دەرسیم
خەڵکی گوندی زاغگە لەناوچەی (دەرسیم) کە ١٩ ساڵ لەمەوبەر بە بیانووی شەڕی نێوان سوپای تورکیاو چەكدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان خەڵکەکەی دوور خرابوونەوە. بەدروستکردنی پردێک لەسەر چۆمی ئاواییەکەیان پەڕیونەوە بۆ سەر خاکەکەیان کە پێشتر بۆیان نەبوو بچنەوە بەلایدا.
خەڵکی گوندی زاغگە بەگەیشتنیان بۆ زێدی خۆیان، شایی و زەماوەندیی کوردەوارییان گێڕا.
لەمەراسیمی دروستکردنی پردەکەدا پەرلەمانتاری کورد لەفراکسیۆنی بەدەپە (ئەرگین دۆغرو) لەگەڵ خەڵکەکەدا بەشدارییکردو گوتی" پێویستە ھەموو پردەکانی ناوچەی دەرسیم چاکبکرێنەوەو خەڵکی ئەم ناوچەیەو ھەموو ناوچەکانی دیکە بگەڕێنەوە گوندەکانیان و دەوڵەت ھاریکارییان بکات بۆ ئاوەدانی زیاتر".
گوندی زاغگە ٣٦ کیلۆمەتر دوورە لە (مامەکیێ)ی پارێزگای دەرسیم. ساڵی ١٩٩٤ خەڵکەکەی لێیان مەحروم کرا بچنەوە سەر کێڵگەو باخەکانیان.
لەلایەکی دیکە خەڵکی گوندی (حەسار) لەبناری چیای جودی لەناوچەی جزیرەی بۆتان، دوای بیست و دوو ساڵ ھەڵکەندنیان لەناوچەکانی خۆیان، گەڕانەوە بەنیازی ئاواکردنەوەو دەستپێکردنەوەی ژیان لەناوچەکەیان.
دانیشتوانی ئەو گوندەیش لەبەر شەڕی نێوان تورکیاو گەریلاکان، راگوێزرابوونە شاری (سلۆپی) کە ٤٠ کیلۆمەتر دوورە لەگوندەکەیان، بەدرێاژی ئەو ماوەیە بۆیان نەبوو بگەڕێنەوە ناوچەکەی خۆیان.
بەھۆی ئەوەی رێگاکانی کوێربوو بوونەوە، خەڵکەکەی بەخاکەنازو پێمەڕە رێوبانەکانیان چاککردەوە تا بگەنەوە گوندە کاولکراوەکەیان، یەکەم شوێن کە چوونە سەری گۆڕستانی ئاواییەکە بوو، دواتر کوڕێک چووە سەر منارەی مزگەوتە رووخاوەکەیان و بانگی نیوەڕۆیدا.