Sarmand Hameed
25 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 25 تەمووز 2020
هەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، هەزار و ٩٨٩ پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە، دەرەنجام ٢٢٢ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسەکە و نۆ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە، بەمەش کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە گەیشتە ١٢ هەزار و ٣٨ حاڵەت و گیانلەدەستدانیش بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە گەیشتە ٤٦٤ کەس.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی وەزارەتەکەی لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)ی بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، هەزار و ٩٨٩ پشکنین لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە کە ٨٩٨ لە هەولێر، ٣٢١ لە سلێمانی، ٥٣٥ لە دهۆک و ٢٣٥ لە گەرمیان بووە، دەرەنجام ٢٢٢ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسەکە و نۆ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە.
لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستاندا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماری تووشبووان و گیانلەدەستدان لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بەم شێوەیەی خوارەوە تۆمارکراوە:
- پارێزگای هەولێر، ١٠١ تووشبوو و چوار حاڵەتی گیانلەدەستدان.
- پارێزگای سلێمانی، ١٠٧ تووشبوو و پێنج حاڵەتی گیانلەدەستدان کە بەم شێوەیەیە:
شاری سلێمانی، ٦٤ تووشبوو و چوار حاڵەتی گیانلەدەستدان.
ئیدارەی گەرمیان، ٤٣ تووشبوو و یەک حاڵەتی گیانلەدەستدان.
- پارێزگای دهۆک، ١٤ تووشبوو.
ئاماژە بەوەشدراوە کە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ١٢٧ نەخۆش دوای چارەسەری پزیشکی چاکبوونەوەتەوە کە ١٠٩ لە هەولێر، هەشت لە ئیدارەی گەرمیان و ١٠ لە هەڵەبجە بووە.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە سەرەتای سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تا ئێستا ١٨٥ هەزار و ٧٥٩ پشکنین لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە کە ٧٩ هەزار و ٣٨١ لە هەولێر، ٦١ هەزار و ٢٠٣ لە سلێمانی، ٤٣ هەزار و ٣٦٩ لە دهۆک و هەزار و ٨٠٦ لە هەڵەبجە بووە.
لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستاندا ئەوە ئاشکرا کراوە کە لە کۆی ١٩ هەزار و ٩٦٥ هاووڵاتیی کەرەنتینکراو، ١٨ هەزار و ٣٣٠ هاووڵاتیی لە کەرەنتین دەرچوون و دوای تەواوکردنی ماوەی ١٤ رۆژ و ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەیی بۆیان و پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە ھەڵگری ئەو نەخۆشییە نین، گەڕانەوەتە ناو خانەوادەکانیان و لەئێستادا، هەزار و ٦٣٥ هاووڵاتیی لە ٢٣ شوێنی جیاوازی کەرەنتین ماونەتەوە کە ٣٤٧ لە سلێمانی و هەزار و ٢٨٨ لە دهۆکە.
ئاماژە بەوەشدراوە کە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٩٧ هاووڵاتیی دیکە کەرەنتین کراون.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ١٢ هەزار و ٣٨ تووشبوو کە سێ هەزار و ٣٤٤ لە هەولێر، حەوت هەزار و ٩٠٦ لە سلێمانی، ٣٨٥ لە دهۆک و ٤٠٣ لە هەڵەبجە بووە، لەنێویاندا ٤٦٤ حاڵەتی گیانلەدەستدان ھەبووە کە ٨٩ لە هەولێر، ٣٦٧ لە سلێمانی و هەشت حاڵەت لە هەڵەبجە بووە، و شەش هەزار و ٥٩٥ نەخۆش دوای چارەسەری چاکبوونەتەوە کە دوو هەزار و ٤١١ لە هەولێر، سێ هەزار و ٥٥٥ لە سلێمانی، ٣٠٠ لە دهۆک و ٣٢٩ لە هەڵەبجە بووە، و لە ئێستادا چوار هەزار و ٩٧٩ نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشکییدان کە ٨٤٤ لە هەولێر، سێ هەزار و ٩٨٤ لە سلێمانی، ٨٥ لە دهۆک و ٦٦ لە هەڵەبجەیە.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و هەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە ئەرکدان، داوای لە هاووڵاتییان کردووە پابەندبن بە رێنماییەکانی تەندروستیی و دوورکەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵخ و دانانی ماسک و دەستکێش، هەروەها لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢) بکەن.