ھەولێر و بەغدا لەبارەی ھەناردەکردنی نەوت گەیشتنە ڕێککەوتن
- سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی: "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ھەلومەرجە، لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی ھاوبەشمان بۆ تێپەڕاندنی ئەم کاتە سەختە، بڕیارمانداوە بە زووترین کات ڕێگە بە ھەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری ھەرێمی کوردستان بدەین".
Arbil
ھەولێر ــ AA
ھەولێر و بەغدا لەبارەی ھەناردەکردنی نەوت گەیشتنە ڕێککەوتن و چاوەڕوان دەکرێت سبەی چوارشەممە، ھەناردەکردنی نەوتی عێراق لە رێگەی بۆڕی ھەرێمی کوردستانەوە دەستپێدەکاتەوە.
لەوبارەیەوە سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان-عێراق، مەسرور بارزانی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە: "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ھەلومەرجە نائاساییەی ڕووبەڕووی وڵات بووەتەوە، و لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی ھاوبەشمان بۆ تێپەڕاندنی ئەم کاتە سەختە، بڕیارمانداوە بە زووترین کات ڕێگە بە ھەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری ھەرێمی کوردستانەوە بدەین".
ھەروەھا مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاندووە: "ھاوتەریب لەگەڵ بەغدا گفتوگۆکانمان بەردەوام دەبێت بۆ ھەڵگرتنی بەپەلە سنووردارکردنەکانی ھاوردەکردن و بازرگانیکردن بۆ ھەرێم، ھەروەھا بۆ دابینکردنی گەرەنتی پێویست بۆ کۆمپانیاکانی نەوت و گاز بۆ دڵنیابوون لەوەی کە دەتوانن لە ژینگەیەکی ئارامدا دەست بە بەرھەمھێنان بکەنەوە".
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوەکەدا، سوپاسی ئەمریکای کردووە بۆ پاڵپشتیکردن لەو پڕۆسەیە و ڕایگەیاندووە: "سوپاسی دڵسۆزانەم ئاراستەی ھاوبەشەکانمان دەکەم لە ئەمریکا بۆ ڕۆڵ و پشتیوانی بێوچانیان لەم پرۆسەیەدا".
لە بەرامبەردا وەزیری نەوتی عێراق، حەیان عەبدولغەنی ڕایگەیاند کە بەغدا و ھەولێر لەسەر ھەناردەکردنەوەی نەوت گەیشتوونەتە ڕێککەوتن.
حەیان عەبدولغەنی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە سبەینێ کاتژمێر ١٠ی بەیانییەوە ھەناردەکردنی نەوت لە بۆڕی ھەرێمی کوردستان دەست دەستپێدەکاتەوە و گوتی: "لە قۆناغی یەکەمدا، بڕی ٢٥٠ھەزار بەرمیل نەوتی لە بۆڕی نەوتی ھەرێمی کوردستانەوە، ھەناردەی بەندەری جەیھانی تورکیا دەکرێت".
