Azad Mohammed Abdullah
23 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 26 ئەیلوول 2019
دهۆک - AA
وەلید خالد خاوەنی ناوەندەکەیە و دەڵێت "لە تواناماندایە سەگ رابهێنین تەرمى مرۆڤەکان لەژێر داروپەردووى خانووە رووخاوەکان بدۆزێتەوە و هەروەها رێگەش بە نابینایانیش نیشان بدات".
ناوەندى راهێنان و بەخێوکردنى سەگ چەند کیلۆمەترێک لە دەروازەى شارى دهۆک دوورە و خاوەنى ناوەندەکە لە دامێنى چیا شوێنى نووستن، راهێنان، خواردن و خواردنەوەى بۆ دروستکردوون و تۆپەڵێکى لاستیکى بە دەستەوەیە هەر کە هەڵی دەدات سەگەکەى بەزووترین کات بە ددانەکانى دەیگرێت و بە خاوەنەکەى دەداتەوە.
وەلید خالد کە باخچەیەکى خنجیلانەى وەکو گۆڕەپانى راهێنانى سەگەکان دروستکردووە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسى ئانادۆڵو باس لە بیرۆکەی کارەکەى دەکات و دەڵێت "لە ٢٠٠١وە سەگ بەخێو دەکەم و رادەهێنم، بەڵام ماوەى ساڵێک دەبێت بیرم لەوە کردەوە کە ناوەندێک لە نزیک شارى دهۆک دروست بکەم بۆ راهێنان و بەخێوکردنى سەگ، لەئێستاشدا کارەکە بە کۆتایی هاتووە و ژمارەیەکى زۆر سەگ لە ناوەندەکەدا هەن لە راهێناندان".
- راهێنانى سەگ بۆ یارمەتیدانى نابینایان لە میانی هاتوچۆکردنیاندا
وەلید خالد گوتیشى: "تا ئێستا ١٥٠ سەگمان لەسەر جۆرەکانى تەقەمەنى، ماددەى هۆشبەر و پشکنینى ماڵ و ئۆتۆمبێل و فڕۆکە راهێناوە. لە هەمان کاتیشدا سەگەکانمان لەسەر چاودێریکردنى ماڵ و رێگاوبانەکان راهێناوە و لە تواناماندا هەیە سەگ رابهێنین کە یارمەتى کەسانى نابینا بدات لە میانی هاتوچۆکردنیاندا".
وەلید خالد لەبارەى بەخێوکردنی سەگەکان و چۆنیەتى راهێنانیان گوتى: "خواردنى تایبەت بە سەگەکان دەدەین و رۆژانە بۆ ماوەى سێ کاتژمێر راهێنان بە سەگەکان دەکەین، تەمەنى گونجاوى سەگ بۆ راهێنان لە چوار مانگییەوە بۆ ساڵێکە، سەگ هەیە زوو رادەهێندرێت و رێنمایی و زانیارییەکانمان لێ وەردەگرێت، سەگى واش هەیە درەنگتر و کاتى زیاترى پێویستە".
خاوەن ناوەندەکە سەبارەت بە پاراستنى تەندروستى سەگەکان هەروەک خۆی ئاماژەی پێدا لە مانگێکدا چەند جارێک تیمێک لە پزیشکانى فێتێرنەرى دەهێنێتە ناوەندەکە و سەگەکان دەپشکنن و ئەگەر نەخۆشییەک لە سەگەکان بوونى هەبێت چارەسەر دەکرێت.
ئەو باسى لەو جۆرە سەگانە کرد کە راهێنانیان پێدەکرێت گوتی: "هەریەکە لە جۆرەکانى (جێرمان شیپەرت، دۆج شیپەرت، مالینۆس، دوبرمان، روت ویل و پیت بول) بۆ راهێنان و پەروەردەکردن گونجاوترینن، ئەو سەگانەیش کە توڕەن راناهێنن"
- "نرخەکان لە هەشت هەزار دۆلار بۆ ٣٠ هەزار دۆلارە"
وەلید خالد ئاماژەى بەوەدا کە ئەو سەگانەى بۆ راهێنان دەشێن نرخەکانیان لە هەشت هەزار دۆلار دەست پێ دەکات تا ٣٠ هەزار دۆلار، بەشى هەرە زۆرى کڕیاران دەزگاکانى ئاسایش و پۆلیسن، هەروەها ژمارەیەک لە کۆمپانیاکان سەگ بۆ پاسەوانى و چاودێرىکردنى کۆمپانیاکانیان لاى ئێمە دەکڕن، ژمارەیەک هاووڵاتییش سەگ دەکڕن و بۆ لاى ئێمە دەهێنن تاوەکو راهێنانیان پێ بکەین، دواى چەند کۆرسێک سەگەکانیان دەبەنەوە ماڵەوە".
ئەو دەڵێت "نرخى راهێنان بەو سەگانەى خەڵک دەیانهێنن لە ٦٠٠ دۆلارەوە تا هەزار دۆلار دەبێت و بەگوێرەى راهێنان و جۆرى سەگەکە نرخ دیاری دەکەین".