Hemin Hüseyin
27 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 28 کانوونی یەکەم 2018
هەولێر - AA
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت کە لە میانی ١٠ مانگی رابردوودا، زیاتر لە دوو ملیۆن و ٨٠٠ هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و پلانیشیان وایە ساڵی داهاتوو ئەم رێژەیە زۆر بەرزتر بێتەوە.
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، نادر روستی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو پلانی ساڵانەی گەشتوگوزاری خستەڕوو و گوتی: "کەرتی گەشتوگوزار هەموو ساڵ پلانی خۆی هەیە، ئەمساڵیش ئامادەکاری کراوە بۆ هێنانی گەشتیار لە سەری ساڵ، کۆمەڵێک کۆبوونەوە کراوە لەگەڵ کەرتی تایبەت و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئێمە لە شار و شارۆچکەکان، بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین گەشتیار رابکێشین. لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە هەندێک ئاهەنگی گشتی ساز بکرێت، هەروەها لە هۆتێلەکانی چوار ئەستێرە و پێنج ئەستێرەش ئاهەنگی تایبەت ساز بکرێت، ئەمانە بە بەردەوام کاری لەسەر دەکرێت".
نادر روستی گوتیشی: "لەگەڵ کۆمپانیا و لایەنەکان قسەمان کردووە، هەروەها لە رووی سۆشیال میدیا مارکێتینگمان کردووتەوە و پەیاممان بۆ خەڵکانی ناوخۆ و خوارووی عێراق ناردووە و ئەمەش وا دەکات زۆرترین کەس ئاگاداری بێت و پێشبینی هاتنی رێژەیەکی زۆر گەشتیار دەکەین".
سەبارەت بە ئامارەکانی ئەمساڵیش، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان روونیکردەوە کە تا سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم، زیاتر لە دوو ملیۆن و ٨٠٠ هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و زۆرترینیشیان بۆ پارێزگای هەولێر هاتوون، هەروەها ناوچەکانی سۆران لە هەولێر و سەرسەنگ لە دهۆک و سنووری پارێزگای هەڵەبجەش شوێنێکی سەرنجڕاکشێە و زۆرترین گەشتیار رووی تێدەکەن".
نادر روستی ئەوەیشی روونکردەوە کە لە ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ کۆمەڵێک گرفت هەبوون و ساڵانی دواتر رێژەی هاتنی گەشتیار بەرزبووەوە و پێشبینی دەکەین ئەمساڵ و ساڵی داهاتووش رێژە هاتنی گەشتیاران بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبێتەوە".
نادر روستی گوتیشی: "ساڵانی رابردوو رێگای نیوان هەولێر- پردێ داخرابوو، کێشەی فڕۆکەخانە هەبوو، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا باش نەبوو، ئەمەش هەمووی کاریگەری خراپی لەسەر هاتنی رێژەی گەشتیاران دروست کردبوو، بەڵام خۆشبەختانە ئەمساڵ دوای نەمانی بەشێکی زۆری کێشەکان، پێشبینی هاتنی رێژەیەکی بەرچاوی گەشتیاران دەکەین".
لە ھەرێمی کوردستان نزیکی سێ ھەزار شوێنی گەشتیاری ھەیە کە بریتین لە ھۆتێل، مۆتێل، کافتریا و رێستورانت، هەروەها زیاتر لە ١٧٠ شوێنی گەشتیاریش هەیە، دیارترینیاشیان پڕۆژەکانی تایبەت بە گەشتوگوزاری زستانەن وەک چیای کورەک، ئەزمڕ و تەلەفریکی بابلۆ لە شاری دھۆک.
جگە لە پڕۆژەکانی تایبەت بە گەشتوگوزاری زستانەی وەک چیای کورەک، ئەزمڕ و تەلەفریکی بابلۆ لەشاری دھۆک ، چەندان لووتکە و شاخ و شوێنی بەرزی سرووشتی ھەیە، کە گەشتیار دەتوانێت چێژی لێ وەربگرێت.