Sidar Can Eren
24 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 26 تەمووز 2022
دێرسم - AA
گەشتیاران کە بەمەبەستی بەسەربردنی پشووەکانیان روویان لە شارۆچکەی ئۆڤاجک سەربە پارێزگای دێرسم کردووە لە زێی مونزور، رافتینگیان کرد و کاتێکی خۆشیان بەسەر برد.
قەزاکە کە دەکەوێتە نێوان چیاکانی سارپ و هەزار و ٥٠٠ مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە، بەهۆی جوانی سروشتەکەیەوە، هەموو وەرزێکی ساڵ گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانیی لەخۆدەگرێت.
زێی مونزور کە بە یەکێک لە باشترین شوێنی رافتینگ دادەنرێت لە جیهاندا دەکەوێتە قەزاکە و بووەتە شوێنێک کە هەمیشە لەلایەن شەیدایانی سروشت و وەرزشەوانانی رافتینگەوە سەردان دەکرێت.
گەشتیاران کە بەمەبەستی ئەنجامدانی رافتینگ سەردانی ناوچەکە دەکەن، بە ئۆتۆمبێلی بەڕێوەبەرایەتی وەرزش و لاوانی قەزاکە دەبرێن بۆ پردی هۆزات.
شەیدایانی رافتینگ دوای لەبەرکردنی ئێلەگ و کڵاوی پلاستیکی و وەرگرتنی رێنمایی لەبارەی وەرزشەکە لەسەر شێوەی گرووپی هەشت کەسی سەر بەلەم دەکەون.
گەشتیاران کە نزیکەی شەش کیلۆمەتر بەسەر زێی مونزوردا رافتینگ دەکەن، هەم جوانی سروشتیی قەزاکە دەبینن هەمیش کاتێکی خۆش بەسەر دەبەن.
فەردی گەنچ کە راهێنەرە لە بەڕێوەبەرایەتی وەرزش و لاوانی قەزاکە لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لەوە کرد کە ئۆڤاجک بووەتە براندێک لە بواری وەرزشی ئاویی و سروشتدا.
فەردی گەنچ باسی لەوە کرد کە لە زۆر پارێزگای تورکیا رافتینگی کردووە و گوتی: ''بەڕاستی کاتێک لەو رووەوە هەڵسەنگاندن بۆ زێی مونزور دەکەم لە ئۆڤاجک، رێڕەوێکی زۆر خۆشی رافتینگی هەیە. لە دێرسم رافتینگ زۆر بە فراوانی دەکرێت، بەڵام لە قەزاکەمان لە ئۆڤاجک لەگەڵ قوتابیەکانماندا رافتینگمان ئەنجام دا. بە درێژایی ٦-٧ کیلۆمەتر رافتینگمان ئەنجام دا. زۆر کەشێکی خۆشی هەبوو، زۆر دڵخۆشین''.
فەردی گەنچ هەروەها باسی لەوە کرد کە کاتێک رافتینگ دەکەن ئاشناش دەبن بە سروشتی ئۆڤاجک و گوتی: ''لە هەندێک شوێندا درەختەکان بەتەواوی زێی مونزوریان داپۆشیوە و واک ئەوا وابوو کە بە تونێلێکدا تێدەپەڕین''.