İbrahim Yaldız
07 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 08 ئاب 2020
مووش - AA
لە پارێزگای مووش کە یەکێکە لە ناوەندە گرنگەکانی ئاژەڵداریی تورکیا، ئاژەڵداران بەمەبەستی دابینکردنی ئالیکی وەرزی زستان کە بە سەختی لە پارێزگاکەیاندا تێدەپەڕێت لە کێڵکەگاندا سەرەڕای بەرزی پلەکانی گەرما ئەو گیایەی دروێنەیان کردووە، هەباشە دەکەن و دەیکەنە کا بۆ ئاژەڵەکانیان.
ئاژەڵدارانی شارۆچکەی بوڵانک، لەگەڵ هەڵاتنی تیشکی خۆر بە سێلکەکانیانەوە روو دەکەنە کێڵگەکان بۆ دەستەبەرکردنی ئالیکی وەرزی زستانی ئاژەڵەکانیان.
سەرەڕای بەرزی پلەکانی گەرما، ئاژەڵداران گیا دوراوەکان لە کێڵگەکەدا کۆدەکەنەوە و بە سێلکەکانی دەستان گیاکە دەکەنە هەباشەوە و دەیکەنە کا.
ئاژەڵداران کە تاکە پژێوی ژیانیان بەخێوکردنی ئاژەڵە بەبێ گوێدانە بەرزی پلەکانی گەرما و تەپوتۆز کاردەکەن و ئەو کایەی تا کاتەکانی ئێوارە دەستی دەخەن بە تراکتۆر دەیهێننەوە بۆ گوندەکەیان.
عەبدوڵڵا بوڵاکچی کە لە گوندی سۆغوتڵو سەربە شارۆچکەکە دەژی و کاری ئاژەڵداریە ، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و باسی لەوە کرد کە بۆ دابینکردنی پێویستی ئالیکی زستان بۆ ئاژەڵەکانیان هاوین گیایان دووریەوە.
عەبدوڵڵا بوڵاکچی باسی لەوە کرد کە تاکە بژێوی ژیانیان کاری ئاژەڵداریە و گوتی: ''دوای ئەوەی ئەو گیایەمان هەباشە کرد کە دروێنەمان کردووە دەیبەین بۆ گوندەکەمان. لە هەلومەرجی زۆر سەختدا و لە گەرمای هاویندا کار دەکەین. وەرزی زستان لێرە شەش مانگ دەخایەنێت. ژیانێکی سەخت بەڕێدەکەین. ناچارین لەم کەشوهەوا گەرمەدا ئامادەکاری بۆ وەرزی زستان بکەین. ئەگەر وا نەکەین ناتوانین ئاژەڵەکانمان بەخێوبکەین. لە زستاندا کا دەدەین بە ئاژەڵەکان. کارێکی سەختە، بەڵام ناچارین. ئەگەر ئەو کارە نەکەین ناتوانین بژێوی دابین بکەین. هەمووان بەپێی پێویست گیا بۆ ئاژەڵەکانی دەدورن. هەباشە بەکاردەهێنین بۆ وردکردنی گیاکە و بە سێلک گیاکە دەکەینە هەباشەکەوە''.
- هەباشەکردن زۆر قورسە و تەپوتۆزی هەیە
کەرەم بوڵاکچی کە یەکێکە لە ئاژەڵدارانی گوندەکە، ئاماژەی بەوە کرد کە کاتژمێر ٠٥:٣٠ لە خەو هەڵدەسێت و بەرەو کێڵگە دەکەوێتەڕێ و گوتی: ''ئامادەکاری دەکەین بۆ زستان. ئەگەر وا نەکەین ناتوانین بژێوی دابین بکەین. چارەیەکی دیکەمان نییە. ئەو گیایەی لە کەڵگەکاندا کۆمانکردووەتەوە بە سێلک دەکەینە ناو هەباشەوە. هەباشەکردن زۆر قورسە، تەپ و تۆزی هەیە''.
هەروەها فەسیح چەلیک کە گوندی گۆلیانی دەژی و سەرقاڵی ئاژەڵداریە، باسی لەوە کرد کە ئەو گیایەی بۆ زستانی ئاژەڵەکانی دەدورن هەباشەی دەکەن تا ببێتە کا.
فەسیح چەلیک باسی لەوە کرد کە ئامادەکاریی بۆ وەرزی زستان بۆ ئاژەڵداران کارێکی قورسە و گوتی: ''بە ئارەقەی ناوچاوان کاردەکەین. بە هەباشە گیاکە دەکەین بە کا. پاشان ئەو کایە بە تراکتۆر دەگوازینەوە بۆ گوندەکەمان. لێرە زستان درێژە. لە زستاندا کا دەدەینە ئاژەڵەکان. لە بەیانیەوە تا ئێوارە لە کێڵگەکاندا کار دەکەین. هەموو گیانمان ئارەقەی پیادا دێتە خوارێ''.