Rewa Mahmood Hasan
20 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 21 مای,س 2021
سلێمانی - AA
لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا، نزیکەی ١٢٠ هەزار گەشتیار روویان لە شاری سلێمانی کردووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دەست پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە، لە ماوەی هەشت رۆژدا (١١ تا ١٨ی ئایار)، نزیکەی ١٢٠ هەزار گەشتیار روویان کردۆتە پارێزگای سلێمانی.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی، داسیار محەمەد لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا کە لە ١١ تا ١٨ی ئایار ئاماری هاتنی گەشتیاران وەرگیراوە و بەبۆنەی جەژنی رەمەزان، ١٢٠ هەزار گەشتیار سەردانی سلێمانی-یان کردووە لەو ژمارەیە زیاتر لەسەدا ٩٠یان لە شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقەوە گەشتەکانیان ئەنجامداوە.
ئەمە لەکاتێکدایە گەشتیاران لەڕێگەی بازگە، خاڵی سنووریی و فڕۆکەخانەوە گەشتەکانیان بۆ سلێمانی و قەزاکانی دەورووبەری ئەنجامداوە، هەروەک لە تەواوی ئەو دەروازانەدا مەرجەکانی خۆپارێزیی بە تایبەت پشکنینی کۆرۆنایان بۆ جێبەجێکراوە.