کۆڤید- ١٩

کۆنترۆڵکردنی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان ٢٨ رۆژ قەدەغەکردنی هاتوچۆی پێویستە

سەرباری چەندین رێکاری توندی خۆپارێزیی لە هەرێمی کوردستاندا بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام هێشتا ژمارەکان لە زیادبوون و هەڵکشاندان و لە قۆناغی مەترسیی دەرنەچووە..

Hawkar Yaseen  | 06.07.2020 - نوێکردنەوە : 07.07.2020
کۆنترۆڵکردنی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان ٢٨ رۆژ قەدەغەکردنی هاتوچۆی پێویستە

Arbil

هەولێر - AA

شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان کە بەرپرسانی تەندروستیی و ئیداری بە هەڵکشانی دووەم ناوی دەبەن سەرباری چەندین رێکاری توندی خۆپارێزیی، بەڵام هێشتا ژمارەکان لە زیادبوون و هەڵکشاندایە.

بەپێی دوایین ئامارەکان تا ئێستا، حەوت هەزار و ٣١٥ کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی ڤایرۆسەکە بوون، بەڵام بەرپرسانی تەندروستیی دەڵێن ئەمانە ژمارەی ئەوانەن کە دۆزراونەتەوە، ئەگینا دەیان هەزار تووشبوو لە شارەکاندا هەن و نیشانەکانی نەخۆشییەکەیان لێ دیارە.

پشکی شێری ژمارە تۆمارکراوەکانی تووشبووان بەر شاری سلێمانی کەوتووە کە تا ئێستا لەو شارە، پێنج هەزار و ٢٩٤ حاڵەت تۆمار کراوە، هەولێر بە هەزار و ٦٢٨ تووشبوو لە پلەی دووەمدایە و لە هەڵەبجە ٢٠٥ کەس و لە دهۆک-یش ١٨٨ حاڵەت تۆمارکراوە.

سەرەتای هاتنی ڤایرۆسەکە بە رێکاری خۆپارێزی توند، بەرپرسانی تەندروستیی و ئەمنیی و ئیداری رووبەڕووی بوونەوە لە کەرەنتینەکردن و قەدەغەکردنی هاتوچۆی تەواو تا رێپێدانی مەرجدار و بڵاوکردنەوەی بەردەوامی رێنمایی تەندروستی، بەڵام هەموو ئەمانە نەیتوانی رێ لە بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسەکە بگرن تا گەیشتووەتە ئەو قۆناغەی بەشێک لە بەرپرسانی تەندروستیی زەنگی مەترسی لێبدەن و بڵێن بەرەو کارەسات هەنگاو دەنێین.

جێگری پارێزگاری هەولێر، هێمن قادر بە ئاژانسی ئانادۆڵۆی راگەیاند "هەڵکشانی قۆناغی دووەم لە بەریەککەوتن و هاتوچۆی جەژنەوە دەستی پێ کرد، بەداخەوە ئەو هەڵکشانە لەو کاتەوە بەردەوامە و تاوەکو ئێستا، بەداخەوە ئێستا لە هەولێر رۆژانە سەرووی ٥٠ تووشبوو تۆمار دەکرێت کە هێز و توانای بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی لەڕووی پێداویستیی پزیشکی هەروەها لەڕووی کارمەندی پزیشکی لەو ئاستە نییە کە ئەو هەموو پشکنینە بکات، ئێمە پێشتر پشکنینی هەڕەمەکیمان دەکرد لەناو خەڵک، بەڵام ئێستا تەنها پشکنین بۆ ئەوانە دەتوانین بکەین کە نیشانەکانیان هەیە و خۆیان سەردانمان دەکەن، ئەم دۆخە وایکرد پێشتر سەرچاوەی ڤایرۆسەکە دیاربوو، بەڵام ئەم بەریەککەوتنەی خەڵک وایکرد کە سەرچاوەکە ونبێت و لە بازاڕ و لەناو خەڵکدا بێت و لە کەسێک بۆ کەسێکی دیکە بگوازرێتەوە و بەو رادە زۆرە بڵاوبێتەوە".

بەبڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانی جەژنی رەمەزان لە پارێزگاکانی هەرێم قەدەغەکردنی هاتوچۆی تەواو بڕیاری لەسەر درا، بەپێی ئەم قسەیەی جێگری پارێزگاری هەولێربێت، هاووڵاتییان پابەندی ئەو بڕیارە نەبوون و رێکارەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆش ئەوەندە توند نەبووە کە خەڵک نەتوانێت سەردانی کەس و خزمەکانی بکات.

هێمن قادر هۆکاری سەرەکی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بۆ خەڵک دەگەڕێنێتەوە و گوتی: "بەداخەوە بەشێک لە هاووڵاتییان وەک پێویست پابەندی خۆپارێزی نەبوون، بابەتێکی روونە ئەو ڤایرۆسە لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی دیکە دەگوازرێتەوە چەند بەرکەوتن هەبێت ئەوەندە زیاتر ڤایرۆسەکە بڵاودەبێتەوە بۆیە پابەند نەبوونی بەشێک لە هاووڵاتییان هۆکاری سەرەکی بڵاوبوونەوەکەیە".

جێگری پارێزگاری هەولێر بە سیاسیکردنی دۆخەکە بە هۆکارێکی دیکە دەزانێت و دەڵێت "بەداخەوە لە هەندێک لە شارەکانی دیکە دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە ئەو ڤایرۆسە زۆر جێی مەترسی نییە، دەنگۆیەکی دیکە بڵاوکرایەوە کە بە هاتنی وەرزی گەرما نەمێنێت، بەداخەوە لە سۆشیال میدیا و بەشێک لە کەناڵەکانی راگەیاندن ئەوەیان بڵاوکردەوە کە ئەمە مەرامێکی سیاسییە و بۆ نەدانی مووچەیە، ئەمانە هەمووی وایانکرد هاووڵاتییان ساردبنەوە لە خۆپارێزی و گوێ بە مەترسی ڤایرۆسەکە نەدەن".

سەرباری توندکردنەوەی رێکارەکانی خۆپارێزی و رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام هێشتا کەم نین ئەو هاووڵاتییانەی پابەندنابن و سەرپێچی بڕیار و رێنماییەکان دەکەن، بۆیە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان لە پارێزگاکان بە سزادان مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانە دەکەن.

لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا لە سنووری پارێزگای هەولێر، دوو هەزار و 260 دوکان و شوێنی بازرگانیی بە داخستن و پێبژاردنی دارایی سزا دراون.

لە میانی شەش رۆژی قەدەغەکردنی تەواوەتی هاتوچۆشدا لەناو شاری هەولێر، 50 شوێنی دیکە سزا دراون و داخراون.

پزیشک و تیمە تەندروستییەکانیش پشکی شێری هۆکاری هەڵکشانی ژمارەکانی تووشبووان هەر دەخەنە ئەستۆی هاووڵاتییان چونکە ئەوانیش دەڵێن؛ ئەگەر هاووڵاتی پابەندبێت و خۆی بپارێزێت ڤایرۆسەکە ناگوازرێتەوە و دەتوانین بنەبڕ بکرێت.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی تایبەت بە کۆرۆنا لە هەولێر، شاخەوان خەیلانی بە ئاژانسی ئانادۆڵۆی راگەیاند "شتێکی شاراوە نییە ئەم ڤایرۆسە لەڕێگای کۆئەندامی هەناسەدانەوە دەگواسترێتەوە، هەر نەخۆشییەکیش لەڕیگای کۆئەندامی هەناسەدانەوە بگواسترێتەوە رێگایەکی خێرایە بۆ بڵاوبوونەوە، ئەگەر خۆمان نەپارێزین و رێنماییە تەندروستییەکان وەک خۆی جێبەجێ نەکەین، ژمارەی تووشبووان هەمیشە هەڵدەکشێت و بڵاودەبێتەوە".

شاخەوان خەیلانی دەربارەی زۆری ژمارەکان لە سلێمانی لە چاو شارەکانی دیکە دەڵێت "لەبەر ئەوەی سلێمانی دوو تا سێ هەفتە لەپێش هەولێر و شارەکانی دیکەوەیە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە تیایدا، بۆیە لەوێ ژمارەکان زیاترن لە هەولێر یان شارێکی دیکە و ئەگەر خۆپارێزی تەواو نەکرێت شارەکانی دیکەیش دەگەنەوە بەو ژمارانە".

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی تایبەت بە کۆرۆنا لە هەولێر، شاخەوان خەیلانی کە سەرپەرشتی نەخۆشخانەیەک دەکات کە ئێستا قەڵەوێرەکانی هەمووی پڕبوون لە تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و جێگای نەماوە بۆ وەرگرتنی نەخۆشی دیکە، ترسی خۆی لە زیاتر بوونی ژمارەکان نەشاردەوە و گوتی: "من لە مانگی چوارەوە دەڵێم بەرەو قۆناغی مەترسیدار دەڕۆین، مەترسییەکە لەوەیە ئەگەر ژمارەکان لەوەی ئێستا زیاتربێت ئەوکات نە شوێن دەمێنێت نەخۆشی لێ بمێنێتەوە نە کەرەستە و پێداویستی پزیشکیی وەک پێویست بەش دەکات نە کارمەند و پزیشکانیش توانایان بەسەر ئەو ژمارە زۆرەی توشبووندا دەشکێت بۆیە باشترین رێگا بۆ رێگری لەو دۆخە تەنها خۆپاراستنی هاووڵاتییانە".

ڤایرۆسی کۆرۆنا کاتێک گەیشەتە هەرێمی کوردستان کە هەرێمەکە لە قەیرانێکی سەختی داراییدا بوو، قەدەغەکردنی هاتوچۆ، وەستانی بازاڕ و دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانیش ئەوەندی دیکە باری سەر شانی هاووڵاتییانی قورس کرد کە ئەمەش هۆکارێکی سەرەکییە کە بەرپرسانی ئیداری و تەندروستیی نەتوانن دەست بۆ ئەو پلانە بەرن کە دەڵێن بەتەواوی سەرکوتوومان دەکات لە کۆتای هێنان بە پەتاکە.

جێگری پارێزگاری هەولێر، هێمن قادر دەڵێت "بەپێی ئەو لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنانەی کردوومانە ئەگەر ٢٨ رۆژ قەدەغەی تەواو و توندی هاتوچۆ رابگەیەنین رێگا لە هەموو بەریەک کەوتنێک بگرین سنوورەکانی هەولێر بەتەواوی دابخەین و رێگا نەدەین لە بازگەکانەوە بۆ ماوەی ٢٨ رۆژ هیچ کەسێک بێتە ناو شاری هەولێر دەتوانین بەتەواوی سەرکەوتووبین بەسەر ڤایرۆسەکەدا، بەڵام ئەمە بڕیارێکی قورسە و لەم بارە سەختە داراییەدا ناتوانین بڕیارێکی لەو جۆرە بدەین".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın