دێرسم
ھاوسەرۆکی گشتی ھەدەپە و پاڵێوراوی ئەو پارتە بۆ پۆستی سەرکۆماری تورکیا سهڵاحهدین دەمیرتاش بۆ بەشداریکردن لە چواردهمین فێستیڤاڵی کەلتوور و سروشتی مونزور، سەردانی دێرسمی کرد.
سهڵاحهدین دەمیرتاش لە میانی گوتەیهکدا باسی له گرنگی دیموکراسی کرد و گوتی: "ئێمە وەکو رەنگە جیاوازەکانی ئەم جۆگرافیایە، ناسنامە جیاوازەکان، ئایینەکان، کرێکارە چەوساوەکان، گوندییەکان، جوتیاران، ئافرهتان و گەنجان ساڵانە بۆ پەیڕەوکردنی دیموکراسیەتێکی راستەقینه لە تورکیا تێدەکوشین."
دەمیرتاش ههروهها گوتی: "زمانی تورکی و زمانەکانی دیکەیش دەبێ لەسەر ئەو جۆگرافیاییە بژین، ئێمە بە ھیچ شێوەیەک لایەنگری و پشتگیری لە سیستەمی یەک زمانی ناکەین و لە دژی ئەوانەی کە دیلی دەستی فاشیزمن یەک دەنگ و یەک ھەڵوێست دەبین. ھەموو ئەو چینە چەوساوانە و ھەموو ئەو ناسنامانەی کە رووبەرووی نەمان کرانەوە، دەبینە خاوەن یەک ھەڵوێست و یەک دەنگ. ئێمە زیاتر لە ھەر کەسێك خاوهندارێتی لە ئایین، کۆمەڵگە و کەلتووری عەلەوییەت دەکەین، لە کوێ ھێرش بکرێتە سەر عەلەوییەک ئێمە لەوێین و سینگی خۆمان دەکەینە قەڵغان، لە بەرامبەر ئەو جۆرە ھێرشە فاشیستانەدا ئێمە پێکەوە دەبینە یەک و پشتگیری لە یەکتر دەکەین، لێرە ئێمە خاوەندارێتیمان کردووە لە رۆژئاوا و لە لازقیەیش خاوەنداریەتی لەو جیاوازییە دەکەین و سەری خۆمان بۆ داعش دانانوێنین و سەری خۆمان بۆ لقی تورکیای داعشیش نانەوێنین. بۆ بەرقەرارکردنی دەسەڵاتی راستەقینەی گەل لە کۆشکی چانکایاوە دەست پێ دەکەین بۆیە لایەنی بەرامبەر کەوتووتە نێو ترس و دڵەڕاوکێوە."