چین: "باجی گومرگیی تاکلایەنەی ئەمریکا لەگەڵ بنەماکانی بازرگانی نێودەوڵەتییدا ناگونجێت"
وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند، لەھەمبەر ئەو باجە گومرگییەی کە تاکلایەنە لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر وڵاتەکەیاندا سەپێندراوە، زنجیرەیەک ڕێوشوێن بۆ پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانیان، دەگرنەبەر.

Beijing
پەکین ــ AA
وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند، ئەو باجە گومرگییەی کە تاکلایەنە لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر وڵاتەکەیاندا سەپێندراوە، لەگەڵ بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتییدا ناگونجێت و ئاماژەی بەوەشدا کە زنجیرەیەک ڕێوشوێن بۆ پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانیان، دەگرنەبەر.
وەزارەتەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە لەھەمبەر ئەو باجە گومرگییەی کە تاکلایەنە لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر چیندا سەپێندراوە، زنجیرەیەک ڕێوشوێن بۆ پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانیان، دەگرنەبەر.
باسی لەوەش کردووە کە ئەو ھەنگاوەی ئەمریکا، لەگەڵ بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتییدا ناگونجێت، ھەروەھا ھەڕەشە لە بەرژەوەندییە ڕەواکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات و ڕایگەیاندووە: "ئەمە نەک تەنھا، ھەر زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەگەیەنێت، بەڵکو گەشەی ئابووری جیھانیش دەخاتە مەترسییەوە".
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە زۆرێک لە ھاوبەشە بازرگانییەکانی ئەمریکا ناڕەزاییەتی خۆیان لەھەمبەر ئەو ھەنگاوەی دەربڕیوە و جەختی لەوە کردووەتەوە: "مێژوو سەلماندوویەتی کە زیادکردنی باجی گومرگیی، کێشەکانی ئەمریکا چارەسەر ناکات، چونکە لە شەڕی بازرگانیدا ھیچ لایەنێک براوە نییە".
ھەروەھا وەزارەتی دەرەوەی چین داوای لە ئەمریکا کردووە کە بڕیارە تاکلایەنەکەی سەبارەت بە سەپاندنی باجی گومرگیی ھەڵبوەشێنێتەوە و ناكۆكییەكانی لەگەڵ ھاوبەشە بازرگانییەکانی بە گفتوگۆ چارەسەر بکات.
دوێنێ چوارشەممە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ سەپاندنی باجی گومرگیی بەسەر چەندین وڵاتی جیھاندا، ڕاگەیاند کە کەمترینیان بەڕێژەی لە سەدا ١٠ دەبێت.
دۆناڵد ترەمپ باجی گومرگیی بەڕێژەی لە سەدا ٣٤ بەسەر چیندا، سەپاندووە.