Azad Mohammed Abdullah
16 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 17 کانوونی یەکەم 2017
هەولێر - AA
بە ئامادەبوونى چەندین کەسایەتى ئایینى، رێوڕەسمى بەخشینى ئیجازەى مەلایەتى بە ژمارەیەک فەقێ بەڕێوەچوو. لە رێوڕەسمەکەدا وێڕاى خوێندنەوەى سروودى ئایینى و نزا و پاڕانەوە مێزەریان خستە سەرى ئیجازە پێدراوان و جلی مەلایەتییان لەبەرکرا.
نوێنەرى مامۆستایانى قوتابخانە شەرعییەکانى محەمەدییە، لوقمان محەمەد عەلی جامعى کە رێکخەرى رێورەسمەکە بوو، بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو دوا و گوتى: "مزگەوتى حاجى محەمەد قەرۆک لە هەولێر پێشتر٥٠ فەقێى هەبوو، ئێستاش لە رێورەسمێکدا ئیجازەى مەلایەتیمان بەخشییە ١٢ فەقێ و لە خولەکانى داهاتوو چەندین فەقێى دیکە ئیجازەى مەلایەتییان پێ دەدرێت".
گوتیشى: "پێگەیاندن و تێگەیاندنى ئەو فەقێیانەى کە لە قوتابخانە شەرعییەکانى محەمەدییە پێدەگەیەندرێن لە شەش قۆناغ پێکدێن ئەوانیش لەسەر ئەو بنەمایانەن کە هەموو زانستە شەرعییەکان بخوێنن. لە هەر قۆناغێکدا چەند زانستێک فێردەکرێن لە کۆتاییدا کەسایەتى ئایینى سەرکەوتوو دەردەچن".
جامعى ئاماژەى بەوەشدا کە ئەو فەقێیانەى ئەمڕۆ رێوڕەسمى ئیجازەى مەلایەتییان پێبەخشرا کەسانى خاوەن بڕوانامەى بەرزى وەک ماستەر و دکتۆران. لەبەرئەوەى مامۆستایانى ئایینى میراتگرى پێغەمبەرن، بۆیە ئامانجمان ئەوەیە ئەگەر مامۆستاى ئایینى نەمێنێن، ژمارەیەک مامۆستاى ئایینى دیکە جێگرەوەى ئەوان بن و لە مینبەرەکانیان بانگى خەڵک بکەن بۆ دینى خواى پەروەردگار، هەروەک چۆن زانستى پێغەمبەرى ئیسلام نەوە بۆ نەوەى دەگوازێتەوە، ئێمەیش دەمانەوێت چینێک پێبگەێنین لە ئێمەوە بۆ نەوەکانى دواى پەیامى ئایینى ئیسلام خۆیان بگوازنەوە".
یەکێک لەو فەقێیانەى ئیجازەى مەلایەتى پێبەخشرا بەناوى محەمەد مستەفا بۆ ئاژانسى ئاناۆڵو خۆشحاڵى خۆى دەربڕى و گوتى: "هەستم وەکو هەستى هەموو مامۆستاییەکى دڵسۆزى ئایینى ئیسلامە لە رۆژێکى وەکو ئەمڕۆ پیرۆز کە ئیجازەى مەلایەتییمان پێبەخشرا کە لەمەوداو بۆمان هەیە پێشنوێژ و وتارخوێن بین لە مزگەوتدا و دەتوانین خزمەتى ئایین و گەلمان بکەین".
گوتیشى: "دواى چەندین ساڵى خوێندنى قوتابخانە و پەیمانگە و کۆلێژ و هەروەها خوێندنى فەقێیەتى، سوپاس بۆخوا بووینە خاوەنى ئیجازەى مەلایەتى و مێزەرى سپیمان لەسەرنا، نزاکارین خوا لە هەموولایەکمان خۆشبێت و کارەکانمان بخاتە خزمەت ئیسلام".