکیا گوتیشی: "بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لەو ئاگربەستە دەکەین کە بە هەوڵی سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ بەدیهات. چاوەڕوانین لایەنەکان بەبێ مەرج پابەندبن بەبانگەوازەکەی ترەمپی هاوڕێم".
ڕاشیگەیاند: "بانگهێشت لە ئیسرائیل دەکەین بۆ ئەوەی واز لەو هەڵوێستەی خۆی لەبەرامبەر غەززە بێنێت".
سەرکۆمار ئەردۆغان لە بەشێکی دیکەی قسەکانی باسی پڕۆژەی وڵاتەکەی بۆ کڕینی فڕۆکەی جەنگی یۆرۆفایتەری ئەورووپا (Eurofighter Typhoon) کرد و گوتی: "گفتوگۆمان لەگەڵ بەریتانیا و ئەڵمانیا کردووە و دەیکەین، پێشهاتی ئەرێنیی لەم بارەیەوە هەیە".
پەیوەندیدار بەو باسە سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە فڕۆکەی جەنگی F-35یش کرد و گوتی: "باسی پرسی F-35مان کرد. لەم پرسەدا یەک ملیار و ٣٠٠-٤٠٠ ملیۆن دۆلارمان داوە، لە خاڵی وەرگرتنی F-35کاندا بینیمان بەڕێز ترەمپ نییەتی باشە".