
هەولێر
خاوەنی دوو لە گەورەترین كۆمپانیاكانی كڕین و فرۆشتنی زەوی و خانووبەرە لە شاری هەولێر ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە بڕینی بوودجەی هەرێمی كوردستان دوو ساڵ لەمەوبەر لەلایەن مالیكییەوە و تێكچوونی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان هۆكاری سەرەكی دابەزینی نرخی زەوی و خانووبەرەن لە هەرێمی كوردستان.
ماوەی سێ ساڵە نرخی زەوی و خانووبەرە لە هەرێمی كوردستان بەرەو دابەزینە و ئەوەش وایكردووە كە ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی هەرێمی كوردستان كە لەو كەرتە كاریان دەكرد تووشی زیانێكی زۆر بن.
ئەندازیار حاجی محەمەد سابر خاوەنی كۆمپانیای باغی شەقڵاوە بۆ كڕین و فرۆشتنی زەوی و خانووبەرە بە ئاژانسی ئەنادۆڵوی گوت: "دابەزینی نرخی زەوی و خانووبەرە لە كۆتاییەكانی ساڵی ٢٠١٣ دەستی پێ كرد، ئەوەش پاش ئەوەی كە گرژیی لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق پەیدا بوو و نوری مالیكی سەرۆكوەزیرانی ئەوكاتی عێراق بوودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی".
بەگوتەی محەمەد سابر "هاتنی داعش و هێرشكردنیان بۆسەر خاكی هەرێمی كوردستان و دابەزینی نرخی نەوت و تێكچوونی نێوان لایەنە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان یەكێكی دیكە بووە لە تێكچوونی بازاڕی زەوی و خانووبەرەی لە هەرێمی كوردستان".
حاجی سەلام كە خاوەنی كۆمپانیای حاجی سەلامە لە بواری كڕین و فرۆشتنی زەوی و خانووبەرە لە هەولێر بە ئاژانسی ئەنادۆڵوی گوت: "كاتێك كە داعش هێرشی كردە سەر هەرێمی كوردستان و لە هەولێر نزیك بۆوە كاریگەریی زۆری لەسەر دابەزینی نرخی زەوی و خانووبەرە بە رێژەیەكی زۆر نەبوو".
حاجی سەلام پێی وایە كە "ئەو دابەزینە بەهۆی گرژی نێوان هەرێم و بەغدا و دابەزینی نرخی نەوتەوە بووە كە 50% نرخەكانی دابەزاند بەڵام لە مانگی 2ـی ئەمساڵدا ئەو رێژەیە جێگیر بوو و تۆزێكیش نرخەكان بەرزبوونەتەوە ئەویش بەهۆی ئەوەی كە نرخی نەوت بەرزبووەتەوە".
حاجی سەلام ئاماژەش بەوەدەكات كە تەنیا زەوی و خانووبەرە نین كە نرخەكەیان دابەزیوە و كرێی خانووش بە ئاستێكی بەرچاو دابەزیوە و دەڵێت: "شوققەی ئێم ئار ئێف بە 2 هەزار و 200 دۆلار کرێ درابوو بەڵام ئێستا بۆ 700 دۆلار دابەزیوە و لە دەوری 900 دۆلار دا جێگیر بووە بۆیە دەتوانین بڵێن كە دابەزین نەماوە بەڵام هەستانەوەكە زۆر هێواشە".
بەرزبوونەوەی نرخەكان
خاوەنی كۆمپانیای باغی شەقڵاوە ئاماژەی بەوەشدا كە "لە پاش نەورۆزی ئەمساڵەوە نرخی زەوی و خانووبەرە ١٥٪ بەرز بۆتەوە بەڵام پاش نزیكبوونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بەیاننامەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان بازاڕی زەوی و خانووبەرە تووشی وەستان بووەتەوە".
بەگوتەی محەمەد سابر: "ئێستا بازاڕ لە ئاستێكدا وەستاوە بەڵام ئەگەر بارودۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بەرەو باشی بڕوات و كێشە و گرفتەكان چارەسەر بكرێن، كڕین و فرشتنی خانووبەرە بەرزبوونەوەیەكی تر بەخۆیەوە دەبینێت".
محەمەد سابر دەڵێت: "لە نەورۆزی ساڵی ٢٠١٣ـەوە تا ئێستا ٥٠٪ رێژی نرخەكان دابەزیوە بەڵام هەمووی وەكو یەك نەبووە. شوێن و جۆری زەوی و خانووبەرەكان جیاواز بووە چونكە شوێن هەیە كە رێژەی دابەزین تا ٦٠٪ رۆشتووە".
زیادبوونی رسومات
پاش ئەوەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان تووشی قەیرانی دارایی بوو، رسوماتی لە زۆر بواردا زیاد كرد بۆ ئەوەی بتوانێت هاوكارییەكی بكات لە پێدانی مووچە بۆ کارمەندانی هەرێمی كوردستان و یەكێك لەو شوێنانەش زیادكردنی رێژەی 3% رسومات بوو لەسەر زەوی و خانووبەرە.
حاجی سەلام دەڵێت: "ئەو رسوماتە زۆر زۆرە و پێویستە چاو بەو بڕیارەدا بخشێنرێتەوە چونكە ئەویش بووەتە هۆكارێك بۆ ئەوەی كە بازاڕی كڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی بوەستێت".
محەمەد سابریش دەڵێت: "من نازانم حكوومەت راوێژ لەگەڵ كەس دەكات یان نا كاتێك ئەو جۆرە بڕیارانە دەدات چونكە بە زیادكردنی ئەو رسوماتانە باری سەرشانی خەڵك زۆر قورس كراوە، دەكرا ئەو رێژەیە بۆ ١.٥٪ زیاد بكرایە نەك 3%."
تاپۆكردن
ماوەیەك پێش ئێستا وەزارەتی شارەوانی بڕیاری تاپۆكردنی چەند ناوچەیەكی دەركرد كە پێشتر زەوییەكانی لەلایەن حكوومەتەوە دابەش كرابوو و حاجی محەمەدیش لەبارەی كاریگەریی ئەو تاپۆكردنە لەسەر دابەزینی زیاتر نرخی زەوی و خانووبەرە دەڵێت: "تاپۆكردن كاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخەكان هەبووە بەڵام زۆر كەمە و زیاتر ئەو شوێنانە نرخەكەیان بەرز دەبێتەوە كە خزمەتگوزاری بۆ چووبێت چونكە شوێن هەیە ١٠ ساڵە زەوییەكەی دابەش كراوە كەچی هێشتا خزمەتگوزاریی بۆ نەچووە و خەڵكەكەش سوودی لێ نەبینیوە و نرخەكەشی دابەزیوە".
حاجی سەلامیش دەڵێت: "تاپۆكردن كاریگەریی لەسەر ئەو شوێنانە دەبێت كە كارتەكان تاپۆ دەركرێن و كاریگەریی لەسەر شوێنەكانی دیكە بەشێوەیەكی گشتی نابێت. واتە ئەگەر پارچەیەك زەوی پێش تاپۆكردن بە 8 هەزار دۆلار فرۆشرابێت ئێستا ئەو زەوییە 12 هەزار دۆلار دەكات. ئەو زەوییانەی كە نرخەكەیان بە 22 هەزار دۆلار بوو، ئێستا نرخەكەیان بە 40 هەزار دۆلارە".
دابەشكردنی زەوی
دابەشكردنی زەویش بە یەكێك لە هۆكارەكانی دابەزینی نرخی خانووبەرە و زەوی دادەنرێت و حاجی محەمەدیش پێی وایە كە "دابەشكردنی زەوی كاریگەریی دەبێت. حكوومەت پێویست ناكات زەوی دابەش بكات چونكە زەوی هەیە ١٠ ساڵە دابەش كراوە هێشتا خزمەتگوزاریی بۆ نەرۆشتووە، نازانم ئەوە بۆ خەڵك خەڵەتاندنە یان بۆ رازیكردنی خەڵكە".
بەگوتەی حاجی محەمەد: "حكوومەت لەبری ئەوەی كە زەوی دابەش بكات دەتوانێت كۆمەڵێك شوققە دروست بكات و بیدات بەو كەسانەی كە كرێچین بۆ ئەوەی لە كۆڵی كرێچیەتی ببێتەوە و لە هەمان كاتیشدا زیان بە زەوی كشتوكاڵی نەگات كاتێك حكوومەت ئەو هەموو زەوییە دابەش دەكات".
حاجی سەلامیش دەڵێت: "حكوومەت ئێستا تووشی قەیرانی ئابووری بووە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی كە خەڵكی لێ رازی نەبێت و توانای مووچە دانی مانگانەی نەماوە بەڵام خۆ حكوومەت قەیرانی زەوی نییە بۆیە با زەوی دابەش بكات چونكە ئەو كەسە دەتوانێت ئەو زەوییە بە 20 هەزار دۆلار بفرۆشێت و ئەوكەسەش سوود لەو پارەیە دەكات بەڵام حكوومەت كە ئەو زەویانە دابەش دەكات خزمەتگوزارییان بۆ نابات چونكە تا ئێستاش شوێنێكی وەكو 8 حەسارۆك خزمەتگوزاری بۆ نەڕۆشتووە كە چەندین ساڵە دابەش كراوە. بۆیە بەشێوەیەكی کرداری تا ئێستا كاریگەریی لەسەر بازاڕ نەبووە چونكەهیچ دابەش نەكراوە".
حاجی محەمەد ئاماژەی بەوە دا: "دەبێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چینی هەژار پلانی تایبەتی هەبێت بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی خانوو یان شوققەی خۆی لە راستیدا هەر وڵاتێك دەوڵەمەند بێت و خێروبێری زۆر بێت زەوی و خانووبەرە لەو وڵاتە گران دەبێت و ئەو خاكەش هی هەموو ئەو میللەتەیە".
زیادبوونی خستنەڕوو و كەمبوونەوەی خواست
خاوەنی كۆمپانیای باغی شەقڵاوە دەڵێت: "پێشتر هەر كەسێك سەرمایەیەكی زیادی هەبووایە دەیخستە بواری كڕینی زەوی و خانووبەرەوە تەنانەت ئەگەر هیچ شتێكیشی لەو بوارە نەزانیایە چونكە رۆژ بەرۆژ سوود هەبوو لە مامەڵەكردنی زەوی و خانووبەرەدا بەڵام بە روودانی ئەو دابەزینی خانوو و زەوییە خەڵێكی زۆر زەرەرمەند بوو و کەسانێکیش لەو بوارەدا ئیفلاس بوون".
حاجی محەمەد پێی وایە كە ئەو بازرگانانەی كە كارییان كڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی نەبوو بەڵام بەهۆی قازانجی زۆرەوە هاتبوونە ئەم كارەكەوە ئێستا دەستیان لە كارەكە كێشاوەتەوە و ئەو خستنەڕووە زۆرەش كە هەیە هی ئەوانە و ئێستاش زیانی لێ دەكات بۆیە دەیەوێت بەهەر شێوەیەك هەیە ئەو موڵك و ماڵەی بفرۆشێت و جاری واش هەیە بە زەرەرەكەی پێ راناگات.
حاجی سەلام دەڵێت: "ئێستا خستنەڕوو زۆرە و داواكاری كەمە. ئێستا خەڵك بەپێی پێویست زەوی و خانوو دەكرێت یان بەكرێ دەگرێت بەڵام پێشتر وانەبوو پێشتر ئەمڕۆ ببكڕیایە سبەی بە قازانج دەتفرۆشتەوە. تا بەشێوەیەكی لێ هاتبوو كە هەموو بارزگانەكان وازیان لە بارزگانی هێنابوو و سەرمایەكانی خۆیان لە بواری فرۆشتنی زەوی و خانوو دانابوو".
گەڕانەوە بۆ ئاستی خۆی
حاجی سەلام پێی وایە كە ئەو ئاستەی كە لە ساڵی 2013ـدا هەبووە لە فرۆشتنی نرخی زەوی و خانووبەرەدا زەحمەتە بە ئاسانی بگاتەوە ئەو نرخە و دەڵێت: "پێشتر خانوویەكمان بە 420 هەزار دۆلار فرۆشتووە لە گوندی ئینگلیزی بەڵام لە چەند مانگی رابردوودا ئەو نرخە تاكو 190 هەزار دۆلار دابەزی بەڵام ئێستا لە دەوروبەری 210 هەزار دۆلاردا جێگیر بووە".
حاجی محەمەدیش دەڵێت: "ئەگەر ئەو هۆكارانەی كە بوونە هۆی بەرزبوونەوەی خانوو و زەوی لە رابردوودا وەكو خۆیان لێ بێتەوە هیچ گومانی تێدا نییە كە نرخی زەوی و خانوو بەرز دەبێتەوە و رەنگە ئەو نرخە بگەڕێتەوە ئاستی جارانی خۆی".
محەمەد سابر دەڵێت: "نەبوونی متمانە زیاتر زیانی بە خەڵك گەیاند و وایكرد كە خەڵك روو لە دەرەوەی وڵات بكات بۆ ئەوەی سەرمایەكانیان وەگەڕ بخەن و ئەگەر خەڵك متمانەی بە داهاتووی سیاسی كوردستان دروست بێتەوە، ئەوە خەڵك سەرمایەی خۆی دێنێتەوە كوردستان".
حاجی محەمەد دەڵێت: "ماوەی چەند مانگێكە كە خەڵك جورئەتی كڕین و فرۆشتنی پەیدا كردووەتەوە چونكە پێشتر خەڵك بە هەر شێوەیەك زوەی و خانووی بكڕیایە زەرەری دەكرد بەڵام ئێستا كە خەڵك متمانەی ئەوەی لا دروست بوو كە دابەزین نەما خەڵك هەندێك لەو زەوی و خانووبەرانەی كە نرخەكەیان گونجاوە دەیكڕێت بۆ قازانج رایدەگرێت".
رێككەوتنی لایەنە سیاسیەكانی هەرێم
خاوەنی ئەو دۆكۆمپانیا گەورەی بواری كڕین و فرۆشتنی زەوی و خانووبەرە لە هەولێر پێیان وایە كە هیچ شتێك هێندەی تێكچوونی پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم كاریگەریی لەسەر دابەزین و وەستانی بازاڕی كڕین و فرۆشتنی زەوی و خانووبەرە نابێت.
ئەندازیار محەمەد دەڵێت: "هیواخوازین لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەزووترین كات بگەنە چارەسەرێك بۆ كێشە سیاسییەكان چونكە ئەوە كاریگەریی لەسەر هەموو جومگەكان ژیانی خەڵك هەیە و ئەگەر متمانەی هاووڵاتییانیش بە لایەنەسیاسییەكان دروست بێتەوە ئەوە جووڵانەوەیەكی باش دروست دەبێت لە كڕین و فرۆشتنی زەوی و خانووبەرە".
حاجی سەلامیش ئاماژە بەوەدەكات كە "دوو هۆكار هەیە بۆ هەستانەوەی بازاڕ یەكەم بەرزبوونەوەی نەوتە و دووەمیش چاكبوونەوەی بارودۆخی هەرێمی كوردستانە بەڵام بارودۆخی هەرێمی كوردستان لە نەوت گرنگترە. زۆر جار نەوت لە 140 دۆلار بووە بەڵام كە پەیوەندی نێوان حزبەكانی ناوخۆ خراپ بووە بازاڕی دابەزاندووە و ئەگەر داشنەبەزی بێت بازاڕی راگرتووە. ئەگەر بارودۆخی ناوخۆ باش بێت ئەوە دەرەوە هیچ كاریگەریی لەسەر بازاڕ نابێت چونكە كاتێك داعش چەند كیلۆمەترێك لە هەولێر نزیك بوو بەڵام لەبەر ئەوەی حزبەكان یەكگرتوو بن هیچ كاریگەرییەكی لەسەر بازاڕ نەبوو".