هەولێر و بەغدا لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت ڕێککەوتن و چاوەڕوانی گفتوگۆکان لەگەڵ تورکیا دەکەن
- بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە حکوومەتی فیدراڵ لەگەڵ حکوومەتی تورکیا قسە بکات و پرۆسەکە جێبەجێ بکرێت.

Arbil
هەولێر - AA
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوت ڕێککەوتن و چاوەڕوانن حکوومەتی فیدراڵ لەگەڵ حکوومەتی تورکیا گفتۆگۆ بکات و پرۆسەکە جێبەجێ بکرێت.
بە پێی ڕاگەیاندراوەکە، ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم بۆ پێویستی ناوخۆیی و بەرهەمەکانی دیکەش بە مەبەستی هەناردەکردن ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت.
لە ڕاگەیاندراوێکدا، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق بڵاوی کردەوە کە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوت ڕێککەوتوون و کۆنووسی ڕێککەوتنەکەش لەلایەن ٢٣ ئەندامی شاندی هەردوولا واژوو کراوە کە ١٧ ئەندامییان شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بوون.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، "کۆبوونەوەکان لە ١٧ مانگی ٧ دەستیان پێکرد و لەم ماوەیە سەردانی تەواوی کێڵگەنەوتەکانی هەرێم کراوە و دوای هەڵسەنگاندنی کێشە هونەرییەکان، گفتوگۆیەکی زۆر، لە ١١ی مانگی ئابی ٢٠٢٥ ڕێککەوتن لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی هەرێم کراوە، کە بەگوێرەی بەرهەمی ڕۆژانەی کێڵگەنەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت، ئەویش دوای ئەوەی ٥٠ هەزار بەرمیل بۆ پێویستیی ناوخۆی هەرێم گلدەدرێتەوە، بەرهەمەکەی دیکە بۆ هەناردەکردن ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت".
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاندووە، "بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە حکوومەتی فیدراڵ لەگەڵ حکوومەتی تورکیا قسە بکات و پرۆسەکە جێبەجێ بکرێت".