سلێمانی.. هەڵمەتی دووەمی رشاندنی شەقامەکان بە ماددەی پاکژکردن
لەچوارچێوەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بەسەرپەرشتی قایمقامییەتی قەزای مەرکەزی سلێمانی و بەهەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی-دا، هەڵمەتی پاکژکردنەوە (تەعقیمکردن)ی شەقامەکانی شاری سليمانی و ناوبازاڕ دەستیپێکردەوە.
As Sulaymaniyah
سلێمانی-AA
لەچوارچێوەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19 )، بەسەرپەرشتی قایمقامییەتی قەزای مەرکەزی سلێمانی و بەهەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی-دا، هەڵمەتی پاکژکردنەوە (تەعقیمکردن)ی شەقامەکانی شاری سليمانی و ناوبازاڕ دەستیپێکردەوە.
هەڵمەتەکە بڕیارە چەند رۆژێک بخایەنێت و تیایدا تیمەکانی خزمەتگوزاری سەربە شارەوانی سلێمانی دەستیانکردووە بە شۆردنی سەرجەم شەقامەکانی شار لە رێگەی بەکارهێنانی ماددەی ڤێرکۆن و کلۆرەوە کە ئامانج لێی پاکژکردن (تەعقیمکردن)ی تەواوی شەقامەکانە.
ئاسۆ عومەر، بەرپرسی یەکێک لە تیمەکانی پاکژکردنەوەی شەقامەکان لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: "هەڵمەتی دووەمی پاکژکردن (تەعقیمکردن)ی شەقامەکانی سلێمانی دەستیپێکردووە، بەسەرپەرشتی قایمقامیەتی قەزای سلێمانی و سەرۆکایەتی شارەوانی بەشی خزمەتگوزاری، کارەکە بە هەماهەنگی ئەنجام دەدرێت لەگەڵ قایمقامیەتی قەزای مەرکەز و پارێزگاری سلێمانی-دا''.
گوتیشی: ''ماددەکانی کە بەکاردەهێنرێن لە پاکژکردن و تەعقیمکردنەکەدا بریتین لە ماددەی ڤێرکۆن کە ماددەیەکی بێ زیانی پاکژکەرەوەیە، لەگەڵ بڕێکی کەم کلۆر بۆ دەڕابەی دووکانەکانی ناوبازاڕ، ئەم هەڵمەتە بەردەوام دەبێت تاکو سەرجەم شەقامەکانی شاری سلێمانی و چوواردەوری پاکژ (تەعقیم) دەکرێنەوە".