ئابووری, archive

قەیرانی کەرتی کشتوکاڵ لە ھەرێمی کوردستان

ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەی روبەرێکی بەرفراوان زەویی کشتوکاڵی ھەیە بەڵام ئەو کەرتە ساڵانێکە لە قەیراندایە و بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ بەروبوم لە وڵاتانی دەرەوەوە ھاوردە دەکرێ.

12.11.2013 - نوێکردنەوە : 12.11.2013
قەیرانی کەرتی کشتوکاڵ لە ھەرێمی کوردستان

ھەولێر

ئەگەرچی ھەرێمی کوردستان وەک بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی ھەرێم ئەنوەر عومەر قادر دەڵێ، خاوەنی چوار ملیۆن دۆنم زەویی کشتوکاڵی و ٣٠ ملیار مەتر سێجا ئاوە، بەڵام ئەو روبەرە بەرفراوانە لەبەر چەندین ھۆکاری وەک وشکەساڵی و کۆچی گوندنشینەکان، وەک پێویست وەبەرناھێنرێ و خەڵکی ھەرێمەکە بەپلەی یەکەم پشت بە بەروبومی ھاوردە دەبەستن.

ئەنوەر عومەر بۆ AA گوتی "لە ھەرێمی کوردستان ٣٠ ملیار مەتری سێجا ئاو ھەیە، کە لەسەدا ٥٨ی لە ناوخۆی ھەرێم ھەڵدەقوڵێت و لەسەدا ٤٢یش لە دەرەوەی ھەرێمەوە دێتە ناو خاکی کوردستان."

ھەروەھا گوتی "لە سنوری پارێزگای  ھەولێر شەش ملیون و ٦٠٠ ھەزار دۆنم زەوی ھەیە کە چوار ملیۆن دۆنمی زەوی کشتوکاڵییە. لە سەدەی رابردو ھەرێمی کوردستان شوێنێکی کشتوکاڵی بووە و خەڵکی ئێمەش خەڵکێکی کشتوکاڵی بوون."

بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ ھەروەھا گوتی "بەرھەمی ئێمە لە نێوان ساڵانی ١٩٨٣ تا ١٩٨٤ بۆ ناوەڕاستی عێراق و دەوڵەتانی کەنداو  ھەناردە دەکرا، بەڵام دوای شاڵاوەکانی رژێمی بەعس بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی کوردستان لە ئەنفال و کیمیاباران و روخاندنی گوندەکان و راگواستنی گوندنشینەکان و سوتاندنی دارستانەکان، خەڵک ھیچ ھیوایەکی بە کشتوکاڵ نەما. ھۆکارێکی دیکەش کۆچی خەڵکی لە گوند بۆ شارەکان بوو کە پیشەی خەڵکی لە جوتیاریەوە بۆ پیشەیەکی دیکە گوڕی.

ئەمەش کێشەیەکە لەبەردەم حکومەت و راستکردنەوەی کارێکی زۆر زەحمەتە، ئێمە لە ساڵی ٢٠٠٩ وە پلانێکی ستراتیژمان داناوە و ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە چۆن بگەڕێینەوە ئەو قۆناغەی بتوانین پێداویستیی ناوەخۆ لە بەرھەمی کشتوکاڵی پڕ بکەینەوە و دواتر ھەناردەی دەرەوەی بکەین."

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کشتوکاڵ لە بەردەوامی قسەکانیدا گوتی "ساردخانە دروست دەکەین بۆ ئەوەی بەرھەمەکانی ناوخۆی تێدا بپارێزرێ و لە وەرزەکانی دیکەدا سوودی لێ وەرگرین."

لەبارەی ھاوەردەکردنی بەرھەمی کشتوکاڵی ئەنوەر عومەر گوتی "ساڵانە نزیکەی ٥٠٠ ھەزار تەن خۆراک لە دەرەوە ھاوردەی ناو ھەرێم دەکرێ و لەلایەن کومپانیاکانی (SGS) و (بیرۆفرتاس)ی فەڕەنسیەوە کۆنترۆڵ دەکرێ".

بەڕێوەبەری پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ لەبارەی بەبیابانبوونی زەوییە کشتوکاڵیەکانیشەوە گوتی "بەبیابانبوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان کێشەیەکی گەورەیە و وشکەساڵی کاریگەری لە سەر ھەرێم دەبێ، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم کێشەیەش پرۆگرامێکمان لەگەڵ رێکخراوی کار بۆ چارەسەری بیابانیبوونی زەوی کشتوکاڵی لە ھەرێمی کوردستان داڕشتووە".

لەبارەی ھاوکاری و پشتگیری حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کەرتی کشتوکاڵ رایگەیاند: ساڵانە وەزارەتی دارایی لەسەدا ٢ تا ٢.٥ی بودجەی ھەرێم بۆ پشتگیری کەرتی کشتوکاڵی تەرخان دەکات، ئەمەش رێژەیەکی زۆر کەمە و ئێمە و داوامان کردوە لەسەدا ١٠ی بوجە بۆ کەرتی کشتوکاڵ تەرخان بکرێ.

فەرەیدون عومەر بەڕێوەبەری فەرمانگەی کشتوکاڵی لە سلێمانی بۆ AA گوتی "بە ھۆی بەردەوامیی شەڕ لەو ناوچەیە و عێراق بە گشتی بەروبومی کشتوکاڵی کز بووە."

ھەروەھا گوتی"لە سنووری پارێزگای سلێمانی چوار ملیۆن و١٧٧ ھەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی ھەیە بە جۆرێک تەنیا ٢٠% بۆ کشتوکاڵکردن سوودی لێ وەردەگیرێت و زەوییەکانی دیکەی کشتوکاڵی بێسوودن."

پارێزگای دھۆک ملیونێک و ٢٠٦ ھەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵی ھەیە، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دھۆک لەزگین حەجی بۆ AA گوتی "لە ئاستی ھەرێمی کوردستان پارێزگای دھۆک لە بواری کشتوکاڵدا لە پارێزگاکانی تر  باشترە،  ھەرچەندە ساڵانە لە وەرزەکانی کێڵانەوە ئێمە گەنم و جۆ بەسەر جوتیاراندا دابەش دەکەین بەڵام ھێشتا خەڵک بە باشی روو لە کشتوکاڵ ناکەن."

بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دھۆک ھەروەھا گوتی "لە دھۆک  بەگشتی سێ ملیۆن و ٧٢٥ ھەزار و ٥٩٣ دۆنم زەوی ھەیە کە ملیۆنیک  و ٢٠٦ دۆنم زەویی کشتوکاڵییە".

لەبارەی بەبیابانبوونی زەوی کشتوکاڵیش لەو ناوچەیە لەزگین حەجی گوتی "بەبیابانبوونی زەوی کشتوکاڵی لە دھۆک کەمە، بەڵام لە ناوچەکانی سیمێل و شێخان کاریگەری دەبێ."

ئەوەیشی ئاشکرا کرد، "ساڵانە ١٢ تا ١٣ ملیار دینار لە وەزارەتی داراییەوە بۆ کشتوکاڵی پارێزگای دھۆک تەرخان دەکرێ."

لای خۆیەوە د.ئیدریس رەمەزان مامستای بەشی ئابوری-زانکۆی سەڵاحەدین لەبارەی کێشەکانی کەرتی کشتوکاڵیی ھەرێم بۆ ئانادۆڵو گوتی "کشتوکاڵ فاکتەرێکی سەرەکیی ئابوورییە و لە ھەر وڵاتێک ئەگەر کشتوکاڵ پێشبکەوێ ئەوا وڵاتەکەیش زیاتر پێشدەکەوێ. کەرتی کشتوکاڵی لە ھەرێمی کوردستان بەرەو لاوازی دەڕوات، ئەمەش کارەسات و مەترسیەکی ئابوورییە بۆ ھەرێم."

ھەروەھا ئاماژەی بەوەدا، لاوازیی کەرتی کشتوکاڵی ھەرێم دەبێتە ھۆی ئەوەی بەشێکی زۆری سامانی ھەرێم بچێتە دەرەوە، ھەروەھا دابیننەکردنی پێداویستی و خزمەتگوزاریەکان لە گوندەکاندا لەلایەن حکومەتەوە، وایکردووە گوندنشینەکان بەرەو شار کۆچ بکەن، ئەوەیش زیان بە کشتوکاڵ و بەروبومی خۆماڵی دەگەیەنێ.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın