ژيان, عێراق

ھەولێر بە پشتێنەیەکی سەوزایی فراوان وەڵامی گەرمای جیھان دەداتەوە

Heman Hussein Yaseen  | 30.10.2025 - نوێکردنەوە : 30.10.2025
ھەولێر بە پشتێنەیەکی سەوزایی فراوان وەڵامی گەرمای جیھان دەداتەوە

Arbil

هەولێر - AA

لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ماستەرپلانی شاری ھەولێر، قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە و بڕیاریشە بە ھەشت قۆناغ تەواوی پڕۆژەکە جێبەجێ بکرێت.

پشتێنەی سەوزایی بە پانیی دوو کیلۆمەتر و بە درێژایی ٩٢ کیلۆمەتر بە چواردەوری شاری ھەولێر دا دەسووڕێتەوە و بە درێژایی ئەم مەودایە دار زەیتوون و دار فستق دەچێندرێت و لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا چەند پۆندێک و چەند شوێنێکی گەشتیاریی دروست دەکرێت و، ئەم پڕۆژەیە شارەکە لە مەترسییەکانی بە بیابانبوون دەپارێزێت،دەردانی گازە زیانبەخشەکان و کاریگەرییەکانی گەرما کەم دەکاتەوە و کوالێتی ھەواش بەرز دەکاتەوە، جگە لە بەخشینی سیمایەکی جوان بە شارەکە.

لە پڕۆژەکە، نزیکەی حەفت ملیۆن دار دەچێندرێت کە لە جۆرەکانی زەیتوون و فستقن و ئەم دارانە بەوە ناسراون کە توانای بەگرییان لە وشکەساڵییدا ھەیە و باش لەگەڵ کەشوھەوای وشکی ناوچەکەدا دەگونجێن و گرنگییەکی کولتووری و ئابوورییان ھەیە. ھەروەھا کاتێک دارەکان پێدەگەن، دەتوانن سەرچاوەیەکی بەرھەمی کشتوکاڵی بەردەوام دابین بکەن و ھەلیکاری نوێ دروست بکەن.

ئەم دەستپێشخەرییە ھاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە جیھاندا و گەشەکردنی شارەکان، بۆیە پڕۆژەکانی سەوزایی و ھاوشێوەکانی، جەخت لەسەر پێویستی بەپەلەی پلاندانانی ژینگەیی دەکەنەوە.

پارێزگاری ھەولێر جەخت لەوە دەکاتەوە کە پڕۆژەکە خۆگونجاندنی ھەرێمی کوردستانە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ئاو و ھەوا، جگە لەوەی ناوچەکە دەبێتە شوێنێکی سەرنجڕاکێش بۆ گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی.

پارێزگاری ھەولێر ئومێد خۆشناو لەبارەی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای ھەموارکردنەوەی ماستەر پلانی شاری ھەولێر کە لەگەڵ ڕێکخراوی جایکای یابانی ئەنجامدرا، بڕیار لە دروستکردنی پشتێنەی سەوزایی درا، پڕۆژەکە ھەم خۆگونجاندنی ئێمەیە وەکو حکوومەت لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ئاو و ھەوا، ھەم جوانترکردنی دیمەنی شار و دابینکردنی ژینگەیەکی پاکترە بۆ ھاووڵاتییان و گەشتیاران".

ئومێد خۆشناو گوتیشی: "پڕۆژەکە بە ھەشت قۆناغ جێبەجێ دەکرێت، قۆناغی یەکەم دەستی پێکردووە، تەواوی پشتێنەکە درێژییەکەی ٩٢ کیلۆمەترە و بە پانی دوو کیلۆمەتر بە چواردەوری شاری ھەولێردا دەسوڕێتەوە، نزیکەی ‌حەفت ملیۆن دار لە جۆرەکانی فستق و زەیتوون لە تەواوی پڕۆژەکە دەچێندرێت، بەشێکی دیکەی پڕۆژەکە بریتییە لە دروستکردنی شوێنی گەشتیاریی و ئەم بابەتانە کە ھاووڵاتییان و گەشتیاران دەتوانن کاتەکانییانی لێ بەسەر ببەن، ئەمە جگە لەوەی ھەوایەکی پاک و تەندروست بە ھاووڵاتییان دەبەخشێت".

پێشتر لێکۆڵینەوەی ورد لەوبارەیەوە ئەنجامدراوە و چەندین لیژنە سوودیان لە ئەزموونی ئەندازیارانی دەرەوەی وڵات وەرگرتووە، ماوەیەک پێش ئێستاش ژمارەیەک لە ئەندازیارانی وڵاتی یۆنان سەردانی ھەولێریان کرد و لێکۆڵینەوەیان لە خاک، ئاو، ھەوا و ژینگەی ناوچەکە کرد، بۆ ئەوەی بزانن چ جۆرە دارێک گونجاوە بۆ چاندن لە ھەولێر، هەر بۆیەش جۆری دار زەیتوون و دار فستقیان هەڵبژاردووە.

قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە لەسەر نزیک قەزای بەحرکە لە باکووری شاری هەولێر دەستی پێکردووە و ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە سەرپەرشتیار، ئەندازیار و کرێکار کاری تێدا دەکەن و خەریکی هەڵکەندنی چاڵی دارەکان و دابەشکردنی شێوازی ئاودانی دار و سەوزاییەکانی پڕۆژەکەن.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın