Hemin Hüseyin
28 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 30 تشرینی یەکەم 2016
بە سەرپەرشتی رێکخراوی ئەربیل ماراسۆن، ماراسۆنی نێودەوڵەتیی ھەولێر لە ژێر ناونیشانی "راکردن بەرەو ئاشتەوایی نیشتیمانیی" بە بەشداری زیاتر لە چوار ھەزار کەس دەستی پێکرد، وەرزشوان لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی کە توانییان بەسەر سێ ماوەدا بەشدارببن و تیمی یەکەم ماوەی 5 کیلۆمەتری و تیمی دووەم ماوەی 10 کیلۆمەتری و تیمی سێیەم ماوەی 42 کیلۆمەتری.
لە مەودای 5 کیلۆمەتری، لەسەر ئاستی پیاوان، وەرزشوان، رەوەند ئەحمەد توانی پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت و لەسەر ئاستی کچانیش، رێناس سهعید توانی مەودای 5 کیلۆمەتر بە خێرایی 23 خولەک و 54 چرکە ببڕێت و بەمەش پلەی یەکەمی 5 کیلۆمەتری بەدەستهێنا.
لە مەودای 10 کیلۆمەتریش لەسەر ئاستی پیاوان، وەرزشوان، حوسێن عەزیز پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و توانی لە ماوەی 36 خولەک و 53 چرکە مەودای 10 کیلۆمەتر ببڕێت و لەسەر ئاستی کچانیش بە هەمان مەودا، وەرزشوان، زوحا حوسێن پلەی یەکەمی بەدەستیهێنا.
هەریەک لە وەرزشوان، نەشوان محەمەد و عەبدولعەزیز حازر لە مەودای 10 کیلۆمەتری پلەی دووەم و سێیەمی راکردنەکەیان بەدەستهێنا لەسەر ئاستی پیاوان، بە هەمان شێوەش لە سەر ئاستی کچان هەریەک لە فەرەح سەدیق و سوزانا جونسون توانییان پلەی دووەم و سێیەمی پێشبڕکێیەکە بەدەستبهێنن.
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی رێکخراوی ئەربیل ماراسۆن، کاکە ئەحمەد جەمیل لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو تیشکی خستە سەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ماراسۆنەکە و گوتی: "ئەوە پێنجەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتییە لە شاری هەولێر ئەنجام دەدرێت بە بەشداری زیاتر لە 4 هەزار وەرزشوان کە تێیدا سێ مەودا هەیە بۆ راکردن ئەوانیش مەودای 5 کیلۆمەتری و 10 کیلۆمەتری و 42 کیلۆمەتری و دواتریش براوەکانی ئەو ماراسۆنە خەڵاتی ئەو پێشبرکێیە وەردەگرن".
کاکە ئەحمەد جەمیل ئاماژەی بەوەشکرد کە جگە لە وەزرشوانە ناوخۆییەکان، چەند وەرزشوانێک لە دەرەوەی عێراقیش هاتوون و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ژمارەیەکی زۆری وەرزشوانان لە وڵاتانی ئەورووپا و کەنەدا و ئەمریکاوە هاتوون و جگە لەوەش لە وڵاتی سوێد گرووپێکی 15 کەسی لە کچ و کوڕی وەرزشوان هاتوون بۆ بەشداریکردن لەو ماراسۆنە و براوەی یەکەم و دووەم و سێیەم لە هەر سێ مەودا خەڵات دەکرێن".
یەکێک لە وەرزشوانە بەشداربووەکانی ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر کە لە پێکهاتەی تورکمانە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان تەنیا ویستوویانە بەشداری ماراسۆنەکە بکەن لەگەڵ سەرجەم پێکهاتە و نەتەوەکانی دیکە و پێی وایە زەمینەیەک فەراهەم کراوە بۆ ئەوەی هەموو پێکهاتە و نەتەوەکان لە ژێر دروشمی بەرەو ئاشتیدا بژین.
وەرزشوان، دلزار مەعروف لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم ماراسۆنە لە ژێر ناونیشانی راکردن بەرەو ئاشتییە و بۆیەش بە پێویستمان زانی هەموو پێکهاتە و ئایینێک بەشداری تێدا بکەن بۆ ئەوەی بیسەلمێنین کە ئاشتی و کامەرانی بەرقەرارە و گرنگ بەشداربوونە نەک براوە، هیوادارم هەمیشە بتوانین بە ئاشتی و کامەرانی بژین".
جێی ئاماژەیە یەکەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتی لە شاری هەولێر لە ساڵی 2009 بەڕێوەچوو،ئەوەی ئەمڕۆش پێنجەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتیی بوو کە لەو شارە ئەنجام بدرێت.