Abdullah Shukur
06 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 10 ئادار 2017
ھەموو ساڵێک نزیکەی یەک ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار منداڵ بەھۆی پیسبوونی ژینگەوە گیان لەدەست دەدەن.
بەپێی دوو راپۆرتی نوێی رێکخراوی تەندروستی جیھانی، ھەموو ساڵێک پیسبوونی ژینگە دەبێتە ھۆکاری گیانلەدەستدانی یەک ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵ.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە تا و سکچوو، زۆرترین ھۆکاری گیانلەدەستدانی منداڵانن.
لە راپۆرتی دووەمی رێکخراوی تەندروستی جیھانی راگەیەندراوە کە ھەموو ساڵێک نزیکەی ٥٧٠ ھەزار منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵ، بەھۆی ھەڵئاوسانی رێڕەوی ھەناسەی پەیوەندیدار بە پیسبوونی ژینگە گیان لەدەست دەدەن.
راشگەیەنرا کە ٣٦١ ھەزار منداڵیش بەھۆی نەبونی مەرجەکانی خاوێنی ئاو و سکچوو گیانلەدەست دەدەن.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە گۆڕانکاری ژینگە، بووەتە ھۆکاری نەخۆشی رەبوو (ئەستیما) لە منداڵان و سەدا ٤٤ی منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵیش بەھۆی فاکتەری ژینگەوە رووبەڕووی ئەو نەخۆشییە بوونەتەوە.