Hatice Yetmen
19 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 23 حوزەیران 2023
ماڵاتیا - AA
شوکرو کورت (٨١ ساڵ) کە لە گوندی کوچوککورنە لە قەزای ئاکچاداغی سەربە پارێزگای ماڵاتیا دەژی، ساڵانێکی زۆرە لە ئەشکەوتێکدا دەژی کە دەڕوانێت بەسەر دۆڵی لەڤەنتدا کە ناوچەیەکی بەردەڵانە.
کورت کە یەکێکە لە دانیشتوانی گوندی کوچوککورنە کە دەوری پڕیەتی لەو ئەشکەوتانەی پاشامەوەی سەردەمانی بەردینی نوێ لە دۆڵی لەڤەنت کە لە نێو ناوچە گەشتیارییەکانی ناوچەکەدایە، بەهۆی شێوازی جیای ژیانیەوە بووەتە جێی سەرنج.
شوکرو کورتی ٨١ ساڵ، کە ئەشکەوتێکی ناوچەکەی کردووەتە خانوو بۆ خۆی، ١٨ منداڵی گەورە کردووە کە لەو ئەشکەوتەدا هاتوونەتە دونیاوە، لە دوای بوومەلەرزەکانی قەهرەمانمەڕەش چووەتە لای کوڕەکەی لە ئەنقەرە و پاشان دووبارە گەڕاوەتەوە خانووەکەی و شێوازی ژیانی بووەتە جێی سەرنجی فۆتۆگرافەران و ئەو گەشتیارانەی سەردانی ناوچەکە دەکەن.
لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، کورت باسی لەوە کرد کە باوباپیرانیان ئەم ناوچەیان وەک کوێستان بەکارهێناوە و ئەشکەوتەکانیشیان بۆ شاردنەوەی بەرهەمەکانی وەک شیر و پەنیر بەکارهێناوە.
کورت باسی لەوە کرد کە پاش کۆچی دوایی باوکی ناوچەکە بۆ خۆیان ماوەتەوە و گوتی: "لەبەرئەوەی لەم ئەشکەوتەدا دڵخۆشم لێرە نیشتەجێبووم".
هاوکات کورت باسی لەوە کرد کە تا ئێستا چوار جار ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە و یەکەم ژنی بەهۆی کەوتنەخوارەوەی لە بەردەڵانەکان گیانی لەدەستداوە و گوتی: ''ماوەیەک موختاری گوند بووم. بە دووربین تەماشای ناوچەکەم دەکرد و چاودێریم دەکرد. لەو کاتەی موختاری گوندەکە بووم رێگەم دەدا خەڵکی گوند ئەم ئەشکەوتانە بەکاربهێنن. من لێرە دڵخۆشم''.
گوتیشی: ''لە کۆی ئەو چوار هاوسەرگیرییەم تێکڕا ٢٠ منداڵمان بووە، دووانیان بەهۆی نەخۆشیەوە گیانیان لەدەستدا، ئێستا نۆ کوڕ و نۆ کچم هەیە. هەندێکیان لە ئیستانبوڵ و کوڕێکیشیم لە مانیسیایە. لە ماڵاتیا منداڵم هەیە. لەگەڵ کیرازی هاوسەرم لە دوای بوومەلەرزەکان لێرە رۆیشتین و پاشان گەڕاینەوە. هەموو منداڵەکانم لەم ئەشکەوتەدا پێگەیشتن و گەورە بوون''.
شوکرو کورت باسی لەوەیش کرد کە هەندێک جار سەردانی منداڵەکانی دەکات و گوتی: ''کاتێک ئێرە جێدەهێڵم زۆر نیگەران دەبم. نامەوێت لێی جیاببمەوە. هەندێک جار هاوسەرەکەم نایەوێت بێت لەگەڵم، بەڵام من بەبێ ئێرە ناژیم''.
19.06.2023 لە ماڵاتیا پیاوێکی بەتەمەن لە نێو ئەشکەوتێکی ناوچەکەدا ژیان بەسەر دەبات
شوکرو کورت (٨١ ساڵ) کە لە گوندی کوچوککورنە لە قەزای ئاکچاداغی سەربە پارێزگای ماڵاتیا دەژی، ساڵانێکی زۆرە لە ئەشکەوتێکدا دەژی کە دەڕوانێت بەسەر دۆڵی لەڤەنتدا کە ناوچەیەکی بەردەڵانە.