
سلێمانی
پەروین بابەکر، وەزیری پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بوو لە ئیدارەی سلێمانی ساڵی ٢٠٠٣. ئێستا سەرقاڵی کاری بارزرگانی و سەرمایەگوزارییە، هەروەها دەستبەرداری سیاسەت نەبووە و کادیرێکی بەرچاوی ی.ن.ک یە.
هەرچەندە بۆ خۆی نکوڵی لێ دەکا، بەڵام دەڵێن یەکێکە لەو کەسانەی لە نێو حزبەکەیدا تایبەت کراوە بە کەرتی نەوت و گرێبەستەکانی ئەو بوارە. بابەکر لە ھەپڤەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی رابردوو و داهاتووی کەرتی پیشەسازیی و نەوتی هەرێمی کوردستان دەکا. ئەو زیاتر گەشبینە بە ئایندەی ئەم هەرێمە.
ئانادۆڵو: نزیکەی دە ساڵ پێش ئێستا تۆ وەزیری پیشەسازیی ھەرێم بووی، ئێستا ھەست بە چ گۆڕانکارییەک دەکەیت لە کەرتی پیشەسازیی ھەرێم؟
پەروین بابەکر: پیشەسازیی دوای ئازادیی ھەرێمی کوردستان بە سێ قۆناغدا تێپەڕیوە:
١ - قۆناغی وێرانکاری و ئابڵوقەی ئابووریی، ئێمە دوای راپەڕین ھاتینە سەر وڵاتێکی دارووخاو، ئەمە جگە لەوەی پێشتریش حکومەتی بەعس بە بەرنامە کوردستانی فەرامۆش کردبوو، بەدەگمەن کارگەیەکی ستراتیژیی یان زۆر گرنگی لە شارەکانی کوردستان دادەمەزراند، ئەوەی کە ھەبوون زۆر بە کەمتر لە توانای خۆیان کاریان دەکرد، سەرەتایی حکومڕانی کوردی لە یەک کاتدا لە دوو لایەنەوە ئابڵوقەی ئابوورییمان لەسەر بوو، عێراق خۆی ئابڵوقەی نێودەوڵەتی لەسەر بوو و ئەویش ئابڵوقەی کردبووە سەر ھەرێمی کوردستان، بۆیە کاتێک کارگەی چیمەنتۆی سەرچنارمان خستەوە گەڕ سودمان لە کەل و پەلی پەنجاکان وەرگرت، کە لەو کاتەدا کرابوون بە سکراب، چونکە نەماندەتوانی کەل وپەلی و پێداویستی تازەمان چنگ بکەوێت لەبەر ئەوەی ھێنانی کەل و پەلی پیشەسازیی لە عێراقەوە وەک کەل و پەلی سەربازی تەماشادەکرا، پاڵپشتی گەورەی ئەو کاتە بەرھەمھێنانی نەوت بوو بە دەست و توانای کوردستانی خۆمان بۆ وەگەڕخستنی کارگەکانمان، ئەمە بووە ھۆی ئەوەی کە ھەردوو کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار و تاسڵوجە بخەینەوە کار و بۆ ئەو زەمەنەش کۆمەکێکی گەورەی بە موچەی بەڕێوەچوونی حکومڕانی و دابینکردنی بودجەی حکومەت کرد، ئەمەش دەکاتە ئەوەی ئێمە بە ئیمکانیەتێکی کەم و دۆخێکی نالەبارەوە چوینە قۆناغی بونیادنانەوە و دروستکردنی ژێرخانی پیشەسازیی.
٢ - قۆناغی بونیادی پیشەسازیی، ئێمە لەم قۆناغەدا لە وەزارەت بووین، بە ئەرکی خۆمان زانی کە کار بۆ خستنەوە گەڕی ھەموو کارگەکان بکەین، وە لە ھەمان کاتدا ھەر پیشەسازییەک پێویست بوو دەستمان پێکرد، دەتوانین بڵێن لەم قۆناغەدا ھەرێمی کوردستان بە تەواوی روونبووەوە کە دەتوانێ ببێت بە ھەرێمێکی پیشەسازیی، چونکە کارمان لەسەر چەندین پیشەسازیی کرد و ھەرێمەکەمان بۆ زۆر پیشەسازیی گونجاوە، بە نمونە چیمەنتۆ و مەڕمەڕ و شیرەمەنی و پێستە و زۆر پیشەسازیی دیکە، وە دەبێ بۆ ئەو قۆناغە ئاماژە بە پرۆسەیەکی گرنگ بدەم ئەویش بە تایبەتیکردنی کەرتی پیشەسازیی بوو، کە ئێمە ئەو کاتە درکمان بە گرنگی ئەو پرۆسەیە کرد و لە کارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجەوە دەستمان پێکرد و لە کەرتی گشتیەوە رادەستی کەرتی تایبەتمان کرد، ئەو کات لە لایەن زۆرێک لە راگەیاندنەکان و شارەزایانی ئابووریی و پیشەسازییەوە رەخنەمان لێ دەگیرا و پێیان وابوو کارێکی ھەڵەمان کردووە، بەڵام ئێمە لامان روون بوو کە سەرتای کرانەوەی ئابووریی و بوژاندنەوەی وڵات لە کەرتی تایبەتەوە دەست پێ دەکات، وا ئاستی ئەمرۆی کارگەکان ئەو راستییەی سەلماند و ئەنجامی بە تایبەتی کردنمان بینی.
٣- قۆناغی گەشەسەندنی ئابووریی، ئێمە لەم قۆناغەدا لە رێی کەرتی تایبەتەوە کار لەسەر گەشەسەی ئابووریی دەکەین، ئێمە ئێستا دەمانەوێت تا ئەندازەی پێویست گەشە بە پیشەسازیی و ئابوورییمان بدەین. لە ئێستادا ھەرێمی کوردستان زۆر ھەلی وەبەرھینان لە بواری پیشەسازیی تیادا دەرکەوتووە، بە نمونە ناوچەی بازیان لە ئایندەیەکی نزیکدا دەبێە گەورەترین ناوچەی پیشەسازیی لە عێراقدا، چونکە ھەڵکەوتەی خاک و سروشتی بە شێوەک گونجاوە کە بۆ زۆر پیشەسازیی دەگونجێت، ئێستا کارگەی ئاسن و پاڵاوگەی نەوت و کارگەی چیمەنتۆی لێ دەمەزراوە، لە داھاتوویەکی نزیکدا ژمارەی کارگەکانی چیمەنتۆ دەبێە زیاتر لە شەش کارگە.
وە لە کۆی ھەر سێ قۆناغەکە پێکەوە، ژمارەکان زۆر شتمان بۆ روون دەکەنەوە:
١٩٩١ ھاتینە سەر وڵاتێکی خاپور، ساڵی ٢٠٠٤ لە کوردستاندا ١٠٦٩ کارگەمان ھەبوو، لە ساڵی ٢٠١٢ دا ئەم ژمارەیە بەرزبووەوە بۆ ٢٧٤٩ کارگە.
١٩٩١ لە دەستی بەعس راپەڕین تەنیا جەستە و عەقڵمان مابوو، بەڵام تا ٢٠٠٤ (١٨٧٤) کۆمپانیای خۆماڵیمان بونیادنا، لە ساڵی ٢٠١٢ ئەم ژمارەیە بەرزبووەوە (١٠٤٧٧) کۆمپانیا.
١٩٩١ خەڵکی بیانی دەھاتن تا نەھامەتیەکانمان بکەن بە راپۆرتی رۆژنامەوانی یاخود دەھاتن تا دەستی خێرخوازیمان بۆ درێژبکەن، بەڵام ئێستا ھەمان ئەو کەسانە دێن تا خێرمان لێ ببینن، ئێستا زیاتر لە ٢٠٢٨ کۆمپانیای بیانی لە کوردستانن تا کاری وەبەرھینان و بازرگانی بکەن و سودمەند بن و سوود بە ئابووری ھەریمی کوردستان بگەیەنن.
ئانادۆڵو: کەرتی پیشەسازیی تەنیا لە نەوتدا کۆکراوەتەوە، ئەمە ئاساییە؟
پەروین بابەکر: ئەگەر پیشەسازیی تەنیا لە نەوتدا کۆ بکرێتەوە نەخێر ئاسایی نییە، بەڵکو پێویستە سود لە نەوت وەربگرین بۆ ھەموو پیشەسازییەک، ھەرێمەکەمان بۆ زۆر پیشەسازیی دەگونجێ، ئێمە لە ھەوڵداین بە سودوەرگرتن لە نەوت بۆ ھەموو بوارەکان، خاکەکمان وا خوڵقاوە دەوڵەمەندە بە کەرەستەی خاو بۆ زۆر پیشەسازیی، بە نمونە چیمەنتۆ، ئێمە لەم سێ پارێزگایەی ھەرێم سێ کارگەی چیمەنتۆمان ھەیە، کە تاقەی تەێمیمی ساڵانە (٨,١٠٠,٠٠٠) ھەشت ملیۆن و سەد ھەزار تەنە، کە لە ساڵی ٢٠١٢دا (٧,٤٠٠,٠٠٠) حەوت ملیۆن و چوار سەد ھەزار تەنی بەرھەم ھێناوە، واتە (%٩١) تاقەی تەێمیمی، بەمەش نەک ھەر پێویستی خۆمانی پڕکردۆتەوە، بەڵکو کۆمەکێکی زۆری پارێزگاکانی عێراقیشی کردووە. چونکە لە عێراقدا (٩) کارگەی چیمەنتۆ ھەیە، کە بە تێکڕا تاقەی تەێمیمی (١٥.٨٠٠.٠٠٠) پانزە ملیۆن و ھەشت سەد ھەزار تەنە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٢ تەنیا (٤.٣٢٠.٠٠٠) چوار ملێون و سێ سەد و بیست ھەزار تەن چیمەنتۆ بەرھەم ھاتووە، واتە بەڕێژەی (٢٧%) تاقەی تەێمیمی. لەگەڵ ئەوەشدا کارگەی ئاسنمان ھەیە لە ناوچەی ھەریر و لە ناوچەی بازیانیش لە کۆتایی تەواوبوونی کارگەکەدایە بۆ بەرھەم ھینان. ئەمە جگە لەوەی بە دابەشبوونی جیاواز کارگەی پێستەخۆشکردن و شیرەمەنی و کانزای نا فلزی و چەندان پیشەسازیی دیکەمان ھەیە.
ئانادۆڵو: نەوت بە تەنیا دەرھێنانی لای خۆمانە، دەنا ھیچ پیشەسازییەکی پترۆکیمیاوی نییە لەم وڵاتەدا، کەواتە ئەرکی خۆی بە جێھێناوە؟
پەروین بابەکر: بۆ برەودان بە پیشەسازیی پیترۆکیمیاوی بوونی دەروازەیەکی گواستنەوەی ئاوی زۆر گرنگە، جوگرافیای ھەرێمەکەمان وا خوڵقاوە گواستنەوە بۆ ئێمە کەمێک گران بێت، ئێمە دەروازەیەکی ئاویمان نییە تا راستەوخۆ بگەینە بازاڕ و پیشەسازییەکانی جیھان، بۆیە چ پترۆکیمیاویات و چ زۆر لایەنی دیکەی وزە لە ئاستێکی لاوازدایە، بەڵام ئەمە تەنیا یەک ھۆکارە و ئەم پاساوە ناکاتە ئەوەی کە بە پیشەسازیی پیترۆکیمیاویات ھەڵنەستین، لە روویەکی دیکەوە ئەرکی نەوت زۆر لەوە زیاترە کە باسی لێوە دەکرێت، نەوت بە تەنیا سامانێک نییە بۆ پیشەسازیی، راستە کەرەستەی سەرەکی پیشەسازییە و ئێمەش بە پێی پێویستی کارگە و وزە جیاوازەکان سودی لێ دەبینین، بەڵام پێویستە زۆر لەوە زیاتر سودی لێ ببینین، ئەمەش دەبێ بکرێت. ئێمە لەوە دڵنیاین کە پرۆسەی گەڕان بە دوای نەوت و دۆزینەوەی نەوت و دەرھێنانی نەوت و پاڵاوتنی نەوت پرۆسەیەکی یەکانگیرە و بە دوای یەکدا دێت و دوای ئەوەش پاڵاوتنی نەوت و بەدەست ھێنانی بەرھەمی نەوت دێت لە کۆتایی پرۆسەکەدا دامەزراندنی کارەگەی پترۆکیمیاویە لە ناوچەکەدا. بۆیە لەم پرۆسەیەدا بە دڵنیایی پێویستمان بە کارگەی پترۆکیمیاوی دەبێ پشت بەستوو بەو ڕاستیەی کە کڕیارەکانی نەوت بڕی قازانجیان لە بەرھەمی نەوتی زیاترە لە فرۆشیارەکانی نەوتی خاو لە ھەر بەرمیلێک نەوتی خاوو. لە ھەمان کاتدا پێویستە حکومەتی ھەرێم بە یاسا ئەوە بچەسپێنێت تاکو بە تەنیا سود لە فرۆشتنی نەوت وەرنەگرین بەڵکو بە گشتی بۆ گەشەسەندنی پیشەسازیی بە تایبەتی بۆ پترۆکیمیاویات سودی لێوەربگرین.
وە سەبارەت بە دەرھێنانی نەوت، راستە ئێمە تەرکیزی تەواومان لەسەر دەرھێنانی نەوتە، بەچەشنێ بیر لە ئایندە و نەوەکانی داھاتوو ناکەینەوە!، ئەو دۆخەی دەیبینین ھیوا بەخش نییە، ئێمە ئەمرۆ بە تەواوەتی قورسایی خۆمان خستۆتە سەر دەرھێنانی نەوت، بەچەشنێ پێ ناچێت بۆ نەوەی داھاتوو ھیچ نەوتێکی یەدەکمان بمێنێت، جا گەر نەوت لە ژێر خاکدا نەھێڵین و پرۆژەی پترۆکیمیاویان بونیاد نەنێن ئەی چی بە جێ بھێڵین بۆ نەوەکانی ئایندە؟! دەبێ بیری ئەوەمان ھەبێت دونیا بەس ئەمرۆ نییە و پێویستە پلانمان بۆ ئایندە و ژێرخانی ئابووریی ھەبێت، کار بۆ نەوەکانی داھاتوو بکەین و بیری چینی گەنجانمان ھەبێت.
ئانادۆڵو: قەرزی پیشەسازیی چەند دەتوانێ ئەو قۆناغە تێ بپەڕێنێ لە سڕبوونی کەرتی پیشەسازیی تێی کەوتووە؟
پەروین بابەکر: ئامانجی سیاسەتی قەرزی پیشەسازیی بوژاندنەوە و پێشکەوتنی کەرتی پیشەسازییە، پێشتریش لە ئەزموونی چەندین وڵاتدا بەکار ھاتووە و سەرکەوتوو بووە، بەڵام ئەمە بەتەنیا بەس نییە بۆ بوژاندنەوەی کەرتی پیشەسازیی، بەڵکو پێویستە لە یەک کاتدا چەندین پلانی جیاوازمان ھەبێت، تاکو بتوانین پیشەسازیی ئەمڕۆ ئەنجام بدەین. لە ھەمان کاتدا پێویستە کار لەسەر لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم یاسای قەرزی پیشەسازیی بکەین و دەبێ وا بکەین ئەوکەسەی قەرزی پیشەسازیی وەردەگرێت ئەوەندە گرفتی نەیەتە پێش. بۆ نمونە یەکێک لە مەرجەکانی یاسای قەرزی پیشەسازیی ھەرێم ئەوەیە کە پێویستە وەرگر کەل و پەلە پیشەسازییەکان بھێنێتە ھەرێم ئەو کات قەرزەکەی بۆ خەرج دەکرێت، ئەمەش دەکاتە ئەوەی کە ئەو کەسە قەرزێکی تر بکات تاکو ئەو کەل و پەلانە بھێنێت، واتە دووجار دەبێ قەرز بکات.
ئانادۆڵو: تا چەند کوردستان ناوەندێکە بۆ پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازیی، چۆن دەکرێت سودی لێوەربگیرێت؟
پەروین بابەکر: کوردستان ھەموو مەرجێکی بوون بە ناوەندی پیشەسازیی تیادایە، ئێمە جگە لە نەوت ئێستا لە گازی سروشتیدا ململانێی جیھانی دەکەین، خاکەکەمان بۆ چیمەنتۆ زۆر لە بارە، دەیان ناوچەمان ھەیە بۆ بەردی مەڕ مەڕ، ھەر چنگە خاکێکی ئەم وڵاتە دەتوانرێت سودی لێ وەریگیردرێت بۆ کەرەستەی سەرەتایی جۆرەھا پیشەسازیی، وە دەتوانین سودی لێ وەربگرین بە ھەستانەوەی ژێرخانی ئابووریی و بونیادنانی کارگەی گەورە، بەمەش لە رووی دابینکردنی ھەلی کار و بەکارھێنانی توانای گەنجانی خۆمان سودمەند دەبین، لە ھەمان کاتدا ھاوردەکردنی مەواد لە دەرەوە کەم دەبێەوە.
ئانادۆڵو: ئەگەر کەرتی پیشەسازیی لە کوردستان بەم جۆرە بمێنێتەوە تا چەند ئاسۆیەکی روونمان دەبێ؟
پەروین بابەکر: بە پرسیارەکەتاندا دەردەکەوێ پێتانوایە کە پیشەسازیی کوردستان لە دۆخێکی سڕبوون و خراپدایە، بەڵام پێم وانییە بەو شێوە رەشبینانە بێ کە بیری لێ دەکەنەوە. لە روویەکی دیکەوە ھەر قۆناغە و بە پێی پێویستی دەبێ بگۆڕێت، ھیچ وڵاتێکی جیھانی ناتوانێ لەسەر یەک جۆر و شێواز بمێنێتەوە، ھەر چۆن پیشەسازیی خەڵوز سەردەمی نەما و ئێستا نەوت جێگای ھەموو پیشەسازییەکانی گرتۆتەوە، بەندە وای دەبینم گازی سروشتی جێگا بە نەوت لێژ دەکات، لە ھەمان کاتدا پێویستە خۆمان بۆ شەڕی ئاویش ئامادە بکەین، وەک پێشتر ئاماژەم پێکرد ئێمە بەر لە ٢٢ ساڵ ھیچ پرۆژەیەکی پیشەسازیی وەھا گەورەمان نەبوو، بەڵام بە پێی دوا ئاماری ئەم ساڵ لەم سێ پارێزگایەی ھەرێم ٨٩ دامەزراوەی پیشەسازیی گەورە و ٢٣٦ دامەزراوەی پیشەسازیی مامناوەند و ١١٤٨٤ دامەزراوەی بچووکمان ھەیە، ئایا ئەم ژمارانە ئاسۆیەکی روونمان پیشان نادەن؟لەگەڵ ئەوەشدا وای دەبینم تا ئەمڕۆ گەر وەک پێویستیش نەبووبێتین بۆ ئەو ھەموو ناھەموارییەی ھاتۆتە رێی ئێمە ئەم ئاستە خراپ نییە. بەڵام لە ئاستی خواستی ئێمەدا نییە، بەڵکو ئێمە زۆر لەمەزیاترمان مەبەستە و خەونی گەورەمان ھەیە کە کوردستان ببێتە ناوەندێکی پیشەسازیی گەوەرە، پێشمان وایە بتوانین چونکە ئیرادەمان ھەیە و ھەرێمەکەمان لەبارە کەرەستەکانی پیشکەوتنی یشەسازیشمان ھەیە.
بەشی دووەم:
ئانادۆڵو: دەوترێت لە زۆنی سەوز ھەموو گرێبەستە نەوتییەکان و کۆمپانیا نەوتییەکان ئێوە (ی.ن.ک) سەرپەرشتی دەکەن، ئەوە راستە؟
پەروین بابەکر: نەخێر ئەوە راست نییە، گرێبەستی نەوت کاری حکومەتە جا لە ھەر جێگایەکی ھەرێمی کوردستاندا بێ، ئێمە کۆمپانیای خۆمان ھەیە و دەیان کۆمپانیای غەیری ئێمەش ھەیە، بەڵام دەبێ ئەوە بووترێت ئێمە بە پێی یاسا و رێنمای کارەکانمان ئەنجام دەدەین، لەگەڵ ئەوەشدا خۆمان بە خاوەن بیرۆکەی دەرھێنانی نەوتی ھەرێم دەزانین، چونکە کاتێک یەکێتی دەستپێشخەری دەرھێنانی نەوتی کرد لای زۆرێک وەک نوکتە و خەیاڵ وابوو، لە مانگی دووی ساڵی ١٩٩٢دا بۆ یەکەمین جار لە لایەن ئەندازیارێکی یەکێتیەوە پێشنیاری دەرھێنانی نەوت کرا، جگە لە یەکێتی تا ماوەیەکی زۆر دواتریش باوەڕبوون بە توانای خۆمان بۆ دەرھێنانی نەوت لە کوردستان نەبوو، بە کۆششی چەند ئەندازیارێک لە بەرواری ٢٦/٤/١٩٩٤دا لە ناوچەی (شیواشۆک/تەقتەق) ئەو خەیاڵەمان کرد بە راست، چونکە ئێمە کاتێک بیرۆکەی دەرھێنانی نەوتمان پێشنیارکرد بروامان بەوە ھەبوو کە سەربەخۆی ئابووریی پاڵپشتێکی گەورەیە بۆ سەربەخۆی سیاسی و گەر بماناوێت خەونی لەمێژینەمان بھێنیە دی ئەوا پێویستە کار لە ئابوورییەکی سەربەخۆ و تۆکمەدا بکەین، بۆیە ناوچەی دەسەلاتی یەکێتی زیاتر بە سەروەری دەستپێشخەری بەرھەمھێنانی نەوتدا دەناسرێتەوە نەک وەک ئەوەی دەڵێن سەرپەرشتی گرێبەست بکەین.
ئانادۆڵو: لەو کێشەیەی کۆمپانیای دانا غاز کە لەگەڵ حکومەتی ھەرێمدا ھەیەتی و ئێستا لە دادگایەکی بەریتانیا سکاڵای لە دژی حکومەتی ھەرێم تۆمارکردووە، کامیان لەسەر ھەقن؟ بە تایبەت کە کارکردنی کۆمپانیای دانا غاز لە سنووری ئیدارەی یەکێتیدایە.
پەروین بابەکر: راستە کارکردنی دانا غاز لە سنووری ئێمەدایە، بەڵام وەک پێشتر وتم پەیوەندی راستەوخۆی بە حکومەتەوە ھەیە، وە پێویستە دادگا یەکلایی بکاتەوە کە کامیان لەسەر ھەقن، گەشبینم ھەر کێشەیەک بچێتە دادگایەکی عادیلانە کەس مافی ناخورێت، بۆیە دەبێ چاوەڕوانی دادگا بن.
ئانادۆڵو: جێگری سەرۆکی حکومەت کە یەکێتییە عیماد ئەحمەد دەڵێ ئاگامان لە وردەکاری پرۆسەی نەوتی ھەرێم ھەیە، بەڵام جێگری سکرتێری گشتی کۆسرەت رەسوڵ لە یادی دامەزراندنی حزبەکەتاندا لە ھەولێر لەبەردەم جەماوەردا داوایکرد پرۆسەی نەوت شەفاف بێ... کامیان رای یەکێتییە؟
پەروین بابەکر: یەکێتی گەر وەک حیزب رای خۆی دەرببڕێ ئەوا وتەبێژی فەڕمی ھەیە، ، بەڵام پێویستە ئەوەش بوترێ پێگەی پۆست و بۆنەی ئەو لێدوانانەی تیادا دراوە جیاوازە، کاک عیماد لە پێگەیەکی حکومیەوە ئەوە دەڵێ، لە ھەمان کاتدا کاک کۆسرەت لە یادی دامەزراندنی یەکێتیدا داوای شەفاف بوونی کرد، ھەڵبەت ئەو لێدوانەی بەڕێزیان پاڵپشتی بوو بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان کە داوای شەفافبوونی چۆنێتی داھاتی نەوت دەکەن، ئەمەش سیاسەتی یەکێتی بووە بۆ ئێستا و رابردوو کە ھەمیشە لە تەواوی پرسەکاندا لە بەرەی گەلدا بێت.
ئانادۆڵو: بۆری نەوتی ھەرێم تورکیا چەند رۆژێکە کارە تەکنیکیەکانی تەواو بووە و ئێستا ئامادەیە.. کەی نەوت لە بۆریەکەوە ھەناردە دەکرێت؟
پەروین بابەکر: دواین زانیاری سەبارەت بەم پرۆسەیە بریتیە لە ھەناردەکردنی نەوت لەم بۆریەوە بۆ تورکیا لە سەرەتای ساڵی داھاتوو. ئەمەش لە راگەیاندنەکانەوە ئاماژەی پێکراوە، وە دەبێ دواجار لەنێوان ھەرێمی کوردستان و بەغداد و تورکیادا میکانیزمی گونجاو ھەڵبژێردرێت.
ئانادۆڵو: لە کاتێکدا کە بەغدا(بەتایبەت شەھرستانی) ھەڕەشە دەکات، تورکیاش دەڵێت لە نیگەرانیەکانی بەغدا تێدەگەین لەو کەیسەدا، کەچی چەند رۆژێک پێش ئێستا ئاشتی ھەورامی لە کۆنگرەیەک لە ئیستەنبوڵ گوتی بێجگە لەو بۆریە بۆریەکی دیکەش رادەکێشین بۆ تورکیا. ئەمە نیشانەی چییە؟
پەروین بابەکر: نەخشەی نوێی وزە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بە بێ ھەرێمی کوردستان سەرکەوتوو نابێ، ئێستا سێگۆشەی بەغداد - ئەنقەرە – کوردستان پەیوەندی نێوان عێراق و تورکیا دەردەخات، واتە ناتوانرێت کوردستان بخرێتە دەرەوەی ھاوکێشەکە، لەو باوەڕەدا نیم ئەنقەرە پێویستی بە کوردستان نەبێ ھەر نەبێ دەروازەی سەرەکیە بۆ تورکیا ، کاتێک لە نیگەرانی بەغداد تێ دەگات مەرج نییە چارەسەرەکەی ئەوە بێت بایکۆتی پەیوەندی ھەرێم بکات، لە ئێستادا تورکیا لەوە تێگەیشتووە کە ھەرێم قورسایی خۆی ھەیە و پێویستە وەک خۆی مامەڵەی لەگەڵدا بکات، لە ھەمان کاتدا بەرژەوەندی تورکیاش لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندایە، واتە ئەمە بەرژەوەندی چەند لایەنەیە.
ئانادۆڵو: دەوترێت تورکیا تەنیا وەکو سەرچاوەی وزە سەیری ھەرێمی کوردستان دەکات، تا چەند لەگەڵ ئەو بۆچوونەدان؟
پەروین بابەکر: وزە یەکیکە لەو ئامانجە گشتیانەی کە ھەریمی کوردستان و عیراق و تورکیا پێکەوە کۆدەکاتەوە، بەڵام تەنیا ھۆکاری پەیوەندیمان نییە، بەڵکو پەیوەندیەکی فرە لایەنەی (ئابووریی- سیاسی، جوگرافی، کەلتوری ...ھتد) لە نێوانماندا ھەیە، ھەرێم لەگەڵ تورکیا تەنیا وزە و سنوور و ئاو لە نێوانیماندا نییە، بەڵکو ھاونەتەوەییش لە نێوانماندا ھەیە، کوردستانی باکور بەشێکی پەیوەندی نێوانمانە، کوردستانی باکور ئێستا ئەمری واقعە و چیتر تورکیا ناتوانێت فەرامۆشی بکات، جگە لە ھاونەتەوەیی ئاو و نەوت و گازی سروشتی کەلتور و ئابووری و ھاوسنووری پەیوەندی نێوانمانن.
ئانادۆڵو: پێت وایە تورکیا سەرکەوتوو دەبێ لەوەی لە یەک کاتدا مامەڵە لەگەڵ بەغدا و ھەرێمی کوردستان دەکات لە کەیسی نەوتدا؟ ئەمە سیاسەتی دوو فاقی نییە؟
پەروین بابەکر: بە رای من سیاسەتی دوو فاقیەت نییە، کەیسی نەوت ئەمڕۆ بە تەنیا لە سەرچاوەی وزە دەرچووە، بەڵکو نەوت لە یەک کاتدا ھەم ئابووریی و ھەم سیاسەتە، کاتێکیش ئابووریی و سیاسەت دەکەونە تەنیشت یەک ئیدی ھەموو شتێک مومکینە، جا بۆ وڵاتێکی بە ئەزموونی وەک تورکیا ئاسانە لە یەک کاتدا لەگەڵ دوو سەرچاوەی جیاوازدا مامەڵە بکات. پێشم وایە سەرکەوتوو دەبێ بە مەرجێک تەنیا بەرژەوەندی خۆی مەبەست نەبێ و ھیچی تر. چەند ھەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بێت لە بواری نەوت و گازی سروشتیدا بەڵکو وڵاتی عێراق زۆر سوودمەندتر دەبێ، چونکە داھاتی نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان بەشە زۆرەکەی بۆ ھەموو وڵاتی عێراقە.
ئانادۆڵو: باش بوونی پەیوەندیەکانی نێوان بەغدا و ئەنکەرە لەم دواییەدا کار دەکاتە سەر راگرتن یان سست بوونی پەیوەندیە نەوتیەکانی ھەولێر و ئەنکەرە؟
پەروین بابەکر: پێم وانییە، ھەموو پەیوەندیەک لە گۆڕاندایە، زەمەن و بارودۆخ و بەرژەوەندی و چەند پرسێکی دیکە پەیوەندیەکان دەستنیشان دەکات، وە وەک پێشتر ئاماژەم پێ کرد نەوت بەشێکە لە سیاسەت، وە تورکیا وزەی مەبەستە چ لە ھەرێم چ لە عێراق.
ئانادۆڵو: ئەمەریکا لەم نێوەندەدا بە چ ئاراستەیەک کاردەکات، لەگەڵ ئەوەدایە کە ئێوە لە رێی تورکیاوە نەوت بگەیەننە بازاڕەکانی جیھان؟
پەروین بابەکر: لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئاسایشی وزە پەیوەندیەکان دیاریدەکات. پێم وایە بە ناراستەوخۆ ئەمەریکا پاڵپشتی سیاسەتی وزەی تورکیا دەکات، بۆ ئێمە تورکیا دەروازەیەکی گرنگی ئەوروپا و رۆژئاوایە، لە ھەمان کاتدا ئەمەریکا لەلایەک ھاوپەیمانێکی وزەی تورکیایە و لە لایەک کۆمپانیاکانی ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان، واتە ئەمەریکا دەیەوێ پەیوەندی تورکیا و ھەرێم ھەمیشە سەلامەت و بێ کێشە بێت، ئیدی بەرژەوەندی ئەمەریکا لە کۆمپانیاکانیدایە و بە دڵنیاییەوە دەروازەی بێ کێشەیان بۆ دابین دەکات. لە کاتێکدا ئەمەریکا گەر بیەوێت چاوی لەسەر ھەندێک شت دابخات، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو ئاگادارە لەم ناوچانە چی دەگوزەرێت، بۆیە ئەمەریکا لە ھەموو ناوچەیەک بە ئاراستەی بەرژەوەندیخوازی خۆی کاردەکات، ئەمەش وەک ھەموو وڵاتێک و بگرە زیاتریش.
ئانادۆڵو: بۆچی بەو ئاشکراییەی کەلەگەڵ تورکیا مامەڵەی وزە دەکەن بە ھەمان شێوەش مامەڵە لەگەڵ ئێران ناکەن، ئەمە لەبەر توڕەنەکردنی ئەمەریکا و رۆژئاوایە یان ئێران پێویستی پێی نییە؟
پەروین بابەکر: ئێران لەگەڵ رووسیا و قەتەر (لە سەدا ٥٨) گازی سروشتی جیھان پێک دەھێنن، لە یەدەکی نەوتدا لە دوای سعودییە و لە گازی سروشتیدا دوای رووسیا ئێران دەوڵەمەندترین وڵاتی جیھانە، واتە بۆ ھەردوو سامانەکە یەکێکە لە وڵاتە ھەرە دەوڵەمەندەکانی جیھان، بۆیە ئێران وەک تورکیا پێویستی بە نەوت و گازی ئێمە نییە، بۆ ئێمە و بۆ عێراقیش تورکیا زیاترە لە ھاوسنوورێک، جگە لە وزە لە ئایندەدا مامەڵەی ئاویشمان دەبێ، رەنگە ئاو بۆ ھەرێم ئەوەندە جێی ھەڵوەستە نەبێ وەک لەوەی بۆ عێراق، چونکە سەرچاوە بچوکەکان و ئاوی ژێر زەویش رەنگە بتوانێت ببێت بە جێگرەوەی رووباری دیجلە، لە ھەمان کاتدا سەرچاوەی ھەردوو رووبارەکەش لە بەشێک لە کوردستانی گەورەدایە، ئەمە دەکاتە ئەوەی تورکیا مامەڵەکارێکی درێژخایەنی عێراق و ھەرێمی کوردستانە. لە روویەکی دیکەوە ھەڵکەوتەی جوگرافیای گواستنەوەی وزەی ھەرێم-تورکیا لەبارترە وەک لە ھەرێم-ئێران.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن