ئابووری

ھەرێمی کوردستان.. دابەزینی نرخی ئۆتۆمبێل

فرۆشیارانی ئۆتۆمبێل لە بازاڕی ئۆتۆمبێلی ھەولێر دەڵێن بازاڕیان بەرێژەی زیاتر لە سەدا ٧٠ دابەزیووە و ئەگەری ئەوە هەیە کۆمپانیایەکی زۆر دابخرێن.

Hamit Hüseyin  | 30.09.2015 - نوێکردنەوە : 01.10.2015
ھەرێمی کوردستان.. دابەزینی نرخی ئۆتۆمبێل

ھەولێر

دوای ھاتنی داعش و قەیرانی دارایی لە ھەرێمی كوردستان، بە گشتی بێ بازاڕی و دابەزینی نرخی كاڵاكان درووست بوو، لە ھەمانكاتدا بازاڕی ئۆتۆمبێلیش زۆر دابەزیوە.

بەڕێوەبەری كۆمپانیای مەلا عەباس، ئەحمەد عەباس لە بارەی بازاڕی ئۆتۆمبێل بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بە گشتی نرخی ھەموو جۆرەكانی ئۆتۆمبێل دابەزیوە و ھەرچەند قەبارەی ئۆتۆمبێل گەورەتر بێت ئەوە زیاتر نڕخی دابەزیوە و ھەروەھا ئەوەی زیاتر بەرچاوە ئۆتۆمبێلی یابانی كەمتر لە ئۆتۆمبێلەكانی ئەورووپی نرخی دابەزیوە".

ئەحمەد دەڵێت ''نرخی ئۆتۆمبێلی بچووك لە نێوان ١٠ بۆ ١٥ لە سەدا دابەزیوە بەڵام ئۆتۆمبێلی گەورە یا مۆدێلی پێشكەوتوو وەك مارسیدس و لاندكروزێر لە نێوان ٢٥ بۆ ٣٥ لە سەدا دابەزیووە و ھەروەھا لە ئێستادا لە بازاڕی ئێمە زیاتر كڕین و فرۆشتن بە ئۆتۆمبێلی كۆری دەكرێت بە ھۆی ئەوەی كە كەرستەی یەدەگی زۆرە و هەرزانە. 

لە بارەی ئۆتۆمبێلەكانی كشتوكاڵی ناوبراو گوتی: ''بە گشتی ئامێرەكانی كشتوكالی ھەرچەندە قەبارەیان گەورەتر بێت ئەوەندە زیاتر نرخیان دابەزیوە، بەڵام ئەوانەی بچووك وەك تراكتۆری ئێرانی نرخیان وەك پێشترە و زۆر بە كەمی دابەزیوە''.

لە پێشانگای فرۆشتنی ئۆتۆمبێل یوسف مستەفا خاوەنی كۆمپانیای لادێ دەڵێت "لەگەڵ ھاتنی ئەو بارودۆخە مەترسی زۆر رووی لە ئێمە كردەوە بە جۆرێك لە ساڵی رابردوو تا ئێستا چەند جارێك ویستوومانە وازبهێنین لە پیشەی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل ئەوەیش بە ھۆی نەبوونی پارە و بێ بازاڕی. ھەڤوەھا ئەوانەی لەو پێشانگایەدا دووكانیان بە كرێ گرتووە زۆربەیان لە ئێستادا دایدەخەن چونكە ناتوانن مانگانە ٢٥٠٠ تا ٣٠٠٠ دوڵار كرێ بدەن".

گوتیشی: ''خەڵكی ھەرێم ترسیان لە رەوشەكە ھەیە و كەس كڕین و فرۆشتن ناكات زۆربەی خەڵكی پارە كۆ دەكەنەوە تا ئەو رەوشە تێپەر بێت ئەمە لە كاتێكدایە كە رۆژ بە رۆژ رەوشەكە خراپتر دەبێت نەك باشتر، ئێمە سەبارەت بەبازاڕ سەدا ٧٠ی  قازانجمان كەم بووتەوە و داوا لە بەرپرسان دەكەین كە رەوشی نێوخۆ باشتر بكەن تاوەكو خەڵك دڵخۆش بێت و روو لە ئێمە بكاتەوە".

بە پێجەوانەی فرۆشیاریان كڕیارێك لە پێشانگاكانی ئۆتۆمبێل كامەران خالید بۆ ئانادۆڵو دەڵێت ''من دڵخۆشم بەوەی كە نرخی ئۆتۆمبێل رۆژ بە رۆژ دادەبەزێت و ھەست دەكەم كە لە ئێستادا ئەو پارەم دەبێت كە منیش وەك خەڵكی ئۆتۆمبێلێكم ھەبێت و لەوانەیە ئەم دابەزینە بە زیانی ھەندێك كەس بێت بەڵام بۆ ھەندێك كەسیش دڵخۆشكەرە كە دەتوانن ئۆتۆمبێلێكی باش بە 15 هەزار دۆلار بكڕن''.

فرۆشیار لە بازاڕی ئۆتۆمبێل لە شاری ھەولێر لەتیف عەلی دەڵێت ''نرخی ئۆتۆمبێل دابەزیوە و داوا لە حكوومەت دەكەم بۆ چارەسەرکردنی ئەو كێشەیە رێگە بدات ئۆتۆمبێل بەناوی عەرەب بكرێت بەڵكو بازاڕمان باشتر بێت بە جۆرێك كە لە ئێستادا خەڵكێكی زۆری عەرەب رووی لە ھەرێمی كوردستان كردووە و زۆربەیان بۆ كڕینی ئۆتۆمبێل روو لە پێشانگاكان دەكەن بەڵام كێشەی بەناو كردنیان ھەیە كە ئۆتۆمبێلی ھەرێم بە ناویان ناكرێت ئەوانیش ناتوانن بكڕین".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın