لەرێگەی ماڵپهڕێكهوه بەردەوام زانیارییە دروستەکان لەسەر کۆرۆنا بڵاو دەکرێتەوە
مامۆستای بەشی راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی چرۆ شەهاب: "بەمەبەستی بەدوور گرتنی هەموو لایەک لە زانیاری نادروست لەسەر توشبووانی کۆرۆنا، ئەو ماڵپهڕهمان کردۆتەوە لەسەر راسپاردەی وەزیری خوێندنی باڵا"
As Sulaymaniyah
سلێمانی - AA
دوای بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی لە شاری سلێمانی، لەسەر راسپاردەی وەزیری خوێندنی باڵا و بە چاودێری زانکۆی سلێمانی، ماڵپهڕێكی تایبەت بە زانیارییەکان لەسەر COVID-19 دروست دەکرێت و رۆژانە زانیارییەکان تایبەت بە توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بڵاو دەکاتەوە.
چرۆ شەهاب کە مامۆستایە لە بەشی راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی، لە ئێستادا لەگەڵ کۆمەڵێک مامۆستای تری هاوەڵیدا سەرقاڵی ماڵپهڕێكی تایبەتن بە زانیارییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و توشبووان لە هەرێمی کوردستان.
لە ئێستادا خوێنەران دەتوانن سەردانی ماڵپهڕی https://app.powerbi.com/view بكهن و لەوێوە تەواوی زانیارییەکانیان بەدروستی دەستبکەوێت لەسەر دوایین ئامارەکانی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، کە تێیدا ژمارەی حاڵەتەکان کە تائێستا تۆمار کراوە، لەگەڵ ئەو کەسانەی چاک بوونەتەوە دەستنیشان کراوە، جگە لەوەی کە رێژەی نێر و مێ لە کەرەنتینەکان و ئەوانەشی کە تووشی نەخۆشییەکە بوون لە رێگەی ئەو ماڵپهڕهوه بڵاو دەکرێتەوە.
مامۆستا چرۆ شەهاب کە ئێستا ماڵەکەی خۆی کردۆتە شوێنی کارەکەی بەهۆی رێنماییە تەندروستییەکان و قەدەغەی هاتوچۆوە لە ماڵەکەیدا دەمێنێتەوە و بەردەوام بە تەلەفۆن لەگەڵ مامۆستاکانی هاوڕێیدا سەرقاڵی گۆڕینەوەی دوایین زانیارییە فەرمییەکانن تاکو لە ماڵپهڕهكهدا دابنرێت.
چرۆ شەهاب لە هەڤپەیڤینێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا کە بەمەبەستی بەدوور گرتنی هەموو لایەک لە زانیاری نادروست لەسەر توشبووانی کۆرۆنا، ئەو ماڵپهڕهیان کردووهتەوە لەسەر راسپاردەی وەزیری خوێندنی باڵا و گوتی، "سەرەتا بەڕێز وەزیر کۆبوونەوەی پێکردین و رایگەیاند کە دەکرێت ئێمە وەک خوێندنی باڵا هاوکاری کەرتی تەندروستی بکەین، بۆیە ئێمهش وەک زانکۆی سلێمانی بە چاودێری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی لەگەڵ کۆمەڵێک مامۆستا ئەم سایتە بەڕێوە دەبەین و زانیارییە دروستەکان بڵاو دەکەینەوە".
مامۆستا چرۆ ئاماژە بەوە دەکات کە رۆژانە و بەردەوام ئەو زانیارییانە نوێ دەکەنەوە کە لە سایتەکە دانراوە، کە پێک دێت لە نەخشەیەک و ئەو شوێنانەی حاڵەتەکەی تێدا تۆمار کراوە لە هەرێمی کوردستاندا بە سوور رەنگ کراوە بەپێی زۆری و کەمی توشبووان، لەگەڵ جیاکردنەوەی رەگەزەکانی نێر و مێ، جگە لەوەی کە ژمارەی ئەو کەسانەی کەرەنتینە کراون لە ماڵپهڕهكهدا بوونی هەیە، جگە لە هێڵکاری تایبەت بە هەڵکشان و داکشانی توشبووان لەسەرەتای بڵاو بونەوەی پەتاکە تائێستا.
- کۆمەڵێک مامۆستا بەردەوام رێنماییەکانی WHO دەکەنە سەر زمانی کوردی
مامۆستا جگە لەو سایتە ئاماژە بەوە دەکات کە بەردەوام لەگەڵ کۆمەڵێک مامۆستا و خوێندکاری زانکۆی سلێمانیدا لە پەیوەندیدان لەگەڵ نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە سلێمانی تاکو رێنماییەکانی ئەو رێکخراوە بخەنە سەر زمانی کوردی و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی بکەنەوە.
چرۆ شەهاب بەدەم تەلەفۆن کردنەوە بۆ خوێندکار و هاوەڵەکانی لەو گرووپە خۆبەخشە گوتی، "ئێمە لەکاتێکدا لە ماڵەوەین دەمانەوێت سوود لەو کاتە ببینین، بۆ گەیاندنی رێنماییەکان بە کۆمەڵگە تاکو کەمترین کەس تووشی پەتا جیهانییەکە ببێت و گوتی، "هەندێک جار درەنگانێکی شەو رێنماییەکان لەسەر شێوەی ڤیدیۆ و وێنە و گرافیک تەواو دەبن، ئینجا بڵاوی دەکەینەوە، لەو رێیەوە دەمانەوێت زۆرترین خەڵک سوودمەند بن لە رێنمایە جیهانییەکان".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن