Hamdi Yıldız
03 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 05 مای,س 2020
یەمەن ــ AA
رێكخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری ئەوەی دا كە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ كاریگەری دەبێت لەسەر نیوەی دانیشتوانی یەمەن كە ماوەی پێنج ساڵە بەدەست جەنگ و خراپی كەرتی تەندروستییەوە دەناڵێنێت.
رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە هێشتا كەرتی تەندروستیی لە یەمەن خراپ و لاوازە، هەروەها پێدوایستییە پزیشكی و تەندروستییەكان لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا وەك پێویست لەو وڵاتە بەردەست نیین".
رێكخراوی تەندروستیی جیهانی ئەوەی وەبیرهێناوەتەوە كە پێشتر ژمارەیەك داتا و زانیاری داوەتە كاربەدەستانی خۆجێی یەمەن بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونیان هەبێت لەسەر ئەوەی كە ڤایرۆسەكە كاریگەری لەسەر ژیانی سەدا 50ی دانیشتوانی یەمەن دەبێت ئەكەر رێوشوێنی تەندروستیی پێویست لەوبارەوە نەگیرێتەبەر.
ئاماژە بەوەیشدراوە كە رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لەگەڵ هاوبەشەكانیدا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیكردنی هەوڵی تیمەكانی تەندروستیی یەمەن لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
تا ئێستا لە یەمەن 10 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون كە دوویان گیانیان لەدەستداوە و یەكێکیان چاكبووەتەوە.