Heman Hussein Yaseen
08 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 09 نیسان 2023
هەولێر - AA
شەوانی مانگی رەمەزان تایبەتمەندی خۆی هەیە و هاووڵاتییان بەشێوەیەکی جیاواز کاتەکانیان بەسەر دەبەن بە تایبەتی دوای بەربانگ بەهۆی کرانەوەی بازاڕەوە، خەڵکێکی زۆر دەچێتە دەرەوە و تا پارشێو لە دەرەوە دەمێننەوە و پاشان دەگەڕێنەوە ماڵەوە.
بازاڕی تەعجیل یەکێکە لەو شوێنانەی کە هاووڵاتییەکی زۆر شەوانە سەردانی دەکات و کاتەکانیان لەوێ بەسەر دەبەن، چونکە شوێنەکە یەکێکە لە بازاڕە دێرین و جەنجاڵەکانی شاری ھەولێر و تا ئێستاش بە شێوە کلاسیکییەکەی ماوەتەوە.
بازاڕەکە بەوە ناسراوە کە جۆرەھا خواردنی لێ دەفرۆشرێت بەتایبەتی گۆشتی چەندین جۆر باڵندە، دوکانەکانیش لە مانگی رەمەزاندا تا پارشێو بەکراوەیی دەمێننەوە و بەشێک لە خەڵک لەم بازاڕەدا، پارشێو دەخۆن و کاتەکانیان لەم بازاڕەدا بەسەر دەبەن.
لەسەر شۆستە و شەقامەکاندا، لە پاڵ ژمارەیەک چایخانە چەندین مەنقەلی گەورە بۆ بژراندنی گۆشت، کەباب، باڵی مریشک و چەندین جۆری دیکەی گۆشت دانراون و لە بەشێکی چێشتخانەکانیش چەندین مەنجەڵی گەورە دەبینرێت کە ھەریەکە و جۆرێک باڵندەی تیادا دەکوڵێت و ھاووڵاتییانیش لەسەر کورسییەکانی سەر شۆستە و شەقامەکان دادەنیشن بۆ نانخواردن و کات بەسەربردن.
یەکێک لەو کاسبکارانەی کە نزیکەی نیو سەدەیە لەم شوێنە خەریکی خواردن دروستکردن و فرۆشتنیەتی، ئاماژە بەوە دەکات کە لە شەوانی مانگی رەمەزاندا، تا پارشێو خواردن پێشکەش بە کڕیارەکان دەکەن.
کاسبکار ئەحمەد شەهاب ئەحمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من نزیکەی پەنجا ساڵە لەم گەڕەکە خەریکی کاسبیکردنم بەتایبەتی دروستکردنی خواردن، لەئێستاشدا بەهۆی مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە لە نیوەڕۆیەوە شوێنەکەمان دەکەینەوە و ئامادەکاری دەکەین بۆ بەربانگ و تا پارشێو کراوە دەبێت".
ئەحمەد شەهاب ئەحمەد کە هەر بەردەم برژاندنی چەند شیش گۆشتێک لەسەر مەنقەلەکە، لەبارەی جۆری خواردنەکانیشەوە گوتی: "بەشێوەیەکی گشتی خواردنەکان بریتیین لە کەباب، مەمک، فاتەڕەشە، حلێوە و جەرگ، هەروەها چەندین جۆری دیکەی پەلەوەڕ کە بەشێوەی کوڵاو و برژاو پێشکەیشی دەکەین".
بەگوتەی ئەحمەد شەهاب ئەمساڵ بەهۆی کەم بارانییەوە رەشۆڵە کەم بووە و ئەمەش وایکردووە کە کەمتر دەست بکەوێت و نرخەکەیشی بەرزبێتەوە، لەمبارەیەوە گوتی: "ئێمە کۆتر و پەلەوەڕەکانی دیکەمان لە باشووری عێراق بۆ دێت بە تایبەت لە حیللە و ناسرییە، خەڵک زیاتر خواستی لەسەر کۆتر و رەشۆڵە هەیە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی کەم بارانییەوە، ئەوا رەشۆڵەش کەم بووە و هەر بۆیەش نرخەکەی کەمێک بەرزبووەتەوە".
لە ژوورەوەی هەمان خواردنگە، چەند مەنجەڵێکی گەورە دەبینرێت کە چەندین جۆری پەلەوەڕی کوڵاوی تیادایە کە خواستێکی زۆری خواردنی لەسەرە.
چێشتلێنەر تەنیا ئەحمەد لەبارەی شێوازی کارکردن و پێشوازییکردنیان لە مانگی رەمەزاندا، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە ساڵانێکی زۆرە لێرەین، بە گشتی شەوانە خواردن پێشکەش بە موشتەرییەکانمان دەکەین، بەڵام شەوانی مانگی رەمەزان تایبەتی خۆی هەیە و خەڵک زیاتر روو لەو بازاڕە دەکەن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی بە رۆژ ماندوونە و بەشەو دێن لێرە کاتێکی خۆش بەسەر دەبەن و ماندووبوونەکەیان نامێنێت".
تەنیا ئەحمەد گوتیشی: "ئەوانەی لێرە پێشکەش بە موشتەرییەکانی دەکەین، بریتییە لە رەشۆڵە، فڕوجی کوردی، پۆڕ و کەو، هەروەها کۆتر کە خواردنێکی سەرەکییە و لە هەموویان گرنگترە، ئەویش دوو جۆری هەیە، کۆتری زاجل و کۆتری کێوی بەهۆی ئەوەی کە سووپێکی سروشتی هەیە بۆیەش خەڵک زیاتر خواستی لەسەرە".
بەگوتەی تەنیا ئەحمەد، پێشتر کۆترەکان لە هەولێر و کەرکووک دەست دەکەوتن، بەڵام ئێستا لەو ناوچانە نەماون و گوتی: "کۆترەکان پێشتر لە دەوروبەری هەولێر و کەرکووکەوە بۆمان دەهاتن، پۆڕ-یش لە قەزای دوبزەوە بۆمان دەهات، بەڵام ئێستا لەم شوێنانە نەماون، بۆیەش بۆ ئەمساڵ لە شارەکانی حیللە و ناسرییە باشووری عێراق کڕیوومانن".
بازاڕی تەعجیل کەوتووەتە سەر شەقامی گشتیی گەڕەکی تەعجیل کە بە دووری نزیکەی ٢٠٠ مەتر دەکەوێتە رۆژئاوای قەڵای ھەولێر و یەکێکە لە گەڕەکە کۆنەکان کە کاتی خۆی زۆربەی دانیشتووانەکەی جوولەکە بوون و لە ساڵی ١٩٥٤ شەقامی شا فەیسەڵی دووەم لەنێوان گەڕەکی تەعجیل و شەقامی باتا کرایەوە و ئێستاش یەکێکە لە شەقامە سەرەکییەکانی ناو شاری ھەولێر کە کۆتری ئاشتی بە چواڕیانی شێخی چۆلی دەبەستێتەوە.
08.04.2023 بازاڕی تەعجیل-ی شاری هەولێر لە شەوانی مانگی رەمەزاندا
شەوانی مانگی رەمەزان تایبەتمەندی خۆی هەیە و هاووڵاتییان بەشێوەیەکی جیاواز کاتەکانیان بەسەر دەبەن بە تایبەتی دوای بەربانگ بەهۆی کرانەوەی بازاڕەوە، خەڵکێکی زۆر دەچێتە دەرەوە و تا پارشێو لە دەرەوە دەمێننەوە و پاشان دەگەڕێنەوە ماڵەوە.