وەزارەتی تەندروستی: "تا ئێستا کەمتر لە سەدا یەکی نەخۆشانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان خەوێندراون"
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە نەخۆشخانەکانی حکوومی چارەسەری وەردەگرن و تەنها بۆ چاودێری چڕی هەناسەدان تووشبووی کۆرۆنا دەچنە نەخۆشخانە ئەهلییەکان.
Arbil
هەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە نەخۆشخانەکانی حکوومی چارەسەری وەردەگرن و تەنها بۆ چاودێری چڕی هەناسەدان تووشبووی کۆرۆنا دەچنە نەخۆشخانە ئەهلییەکان.
وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە نەخۆشخانەکانی حکوومی چارەسەری تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەن.
لە راگەیەنراوەکەدا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، تیایدا ئەوە هاتووە کە تا ئێستا کەمتر لە سەدا یەکی نەخۆشەکان لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان خەوێندراون ئەویش تەنها بۆ چاودێری چڕی هەناسەدان بووە.
ئەم راگەیەنراوەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێت لە چەند رۆژی رابردوو وەزارەتەکە نرخی چارەسەر و مانەوەی نەخۆشانی ڤایرۆسی کۆرۆنای لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان دیاریکردبوو، ئەمەش کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و دواتر وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی رایگەیاند، ئەو نەخۆشانەی لە نەخۆشخانە حکوومییەکانەوە بە رێنمایی پزیشک بنێردرێنە نەخۆشخانە ئەهلییەکان بێ بەرامبەر چارەسەر دەکرێن و بۆ ئەوانەیش کە بەخواستی خۆیان دەچنە ئەو نەخۆشخانانە، ئەوا رێژەی لەسەدا پەنجای نرخەکان لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان داشکێنرا بۆیان.