ئیستەنبوڵ
خاوەن و سەرنووسەری گۆڤاری کوردی نەوبەھار دوای ١٨ ساڵ کارکردن ئەنجا باحی رۆژنامەنووسی لە حکومەتی تورکیا وەرگرت.
سلێمان چەڤیک خاوەن و سەرنووسەری ڤۆڤاری نەوبەھار کە گۆڤارێکی ئەدەبی و کەلتوری و ھونەرییە، ١٨ ساڵ لەمەوبەر داوای لە بەرێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری راگەیاندن کرد کارتی رۆژنامەنووسی پێبدرێ، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.
سلێمان باسی خۆی و گۆڤارەکەی و گوتی: گۆڤاری نەوبەھار لەنێوان ساڵی ١٩٩٩-٢٠٠٢ مانگانە و دوای ساڵی ٢٠٠٢ سێ مانگی جارێک چاپ و بڵاوە دەبیتەوە، بابەتی کەلتوری، ھونەری و ئەدەبی لەخۆ دەگرێ، ساڵی ١٩٩٥ داوامان لە بەرێوەبەرایەتیی گشیتی کاروباری میدیا کرد کارتی رۆژنامەنووسیمان بدەنێ، بەڵام دوای دوو ساڵ ١٩٩٧ وەڵام دراینەوە کە داواکەمان رەت کراوەتەوە و کارتیان پێنەداین.
دوای ئەو بڕیارە بە نووسراوێکی رەسمی داوای روونکردنەوەی ھۆکاری رەتکردنەوەکەم لە بەرێوەبەرایەتی ناوبراو پرسی، لە ساڵی ١٩٩٨ وەڵامیان دامەوە ھۆکارەکەی ئەوەیە بەپێیی مادەی ١٤ ئەو گۆڤارە تەنیا کەلتورییە نەک ئەدەبی و ھونەری، لەبەرئەوە مافتان نییە کارتی رۆژنامەنووسی وەربگرن.
خاوەن و سەرنووسەری گۆڤاری کوردی نەوبەھار ئاشکرای کرد، ساڵی ٢٠٠٩ بۆ وەرگرتنی کارتی رۆژنامەنووسی جارێکیتر سەردانی ھەمان بەرێوەبەرایەتیم کرد، بەڵام دیسان پێیان نەدام، بەدوواداچوونم بۆ ئەو بڕیارە کرد و بۆم دەرکەوت ھیچ ھۆکارێکی عەقڵانی نییە، لەبەرئەوە سکاڵامان لەسەریان تۆمار کرد و لە ئەنجامدا کارتی رۆژنامەنووسیمان وەرگرت.
بە قسەی سڵێمان چەڤیک ھۆکاری نەدانی کارتی رۆژنامەنووسی دەگەریتە بۆ ئەوەی گۆڤارەکە بە زمانی کوردییە و گوتی: لەو رووەوە ھیچ وەڵامێکیان پێنەداین، بەڵام پێم وایە لەبەر زمانی کوردی کارتی رۆژنامەنووسییان پێنەدەداین، ئەگینا وەرگرتنی ئەم کارتە زۆر سەخت نییە و ھەموو کەس دەتوانێ لە ماوەیەکی کورتدا وەریبگرێ. کەچی من دوای ١٨ ساڵ دەبمە خاوەنی کارتی رۆژنامەنووسی.
سلێمان چاڤیک لە یەکی مانگی رابردوو کارتی رۆژنامەنووسی وەرگرت.