توركيا, ژيان

ئیزمیر.. کێبڕکێکردن لە لەتکردنی زۆرترین تەماتەدا

- لە سنووری پارێزگای ئیزمیر، کرێکارانی کێڵگەکانی وەرزی لەژێر گەرمای پڕوکێنەردا پێشبڕکێ لەگەڵ کات و یەکتردا دەکەن.

Halil Fidan  | 06.08.2020 - نوێکردنەوە : 22.08.2020
ئیزمیر.. کێبڕکێکردن لە لەتکردنی زۆرترین تەماتەدا

Izmir

ئیزمیر - AA

کرێکارانی کێڵگەکانی وەرزی کە کار لە وشککردنەوەی تەماتەدا دەکەن کە لە زۆر وڵاتدا سفرە و خوان دەڕازێنێتەوە، لەژێر گەرمای پڕوکێنەردا لەگەڵ کات پێشبڕکێ دەکەن هەروەها لەگەڵ یەکتریدا.

کێڵگەکانی شارۆچکەی تۆرباڵی سنووری پارێزگای ئیزمیر کە رابەری هەناردەکردنی تەماتەی وشککراوە لە تورکیا، سوور هەڵگەڕاون. بەشێکی زۆری کرێکاران کە سەرقاڵی ئەو کارەن لە شارۆچکەی سیڤەرەک سەربە پارێزگای ئورفاوە روویان لەو گێڵگانە کردووە بۆ کارکردن.

کرێکارانی کێڵگەی وەرزی کە لە مانگی نیسانەوە زێدی خۆیان جێدەهێڵن، تا تەواوبوونی وەرزەکە لە شارە جیاوازەکان سەرقاڵی کارکردنن.

ئەو خانەوادانە لەناو ئەو چادرانەدا ژیان بەسەر دەبەن کە خۆیان دروستیان کردوون و لە دووری سەدان کیلەمەتر لە خانووەکانیان لە غەریبیدا کار دەکەن بۆ دەستخستنی بژێوی ژیانیان.

تەماتە کە لە مانگی تەمووزدا، دەست بە رنینەوەی دەکرێت، بەمەبەستی وشککردنەوەی بە تراکتۆر و بارهەڵگر دەبرێن بۆ شوێنی دیاریکراو.

کرێکاران لەگەڵ هەڵاتنی تیشکی خۆر لە چادرەکانیان دێنە دەرەوە و دەست بە کاردەکەن.

کرێکارەکان یەک بە یەک تەماتەکان لە ناوەڕاستدا دەکەن بە دوو بەشەوە، پاشان بۆ وشککردنەوە لە بەرهەتاو دایاندەنێن. پاشان بۆ نانی نیوەڕۆ دەگەڕێنەوە بۆ چادرەکانیان و دوای پشوویەکی کەم دووبارە دەست بەکار دەکەنەوە.

کرێکاران کە چەندین کاتژمێر لەژێر گەرمای پڕوکێنەردا کاردەکەن، هەریەکێکیان بەپێی خێرایی دەست لە رۆژێکدا تێکڕا ١٠٠ بۆ ١٥٠ پلاسکۆ تەماتە لەت دەکەن و بەگوێرەی پلاسکۆ پارە وەردەگرن لەبەرئەوە لەگەڵ کاتدا کێبڕکێ دەکەن بۆ لەتکردنی تەماتە.

ئەو کەسەی لە رۆژێکدا تێکڕا ١٥٠ پلاسکۆ تەماتە لەت بکات ئەوا ٣٧ هەزار و ٥٠٠ تەماتەی لەت کردووە.

ئافرەتان کە شان بەشانی پیاوان سەرقاڵی لەتکردنی تەماتەن، هاوکات کارەکانی وەک ئامادەکردنی خواردن، پاککردنەوە و منداڵ بەخێوکردن ئەنجام دەدەن، منداڵانی بچووکیش بە یاریکردنەوە کاتەکانیان بەسەر دەبەن.

کرێکاران کە ژیانیان لە کێڵگە و چادرەکاندا بەسەر دەبەن لە مانگی ئەیلوولدا روو دەکەنە چوکورئۆڤا بۆ کۆکردنەوەی پەموو.

هوسنا ئیلیک تەمەن ٥٧ ساڵ سەرەڕای ئەوەی تەمەنی کردووە، بەڵام لەگەڵ منداڵ و نەوەکانیدا کار دەکات لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە لە منداڵییەوە لەم کارەدایە.

هوسنا ئیلیک باسی لەوە کرد کە لە کۆی هەشت منداڵی تەنها سیانیان توانیویانە بخوێنن و گوتی:'' تەمەنم لە چادردا بەسەر برد. لە کۆکردنەوەی پەموو، چەوەندەر، پیاز، بوندوق و هەموو ئیشێکی تردا کارم کردووە، بەڵام ئیدی تەمەنم کردووە و هیلاک بووم. زۆر نەخۆشی درێژخایەنم هەیە کارەکەمان سەختە، بەڵام لە پێناو بژێوی ژیان دەیکەین. ماوەیەک پێش تەواوبوونی کار دەچمەوە بۆ چادرەکە و خوان ئامادە دەکەم، کاری تەماتە لە تەواوبووندایە، ئەگەر تەمەن باقی بێت ساڵی داهاتووش دێینەوە''.

ئیبراهیم ئیلیک تەمەن ٤٢ ساڵ کە لە هەمان کاتدا بە ''خاڵە گەورە'' ناودەبرێت و خاوەنی حەوت منداڵە، ئاماژەی بەوە کرد کە لە سەرەتای تەمووزەوە لە قەزای سیڤەرەک-ەوە دەرچوون.

ئیبراهیم ئیلیک باسی لەوە کرد کە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا، هاتوون بۆ تۆربالی بۆ کاری تەماتە لەت کردن و گوتی: ''هەموو رۆژێک کاتژمێر شەش دەستبەکار دەکەین. دوای ماوەیەک لە کارکردن پشوو وەردەگرین بۆ چا خواردنەوە. دواتر تا کاتی نوێژی نیوەڕۆ کاردەکەین. دوای نزیکەی دوو کاتژمێر پشوودان بۆ نانی نیوەڕۆ ئینجا تا بانگی ئێوارە کاردەکەین. کرێکارەکان بەگوێرەی پلاسکۆ پارە وەردەرن، هەیە رۆژانە ٧٠ پلاسکۆ تەماتە لەت دەکات هەشە ١٥٠. لەم کارەدا خێرایی و وریایی گرنگە. لەم نێوەندەدا هەندێک خوێ دەکەن بە تەماتەکاندا، بەپێی پلەکانی گەرما تەماتە لە شەش رۆژدا وشک دەبێت. ئەوانە کۆدەکەینەوە و رەوانەی کۆگایان دەکەین".

زەهرا ئیلیک کە خوێندکاری قۆناغی ئامادەییە، باس لەوە دەکات لە دوای تەواوبوونی قوتابخانە هاتوون بۆ ئیزمیر و گوتی: ''رۆژانە ١٢٠ پلاسکۆ تەماتە لەت دەکەم. لەم کارەدا خێرایی و وریایی زۆر گرنگە. دەستکێش بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی دەستمان نەبڕین''.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın