ھەتای
بەھۆی نەخۆشییەکی مێشکەوە ٦ ئەندامی خێزانێک لە ھەتای بە دەستەکانیان رێدەکەن، گەورەترین ئەندامی خێزانی ئوڵاش تەمەنی ٤٥ ساڵە و زۆر بەکەمی لە گوندەکەیان چووەتە دەرەوە، بەھۆی کەمی توانای جەستەیی، لەگەڵ ئەوەی ئارەزووی بینیی شوێنە گشتیەکان دەکات، نەخۆشیەکەی ھەستێکی ناخۆشی لەلا دروست کردووە.
خێزانی رەشید و خەدیجە ئوڵاش لەگوندی دەمیر کۆناکی سەربە شارەدێی قرقھانی ھەتای بەپیشەی جوتیاریەوە خەریکن، ئەم خێزانە خاوەنی ٦ ئەندامی کەمئەندامن، ھەر لەتەمەنی منداڵیەوە بەھۆی نەخۆشیی (دەمارزانی)ەوە لەپێ کەوتوون و لەسەر دەست دەڕۆن.
ئەو شەش کەسە لە ٢ کوڕ و چوار کچ پێکدێن، بچوکترینیان تەمەنی ٢٥ ساڵە. سەرجەم پێداویستیی رۆژانەیان لەلایەن دایک و باوکیانەوە دابین دەکرێ. بەھۆی نەبوونی توانای قسەنەکردنەوە کەسانیتر ھاوکارییان دەکەن. ھەروەھا دایک و باوکیان یارمەتیان دەدەن بۆ شۆردن و بردنیان بۆ سەرئاو، تەنھا لە باخچەی ماڵە یەک نھۆمیەکەیان دەتوانن کات بەسەر ببەن.
لەلێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری AA رەشید ئوڵاشی تەمەن ٧٥ ساڵ گوتی: چەندین جار سەردانی پزیشکمان کردووە بۆ چارەسەری منداڵەکانمان، لە تەمەنی منداڵیەوە دووچاری ئەم نەخۆشیە بوونەتەوە، ١٩ منداڵمان ھەبوو ئێستا پانزەیان لەژیاندا ماون، شەشیان دووچاری ئەم نەخۆشییە بوون و بەھۆیەوە قاچیان فەلەج بووە و بە ھاوکاریی ئێمە بەبەکارھێنانی دەستەکانیان بەڕێدا دەڕۆن.
ئوڵاش گوتیشی: ساڵی پار ھەندێک پزیشک لە دەرەوە ھاتن بۆ پشکنینی منداڵەکانمان، بەڵام ھیچ ئەنجامێکی نەبوو.
ئوڵاش گوتی: منداڵەکان زۆر حەز بەوەرزی ھاوین دەکەین، چونکە دەتوانن بچنە حەوشەی مال َو لە باخچە کات بەسەر دەبەن، بۆ بەرزکردنەوەیان پێویستیان بە ھاوکاری ئێمەیە، دڵگرانم بەوەی ناتوانم منداڵەکانم ببەمە دەرەوەی حەوشەی ماڵەکەم، جگە لە چوونیان بۆ پزیشک نەیانتوانیوە تەنھا ٢٥ کیلۆمەتر لە سنوری گوندەکە بچنە دەرەوە، کاتێک داوای یارمەتی لەکەسەکان دەکەم بۆ دابینکردنی ئۆتۆمبێل بۆ بردنەدەرەوەی منداڵەکان بەنادڵیەوە وەڵامم دەدەنەوە، گەورەترین ئارەزوم بردنەدەرەوەی منداڵەکانمە بۆ دەرەوەی گوندەکە.
ئوڵاش ٣ مانگ جارێک موچەی کەم ئەندامی ٦ منداڵەکەی وەردەگرێت. لەگەڵ ئەوەی موچەی بەخێوکردنی ٤ منداڵ وەردەگرێت، بەڵام موچەی ٢ منداڵەکەی تر وەر ناگرێت، بۆیە داوا لەبەر پرسان دەکات موچەی ئەو ٢ منداڵەشی بۆ دابین بکەن.
خەدیجە ئوڵاش گوتی: بەھۆی کەمی توانامانەوە وەک جاران ناتوانین ئاگامان لە منداڵەکانمان بێت، ناتوانم وەک جاران بیانشۆم و نانیان بۆ ئامادەبکەم ، بۆیە ھاوکاری لە کچەکەم وەردەگرم .
خەدیجە داوا لەبەرپرسان دەکات ھەلێکیان بۆ بڕەخسێنن تا بتوانن منداڵەکان ببەن بۆ دەرەوەی گوندەکەیان و بیانگەڕێنن.