Rewa Mahmood Hasan
11 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 12 ئادار 2020
سلێمانی - AA
بەمەبەستی هاوکاریکردنی ئیدارەی خۆجێیی سلێمانی لە پرسی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ(COVID-19)، چین لە رێگەی کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە هەولێر، ١٠٠ هەزار دەمامکی گەیاندە پارێزگای سلێمانی.
شاندێکی کونسوڵخانەی چین بەسەرۆکایەتی جێگری کۆنسوڵ، وانگ ژیهۆنگ چون سەردانی شاری سلێمانیان کرد و لە بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی، سەباح نەسرەددین و چەند پزیشکی دیکە کۆبوونەوە.
ئامانجی سەردانی شاندی کونسوڵخانەی چین گەیاندنی هاوکارییەکانی وڵاتەکەیان بوو کە خۆی لە ١٠٠ هەزار دەمامک دەبینیەوە بە پارێزگای سلێمانی .
دوای کۆبوونەوەی شاندی هەردوولا، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەش رێکخرا.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، سەباح نەسرەددین خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەو هاوکارییانەی چین پێشکەش بە هەرێمی کوردستانی دەکات.
لای خۆیەوە جێگری کۆنسوڵی چین لە هەولێر، وانگ ژیهۆنگ چون پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ ئیدارەی پارێزگای سلێمانی دووپات کردەوە و رایگەیاند، ''ئێمە لێرەین تاوەکو هاوکاری برایانمان بکەین لە رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە، بۆیە ١٠٠ هەزار دەمامک دەدەینە ئیدارەی خۆجێیی لە سلێمانی، ئەمە یەکەم هەنگاوە بۆ پاڵپشتی پارێزگای سلێمانی لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، بەردەوام دەبین لە هاوکاری کردنیان، ئومێدەوارین کە لە نزیکترین کاتدا زاڵ بن بەسەر ئەم تەنگژەیەدا''.