Hamdi Yıldız
06 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 06 ئاب 2020
بەیروت - AA
ئەو فڕۆکەیەی سوپای تورکیا کە پێداویستی و کارمەندی هاوکاری تورکیای گەیاندە لوبنان، لە بەیروت نیشتەوە.
لە راگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری فەڕمی تویتەری وەزارەتی بەرگریی تورکیادا بڵاوکراوەتەوە، هاتووە؛ ''ئەو فڕۆکەیەمان کە سەربە سوپای تورکیایە و لە ئەنقەرەوە دەستی بە فڕین کرد و هاوکاری پزیشکی، پێداویستی مرۆیی و تیمی گەڕان و رزگارکردنی هەڵگرتبوو، گەیشتە بەیروت-ی پایتەختی لوبنان کە تەقینەوەکە تێیدا روویدا''.
دوای تەقینەوەکەی بەیروت، تورکیا بە فەرمانی سەرکۆماری وڵاتەکەی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، پێداویستی پزیشکی و مرۆیی و تیمی گەڕان و رزگارکردنی رەوانەی ناوچەکە کرد.
ئەو پێداویستیانەی لە لایەن وەزارەتی تەندروستیی تورکیا، سەرۆکایەتی ئیدارەی کارەسات و دۆخی لەناکاو (ئافاد) و مانگی سووری تورکیەوە ئامادەکرابوون، لە فڕۆکەخانەی سەربازیی ئەتیمەسگوت خرانە فڕۆکەی بارهەڵگری جۆری A 400M.
وەزارەتی تەندروستیی تورکیا ٢١ کارمەندی تەندروستیی بەهاناوەچوونی بەپەلە، دوو یەکەی دەستوەردانی بەپەلە، سێ چادری مانەوەی کارمەندان، پێداویستی پزیشکی و دەرمان رەوانە کرد، هەروەها لە لایەن ئافادەوە ١٠ کارمەند، پێداویستی مرۆیی، ئۆتۆمبێلێکی رزگارکردن رەوانەکرا و مانگی سووری تورکیش سێ کارمەند، تیمی گەڕان و رزگارکردن، پێداویستی پزیشکی و مرۆیی رەوانە کرد.