هەولێر.. رۆژی جیهانی کەمئەندامان بەڕێوەچوو
کوێستان محەمەد: "کارمانکردووە لەسەر وەرگرتنی تێبینی دەربارەی ھەموارکردنەوەی یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠١١ تایبەت بە کەمئەندامان، ھەروەھا توانیوومانە بەو توانستە لاوازەی لەبەردەستدایە، خزمەتی زیاتر پێشکەش بە کەمئەندامان بکەین".
Arbil
هەولێر - AA
لە رێوڕەسمێکدا بەبۆنەی رۆژی جیهانی کەمئەندامان، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خەڵاتی رێزلێنانی بە ژمارەیەک کەمئەندام بەخشی.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کوێستان محەمەد ئاماژەی بە بەشێک لە کارنامەی وەزارەتەکەی کرد و جەختی لەوەکردەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ باشترکردنی دۆخی کەمئەندامان و گوتی: "ئێمە وەکو وەزارەت لە پلانماندایە کار بکەین بۆ باشکردنی بارودۆخی ژیان و گوزەرانی کەمئەندامان و لەو چوارچێوەیەشدا پێشنیازمان کردووە کە کەمئەندامان لە رسوماتی خوێندن ببەخشرێن، هەروەها بەخشینیان لە نەخۆشخانە حکوومییەکان و بەخشینیان بەڕێژەی لەسەدا ٥٠ لە نەخۆشخانە تایبەتەکان".
کوێستان محەمەد گوتیشی: "کارمانکردووە لەسەر وەرگرتنی تێبینی دەربارەی ھەموارکردنەوەی یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠١١ تایبەت بە کەمئەندامان، ھەروەھا توانیوومانە بەو توانستە لاوازەی لەبەردەستدایە خزمەتی زیاتر پێشکەش بە کەمئەندامان بکەین و سەرجەم ئەم کارانەش ئەرکی سەرشانی ئێمەیە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کوێستان محەمەد گوتیشی: "بۆ یەکەمجارە لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کە خاڵێک تایبەت کراوە بە کەمئەندامان بۆ بەزرکردنەوەی توانا و بەڕێوەبردنی وڵات و ئەمەیش ئومێدبەخشە بۆ ئەوەی خاوەنپێداویستییەکان زیاتر خزمەتی وڵات بکەن و دواڕۆژێکی پڕشنگداریان ھەبێت".
هاوکات وەرگێڕێک بە زمانی ئاماژە کە تایبەت بە نابیستان بوو، کۆی رێوڕەسمەکەی بۆ بەشێکی ئامادەبووان گواستەوە بۆ ئەوەی ئەوانیش گوێیان لە بڕگە و بابەتەکانی رێوڕەسمەکە بەشداربن.
لە رێوڕەسمەکەدا چەندین گۆرانی و سروود پێشکەش کران و دواتر وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێزلێنانی وەزارەتەکەی بەسەر سەندیکا و کۆمەڵە و رێکخراوەکانی تایبەت بە کەمئەندامان و ژمارەیەک خاوەنپێداویستی تایبەت دابەش کرد.
رۆژی سێی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک بە رۆژی جیهانی کەمئەندامان دەستنیشانکراوە کە تیایدا چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت.