هەولێر - AA لە شاری هەولێر، ئەو هاووڵاتییە بانگلادیشییانەی بۆ کارکردن روویان لە شارەکە کردووە لە زۆر شوێنی شارەکە، بەتایبەتی دەوری قەڵای دێرین، بازاڕ، پارک و تەنانەت ترافیک لایتەکاندا بە فرۆشتنی گوڵ بژێوی ژیانیان دابین دەکەن. بینینی کەسانی بیانی لە هەولێر کە بۆ کارکردن لە زۆر بواردا روویان شارەکە کردووە شتێکی ئاساییە، بەڵام ئەوەی بووەتە مایەی سەرنجڕاکێشان زۆربەی ئەوانەی گوڵ دەفرۆشن، بەنگلادیشییەکانن. بەنگلادیشییەکان کە زۆربەیان ئینگلیزی دەزانن و لە هەولێریش فێری کوردیەکی رەوان بوون، لەنێو ئەو شتانەی زۆر کاری لەسەر دەکەن و دەیانفرۆشن گوڵیش هەیە. پارکی سامی عەبدولرەحمان کە لە سەردەمی رژێمی رووخاوی سەدام حوسێن-دا وەک بنکەی پۆلیس و شوێنی ئەشکەنجەدان بەکار دەهێنرا، ئەمڕۆ کراوەتە پارکێکی گەورە و زیاد لە یەک ملیۆن درەختی تێدایە کە بووەتە کۆگای ئۆکسجینی شارەکە و یەکێکە لە ناوەندەکانی بژێوی ژیانی گوڵ فرۆشانی بەنگلادیشیی. پارکەکە کە لە سەر رووبەری ٨٠٠ دۆنم زەوی دروست کراوە و شوێنێکە وەرزشوان، سەیرانکەران و هاووڵاتییان بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش و وەرگرتنی هەوای پاک سەردانی دەکەن، کاتێک پیایدا تێدەپەڕیت ژمارەیەکی زۆر بەنگلادیشی دەبینت کە لە شوێنە جیاجیاکانی پارکەکەدا گوڵ دەفرۆشن. گوڵ فرۆشە بەنگلادیشییە روو خۆشەکان کە هەر کەس بچێتە پارکەکەوە بە روویەکی خۆشەوە لێی دەپرسن ''گوڵ دەکڕن؟'' لە رۆژانی خۆرەتاودا، ژمارەیان زیاد دەکات و لە رۆژانی سەرماشدا، ژمارەیان بۆ نیوە دادەبەزێت. محەمەد عەبدوڵڵا کە ماوەی چوار ساڵە لە شاری هەولێر دەژیت، یەکێکە لەو بەنگلادیشییانەی گوڵ دەفرۆشێت. محەمەد عەبدوڵڵا باسی لەوە کرد کە گوڵفرۆشان بە زۆری بەنگلادیشین و هەندێ جار سوورییەکانیش دێنە ناویانەوە، ئەوەشی باس کرد کە ئەوەندەی لە شارەکەدا ماوەتەوە بە پێی پێویستی خۆی فێری کوردی بووە. کاتێی لە محەمەد عەبدوڵڵامان پرسی بە چەند گوڵ دەفرۆشیت لە وەڵامدا گوتی دانەی بە دوو هەزار دینار دەفرۆشم (١،٣٧ دۆلار)، بەڵام ئەگەر دوو دانە بکڕێت داشکاندنی بۆ دەکەم و بە سێ هەزار هەردووکیانی دەدەمێ. محەمەد عەبدوڵڵا کە رۆژانە ٢-٥ گوڵ دەفرۆشێت، باس لەوە دەکات کە قازانجەکەی باش نییە. لە محەمەدمان پرسی بۆچی هاتووە بۆ هەولێر، ئەویش لە وەڵامدا گوتی؛ لەبەرئەوەی لە وڵاتەکەی خۆیدا پارەی دەست نەکەوتووە، بەڵام لێرە بە فرۆشتنی گوڵ مانگانە ٢٥٠ هەزار دینار (١٧١ دۆلار)ی دەست دەکەوێت. بەنگلادیشییەکانی دیکەی ناو پارکەکە هەندێکیان بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی مانەوە یان ترسان لەوەی کاریگەری لەسەر کارەکانیان دروست بێت، ئامادە نەبوون قسەمان بۆ بکەن. - گوڵفرۆشانی دەوری قەڵای دێرینی شارەکە قەلای دێرینی هەولێر و بازاڕی قەیسەری یەکێکە لەو شوێنانەی دانیشتوانی شارەکە، شارەکانی دیکەی عێراق و گەشتیاران یەکەم جار سەردانی دەکەن. لەبەرئەوە زۆرێک لە گوڵفرۆشان لە دەوری قەڵا و بازاڕەکە گوڵەکانیان دەفرۆشن. - رۆژانە تێکڕا ١٠-٢٠ گوڵ دەفرۆشێت میجانور رەحمان کە هاووڵاتییەکی بەنگلادیشییە و لە بەردەم قەڵا بینیمان، بەمەبەستی کۆکردنەوە پارە، خێزانەکەی جێهێشتووە و رووی لە هەولێر کردووە. میجانور رەحمان کە ئینگلیزی و عەرەبی دەزانێت لە هەولێر فێری کەمێک کوردی بووە و حەزی لە ژیانی شارەکەیە و دەڵێت؛ خەڵکی ئێرە زۆر باشن. سەبارەت بە کارەکەی میجانور رەحمان باسی لەوە کرد کە لە دووکانێکی عەنکاوە گوڵ دەکرێت و رۆژانە ١٠-٢٠ گوڵ دەفرۆشێت. - ئاواتی ئەوەیە بچێت بۆ فەڕەنسا محەمەد ئیمان کە هاووڵاتییەکی بەنگلادیشییە باسی لەوە کرد کە ئەویش وەک هاووڕێکانی بە فرۆشتنی گوڵ هەوڵ دەدات بژێوی ژیانی دابین بکات. محەمەد ئیمان باسی لەوەیش کرد کە حەزی لە گوڵ فرۆشتنە و قازانجی مانگانەی ٣٠٠-٤٠٠ دۆلارە. ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە خێزانەکەی لە بەنگلادیش دەژین و پلانی داهاتووشی چوونە بۆ فەڕەنسا. |