اخبار تجزیه و تحلیل

بەغدا.. باڵەخانەی چێشتخانەیەكی توركی بووە بە هێمای شۆڕشی عێراقییەكان

- باڵەخانەی چێشتخانەیەكی توركی یەكێكە لەو باڵەخانە سەرەكییانەی كە دەكەوێتە ناوەڕاستی بەغدا و لە شەش نهۆم پێكهاتووە، بەڵام لە ٢٠٠٣وە بەهۆی بۆردومانێكی هێزەكانی ئەمریكاوە چۆڵكراوە.

Arif Yusuf,Zana Natık Kerem   | 03.11.2019
بەغدا.. باڵەخانەی چێشتخانەیەكی توركی بووە بە هێمای شۆڕشی عێراقییەكان

Baghdad

بەغدا ــ AA

باڵەخانەی چێشتخانەیەكی توركی كە دەكەوێتە ناوەڕاستی بەغدا لە ٢٠٠٣وە بەهۆی بۆردومانێكی هێزەكانی ئەمریكاوە چۆڵكراوە و لە ئێستادا تەنها باڵەخانەیەك نییە، بەڵكو بووەتە هێمایەكی دیاری شۆڕشی عێراقییەكان، بەدەر لەوەش بەهۆی ئەوەی پێگەیەكی ستراتیجی هەیە هەر لایەك هەوڵ دەدات باڵەخانەكە كۆنتڕۆڵ بكات.

باڵەخانەی چێشتخانە توركییەكە دەكەوێتە ناوەندی شاری بەغدا لە بەری پردی كۆماری و رووباری دیجلە كە شارەكەی كردووەتە دوو بەشەوە لەسەر گۆرەپانی تەحریر هەڵكەوتووە.


ـ باڵەخانەی چێشتخانە توركییەكە پێگەیەكی ستراتیجی هەیە

لە سەرەتای ئەو خۆپیشاندانانەی كە لە ٢٥ی مانگی تشرینی یەكەمی رابردووە لە شاری بەغدا و ژمارەیەك شاری دیكەی عێراق ئەنجام دران، خۆپیشاندەران باڵەخانەی چێشتخانە توركییەكەیان كۆنتڕۆڵكرد و داواكارییەكانیان تیادا هەڵواسیوە و ئەمە جگە لەوەی لە ئێستادا بۆ چاودێریكردنی جموجۆڵی هێزە ئەمنییەكان بەكاری دەهێنن.

سەرەتا كۆنتڕۆڵكردنی باڵەخانەی چێشتخانە توركییەكە لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە ئاسان نەبوو، بەڵكو دوای هەوڵێكی زۆر خۆپیشاندەران توانیان كۆنتڕۆڵی بكەن لە كاتێكدا هێزە ئەمنییەكان بەچڕی هەوڵەكانیان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی باڵەخانەكە كۆنتڕۆڵ بكەن ئەویش بەهۆی ئەوەی باڵەخانەكە پێگەیەكی ستراتیجی هەیە.

باڵەخانەکە یەكێكە لە باڵەخانە سەرەكییەكانی ناوەڕاستی بەغدا و لە شەش نهۆم پێكهاتووە و لە ٢٠٠٣وە بەهۆی بۆردومانێكی هێزەكانی ئەمریكاوە چۆڵكراوە، بالًەخانەكە بە چێشتخانەی توركیا بەناوبانگ بوو چونكە كۆتا نهۆمی باڵەخانەكە چێشتخانەیەكی توركی بوو.

باڵەخانەكە لە ٢٠١١دا بۆ چاودێریكردنی خۆپیشاندانەكانی گۆڕەپانی تەحریر لە سەردەمی سەرۆكوەزیرانی پێشوو، نوری مالیكی لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بەكارهێنرابوو، هەروەها هێزە ئەمنییەكان لە ساڵانی ٢٠١٥، ٢٠١٧ و ٢٠١٨ دا لە میانی خۆپیشاندانەكانی دژبە حكوومەت، باڵەخانەكەیان كۆنتڕۆڵكردبوو.

لەوبارەوە خۆپیشاندەرێك بە ناوی عەباس واستی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قسەی كرد و گوتی: "پێشتر هێزە ئەمنییەكان كاتێك باڵەخانەكەیان كۆنتڕۆڵكردبوو ئێمەیان دەكردە ئامانج".

عەباس واستی گوتیشی: "ئێستا ئێمە كە باڵەخانەكەمان كۆنتڕۆڵكردووە و بە ئاسانی دەتوانین چاودێری جموجۆڵی هێزە ئەمنییەكان بكەین لە گۆڕەپانی تەحریر".


ــ نۆژەنكردنەوەی باڵەخانەی چێشتخانە توركییەكە

باڵەخانەكە لە ٢٠٠٣وە بەهۆی بۆردومانێكی هێزەكانی ئەمریكاوە چۆڵكراوە و هیچ پێدوایستێكی ژیانی تیادا نەماوە، بەڵام بەم دواییانە خۆپیشاندەران بەشێك لە باڵەخانەكەیان نۆژەنكردەوە بۆ ئەوەی لە میانی خۆپیشاندانەكانیادا شەوانە تیادا بمێننەوە.

لەوبارەوە خۆپیشاندرێك بە ناوی ئەبو ئەحمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "خۆپیشاندەران بەشێكی باڵەخانەكان نۆژەنكردووەتەوە و كارەباشمان بۆ راكێشاوە بۆ ئەوەی شەوانە تیادا بمێننەوە".


ــ بە هۆی گەندەڵییەوە نەتواندراوە باڵەخانەكە نۆژەن بكرێتەوە

ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، محەمەد روبێعی ئاماژە بەوە دەكات كە بەهۆی گەندەڵییەوە نەتواندراوە باڵەخانەی چێشتخانە توركییەكە لە ناوەڕاستی بەغدا نۆژەن بكرێتەوە.

بە هۆی خۆپیشاندانەكانەوە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەڵوەشاندەوە.

محەمەد روبێعی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشكرای كرد"لە ساڵانی نێوان ٢٠٠٨ و ٢٠٠٩دا، نۆژەنكردنەوەی باڵەخانە درا بە وەبەرهێنەرێكی عێراقی كە پۆستێکی باڵای هەبوو لە حكوومەتدا".

ئەو گوتیشی: "بە بیانووی ئەوەی گوایە بەهۆی بۆردومانی هێزەكانی ئەمریكاوە ماددەی پیسی كیمایی لە باڵەخانەكەدا بڵاوبووەتەوە، وەبەرهێنەرەكە كاری نۆژەنكردنەوەكەی راگرت، بەڵام دواتر دەركەوت كە ئەو تەنها بانگەشەیە و دوورە لە راستییەوە".


ــ باڵەخانەی چێشتخانە توركییەكە ناوی "تاوەری شۆڕشی" لێ دەنرێت

لە ئێستادا خۆپیشاندەران پێداگیری ئەوە دەكەن باڵەخانەكە ناوی "تاوەری شۆڕشی" لێ بنێن و لەمبارەوە خۆپیشاندەرێك بە ناوی ئەسیر ساعدی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەگەر شۆڕشەكەمان سەركەوت ئەوە باڵەخانەی چێشتخانە توركییەكە ناوی (تاوەڕی شۆڕشی) لێ دەنین و دەیكەین بە هێمایەكی دیار و گرنگی خۆپیشاندانەكانمان لە گۆڕەپانی تەحریر".

لە ٢٥ی تشرینی یەكەمی رابردووە، عێراق رووبەڕووی شەپۆلێكی بەرفراوانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان بووەتەوە، شەپۆلی یەكەمی خۆپیشاندانەكان لە 1ی تشرینی یەكەمەوە دەستی پێكرد و ماوەی ھەفتەیەك بەردەوام بوو، شەپۆلی دووەمی خۆپیشاندانەكانیش لە رۆژی ھەینی رابردووەوە دەستیان پێكردەوە و بەردەوام رووبەڕووبوونەوە و پێكھەڵپڕژان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەكاندا روویداوە.

سەرەتا خۆپیشاندەران داوای باشكردنی خزمەتگوازرییەكان، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و رەخساندنی دەرفەتی كاریان دەكرد، بەڵام لەئێستادا، داوای دەستلەكاركێشانەوەی حكوومەت دەكەن.

بەپێی دوایین ئامار كە لە لایەن كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤەوە لە عێراق بڵاوكراوەتەوە، ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە میانی ئەو خۆپیشاندانەكاندا تا ئێستا لە شاری بەغدای پایتەخت و شارەكانی دیكەی عێراق ئەنجام دەدرێن بوونەتە قوربانی، گەیشتووەتە ٢٦٠ كوژراو و ١٢ هەزار بریندار لە خۆپیشاندەر و كارمەندی ئەمنی.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın