Heman Hussein Yaseen Yaseen
13 مای,س 2019•نوێکردنەوە: 14 مای,س 2019
هەولێر - AA
بازاڕی تەعجیل، بریتییە لە شەقامێکی کۆن و یەکێکە لە بازاڕە ھەرە کۆن و قەرەباڵغەکانی شاری ھەولێر و تا ئێستاش بە شێوە کلاسیکییەکەی ماوەتەوە و ئەم بازاڕە لە شەواندا بەتایبەتیش لە شەوانی رەمەزاندا زۆرترین خەڵک سەردانی دەکات و کاتەکانیان لەوێ بەسەر دەبەن.
ئەم بازاڕە لە ناوەڕاستی گەڕەکی تەعجیل هەڵکەوتووە کە یەکێکە لە گەڕەکە هەرە کۆنەکانی شاری هەولێر و بەوە ناسراوە کە جۆرەها خواردنی لێیە بەتایبەتی گۆشتی چەندین جۆر باڵندە و دوکانەکانیش لە مانگی رەمەزاندا تا پارشێو بەکراوەیی دەمێننەوە و بەشێک لە خەڵک لەم بازاڕەدا پارشێو دەخۆن.
خاوەنی یەکێک لە چێشتخانەکان کە گۆشتی چەندین باڵندە ئامادە دەکات، بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە ماوەیەکی درێژە لەم شوێنە کار دەکات و بازاڕەکە خواستێکی زۆری هاووڵاتییانی لەسەرە و جگە لە هاووڵاتییانی ناوخۆیی، گەشتیارانی بیانیش بۆ خواردنی گۆشتی باڵندەکان، سەردانی بازاڕی تەعجیل دەکەن.
لە چێشتخانەکاندا، چەندین مەنجەڵی گەورە دەبینرێت کە هەریەکەو جۆرێک باڵندەی تیادا دەکوڵێت و لەسەر شۆستەی شەقامەکانیش شوێنی دانیشتنی هاووڵاتییان کراوەتەوە و لە نێوان هەردوو چێشتخانەشدا، چایخانەیەکی لێیە کە جگە لە چا خواردنەوەش، چەندین یاری و نمایشی دیکەی تیادا دەکرێت کە باوترینیان نمایشکردنی کۆترە گرانبەهاکانن.
خاوەن چێشتخانە، موئەیەد موعتەسەم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم شوێنەی من لێی کار دەکەم، ٣٦ ساڵە چێشتخانەیە و من ماوەی ١٢ ساڵە لێرە کار دەکەم، ئەوانەی سەردانمان دەکەن ئەو کڕیارانەن کە پێشووتر هاتوونەتە ئێرە، جگە لە هاووڵاتییانی هەولێر لە دهۆک، سلێمانی، کەرکووک و شارەکانی دیکەش کڕیارمان هەیە و سەردانمان دەکەن، بەتایبەت دێن بۆ خواردنی گۆشتی، کۆتر، کەو، پۆڕ و سوێسکە، فڕوج و ریشۆڵە".
لەبارەی ئەوەی کە گۆشتی کام باڵندە خواستی زیاتری لەسەرە، موئەیەد موعتەسەم گوتی: "لە مانگی رەمەزاندا ئێرە زۆر قەرەباڵغە و ئەم بازاڕە لە کۆنەوە بە کەباب و باڵندە بەناوبانگە و بە رۆژ هەموو دوکانەکان داخراون و بەشەوانەش تا پارشێو دەمێننەوە و خەڵک لێرە پارشێو دەخوات و گۆشتی کۆتر لە هەموویان زیاتر خواستی لەسەرە".
لەگەڵ هەبوونی ئەم بازاڕە و بوونی چەندەها جۆر گۆشت، بەڵام دیوێکی هەرە گرنگی بابەتەکە، رەچاوکردنی لایەنی تەندروستییە و بۆ ئەم مەبەستەش موئەیەد موعتەسەم گوتی: "خواردنەکانمان لە رووی تەندروستییەوە گونجاوە چونکە هەمووی بە چەوری خۆیان ئامادە دەکرێن و هیچ رۆنێکیان تێناکەین و ئەمەش وایکردووە خواستێکی زیاتری لەسەر بێت، لەگەڵ ئەوەشدا شەوی رابردوو لیژنەکانی چاودێری تەندروستی سەردانییان کردین و دەستخۆشییان لە ئێمە کرد لەبەرامبەر جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان لە رووی پاک و خاوێنی و کوالێتی خواردنەکانەوە".
گەڕەکی تەعجیل بە دووری نزیکەی ٢٠٠ مەتر دەکەوێتە رۆژئاوای قەڵای هەولێر و یەکێکە لە گەڕەکە کۆنەکان کە کاتی خۆی زۆربەی دانیشتووانەکەی جوولەکە بوون و لە ساڵی ١٩٥٤ شەقامی شا فەیسەڵی دووەم لە نێوان گەڕەکی تەعجیل و شەقامی باتا کرایەوە و ئێستاش یەکێکە لە شەقامە سەرەکییەکانی ناو شاری هەولێر کە کۆتری ئاشتی بە چواڕیانی شێخی چۆلی دەبەستێتەوە.