Rewa Mahmut Hasan
11 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 12 تەمووز 2016
ماڵاتیا
دوای بڕیاری پێدانی مافی هاووڵاتیبوون بە ئاوارە سوورییەکانی نیشتەجێی تورکیا، ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە لە کاردانەوەیاندا بەرامبەر بە بڕیارەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی بڕیارکەوە نانی هاووڵاتییانی تورک دەبڕدرێت و کار و پیشەیان بەکەمی دەست دەکەوێت.
ئەم لێدوانانەی ئۆپۆزسیۆنیش بووەتە مایەی نیگەرانی بەرپرسان و رایدەگەیەنن کە ئۆپۆزسیۆن تەنیا کاری ناشرینکردنی وێنای دەسەڵاتە و لە هەوڵی لەکەدارکردنی هەوڵەکانی دایە.
لەوبارەیەوە وەزیری گومرگ و بازرگانی تورکیا بولەنت توفەنکی رایگەیاند ئەوان هەوڵ دەدەن لە رێی ئەو بڕیارەوە هێزی کار و ئابووری خۆیان بەهێزتر بکەن. توفەنکچی باس لەوە دەکات کە سوورییەکان بۆ ماوەیەکی زۆرە لە تورکیا نیشتەجێن و میوانداری کراون و رەخنەی توندیشی لە هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆن گرت لەو بارەیەوە.
توفەنکچی باس لەوە دەکات کە پاش لێکۆڵینەوەی ورد و لەو ئاوارە سووریانە ئەگەر هیچ تاوانێکی ئەنجام نەدابێت و شانازیی بکات بە وەرگرتنی ئەو مافەوە، ئەوە دەکرێتە هاووڵاتی تورکیا.
ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە پێدانی مافی هاووڵاتی بەو سووریانە هیچ بارگرانییەک بۆ تورکیا دروست ناکات.